»  وتاری هەفتە
خورمیش خۆرەكان!
بورهان حاجی سلێمان




دوای بێنەو بەردەیەكی زۆرو باسكردن لە چەندین كاندیدی فەرمی و نافەرمی دواجار یەكێتی توانی بە یاریكەرێكی دەرەكی پرسەكە یەكلایی بكاتەوەو دكتۆر بەرهەم ساڵحی سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی تازە ماڵی هێنایەوە ریزەكانی و وەكو تاكە كاندیدی فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەستنیشانیكرد، پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی مەحمود محەمەد وتەبێژە فەرمیەكەیەوە رایگەیاند “ ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنین كە پۆستی سەرۆكی كۆمار ئیستحقاقی گەلی كوردستانە و نابێ هیچ لایەنێك تەنیا بە موڵكی خۆی بزانێت، بۆیە پارتیمان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدی خۆی دەبێت".
بە دەر لە پرسی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و كە من پێوابوو، یەكێتی لە رێگەی سەوداكردن بەو پۆستەوە، یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك و كاراكردنەوەی ئەنجومەنەكەی و راستكردنەوەی باڵانسی رۆڵ و هەژمون و دەسەڵاتە حیزبییەكان لە جومگە هەستیارەكانی حكومەتی هەرێمی، بكرادیە مەرجی پێدانی ئەو پۆستە بە پارتی، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم سیاسەتە بانێك و دوو هەوایەی پارتی شایەنی ئەوەیە بەر لە هەموو كەس نوخبەی رۆشنبیری ناو حیزبەكە بیوروژێنن، چونكە ناكرێت بۆ شەقامی خۆت وا پێشان بدەی كە حیزبێكی سەرمەشقی سەربەخۆییت و بەچاوی دەوڵەتێكی دیكە تەماشای عێراق بكەیت، لە بەرانبەردا بۆ هەموو سەرۆكایەتییەكانی ئەو دەوڵەتە كاندیدی خۆت هەبێت و شەڕی پۆستەكانی بكەی.. ئەم سیاسەتە رێك وەكو پرسی خوریمش خوارندنەكەیە، چونكە بەوەی یەكەمیان درێژە بە راكێشانی سۆزی خەڵكی دەدات و بەوەی دووەمیان دەستكەوتە حیزبی و بەرژوەندییە ماددییەكانی خۆی لە بەغدای پایتەختی داگیركەر دەپارێزێت، تا دەمارگیری حیزبیش بەسەر بیركردنەوەی تاكی كوردیدا زاڵبێت ئەوە پارتی بۆ خۆی خورماو كشمیشەكە حەپەلوش دەكات!
هەر سەبارەت بە پرسی دكتۆر بەرهەم، ئەو پرسەی كەس نەما لەم وڵاتە بەڕەیەكی تیا فڕێنەداتە مزگەوتەوە، زۆربەی هاودیدان لەگەڵ كاندیدكردنی دكتۆرن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام دژی گەڕانەوەین بۆ ناو ریزەكانی یەكێتی، واتا دەیانەوێت كاندیدی هاوپەیمانی بێت لەسەر پشكی یەكێتی، هەر بۆیە بە شەمەندۆفێرێكی سەد فارگۆنیەوە چوو، بەڵام بە میكرۆپاسێكی بچوكەوە هاتەوە... ئەمانیش خورمیشیان دەوێت!
ئەم سیاسەتی خورمیش خواردنە رەگ و مێژوویەكی دێرینی لە كایەی سیاسی كوردا هەیە، هەمیشە خورماو كشمیشەكەش بۆ دەستەبژێرێكی حیزبی دیاریكراو بووە، پارەكەشی لە گیرفانی گەل دەرچووەو نیشتمان باجەكەی داوەتەوە، بۆیە تا كورد كار بە سیاسەتی خورمیش بكات، دەبێت كوردستان چاوەڕێی بەرماوەی سفرەی عێراق بێت. 










‌ 1242 جار بینراوه‌
9/21/2018 11:27:08 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved