»  راپۆرت
كەمی رێژەی سەوزایی هەڕەشە لە ژینگەی كەركوك دەكات



ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا: كۆمپانیای نەوتی باكور هاوكاری سەوزكردنی شارەكە ناكات

بەڕای لایەنە پەیوەندیدارەكان رێژەی سەوزایی لە شاری كەركوك زۆر كەمترە لە ستانداری جیهانی، ئەوەش نیگەرانی خەمخۆرانی بواری ژینگەی لێكەوتووەتەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاش كۆمپانیای نەوتی باكور لە خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتییەكانی بەرانبەر بە ژینگەی شارەكە تۆمار دەكات، دەڵێت ئەو كۆمپانیایە هاوكاری سەوزكردنی شارەكە ناكات

خالد ئەحمەد كەریم بەڕێوەبەری ژینگەی كەركوك لە بارەی رێژەی سەوزایی لە كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” لە ئێستادا رێژەی سەوزاییمان لە شاری كەركوك زۆر كەمەو لە ئاستی پێویستدا نییە”.
بەڕێوەبەری ژینگەی كەركوك لە بارەی رێژەكەش لە ئێستادا وتی:” بەپێی داتایەك كە كۆمپانیای گڵۆباڵ، كە هێشتا تەواو نەبووە، پارێزگا لەگەڵ ماستەرپلان ئەو پرۆژەیە جێبەجێ دەكەن، بەپێی  دەرەنجامی  سەرەتایی رێژەی سەوزایی لە كەركوك (1%)ـە، لەكاتێكدا ستانداری جیهانی بۆ رێژەی سەوزایی پێویستە بەلانی كەم  (10%) كەمتر نەبێت”.
سەبارەت بە رێگەچارەكانی زیادكردنی رێژەی سەوزاییش لە شارەكە، خالد ئەحمەد كەریم ئاماژەی بەوەكرد:” دەبێ رێژەی سەوزایی زۆر بكەینەوە، زۆركردنی رێژەی سەوزاییش چەند رێگەیەكی هەیە لەوانە، دابینكردنی پارە، دواتر دابینكردنی زەوی و ئاو، هەروەها هەڵبژاردنی جۆری ئەو دارەی كە لەگەڵ كەشوهەوای كەركوك دەگونجێت، بۆ ئەوەی ئەو دارە بەرگە بگرێت و لەناو نەچێت”. 
بەڕێوەبەری ژینگەی كەركوك، وتیشی پێویستە ئەو دارو نەمامانەی كە دەچێنرێن، فەرامۆش نەكرێن و گرنكییان پێبدرێت تا لەخەم دەردەچن”.
باسی لەوەشكرد:” پێویستە هاوڵاتیانیش هاوكار بن لە پاراستنی ژینگەی شارەكەو رۆشنبیری ژینگەییان هەبێت بۆ ئەوەی بە هەموان رۆڵمان هەبێ لە پاك راگرتنی ژینگەو گەورەكردنی نەمام و دارەكان”.
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاش رایدەگەیەنێت:” لە ئێستادا كۆمپانیای نەوتی باكور هیچ هاوكارییەكی سەوزكردنی شارەكە ناكات”.
سەبارەت بە هاوكاریكردنی ژینگەی كەركوك لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكورەوە كە رۆژانە لە رێگای دووكەڵەكەیەوە ژینكەی شارەكە پیس دەكات، ئەحمەد عەسكەری ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بۆ (هەواڵ) وتی:” پێشتر كۆمپانیای نەوتی باكور، هەندێ هاوكاری سەوزكردنی شاری دەكرد، بەڵام لە شەڕی دژ بە داعشەوە تائێستا  هیچ شتێكی بۆ سەوزكردنی شارەكە نەكردووە”.
بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ، بەپیی یاسا دەبێ كۆمپانیای نەوتی باكور، رێژەیەك پارە تەرخان بكات بۆ ئەو پارێزگایە بۆ خزمەتگوزاری باخچەكان و رێگەوبان و بیداتە شارەوانی یاخود خۆی وەك پرۆژە جێبەجێی بكات، بەڵام لەشەڕی داعشەوە هیچ شتێكیان نەكردووە”.
ئەحمەد عەسكەری ئاشكراشیكرد:” ئەگەر داوا لە كۆمپانیای نەوتی باكور بكەیت بۆ تەرخانكردنی پارە بۆ سەوزكردنی شارو پاكوخاوێنی ژینگە ، دەڵێن : ”وەزارەت پارەمان ناداتێ، چونكە قەیرانەو جۆرەها بیانوو دێننەوە”. 
 لای خۆشییەوە شكۆفە ساڵەیی، ئەندامی دەستەی باڵای كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز لە بارەی رێژەی سەوزایی لە پارێزگای كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” لەسەرەتای پرۆسەی ئازادی و بەپێی رێژەی ئەو باخ و دارستانانەی كە لە سنوری پارێزگای كەركوك هەبوون، رێژەی سەوزایی (1%) بوو، بەڵام دواترو بەهەوڵ و كۆششی ئێمە وەك كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوزو چەند رێكخراوێكی تری ژینگەیی  و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانی و كشتوكاڵ، كە هەموومان لە هەوڵی زیادكردنی رێژەی سەوزایی بووین، بە خەمڵاندنی ئێمە رێژەكە بۆ نزیكەی (2%) بەرز ببوەوە”.
شكۆفە ساڵەیی ئاشكراشیكرد:” مانگێك بەر لە ئێستا سیمینارێكم لەسەر پانتایی سەوزایی لە شاری كەركوك كردو لەوێدا پرسیارم لە بەڕێوەبەری ژینگەی كەركوك كرد، ئەویش پێی راگەیاندین كە رێكخراوێكی ئەمریكی كار لەسەر چەند لایەنێكی كەركوك دەكەن و لایەنێكی بواری ژینگەیە، بەپێی دوا ئاماری ئەو رێكخراوە ئەمریكییە رێژەی سەوزایی لە كەركوك بریتییە لە (0،9%) “.
شكۆفە وتیشی:” دارستانی شەناغە لە قەزای دوبز خاوەن نەمام و دارێكی زۆر بوو، كە تەمەنی هەندێك لە دارەكان نزیكەی پەنجا ساڵ دەبوو، بۆ پاراستنی ئاسكەكانیش شوێنێك هەبوو، بەهۆكاری ئەوەی هەندێك خەڵك لە رێگەی چەوو لم دەركردنەوە لە زێییەكە بووە مایەی ئەوەی بووە زەرەرەو زیان بۆ دارستانەكە، هەروەها دارستانی حەویجەش بە هۆی شەڕی داعشەوە هەموو سوتاون”.
باسی لەوەشكرد:” بەپێی ئەو داتایەی بڵاوكراوەتەوە، كەواتە ئێمە لە جیاتی ئەوەی لە رووی ژینگەییەوە بەرەو پێش بچین، بەداخەوە بەرەو دواوە چووین”.
ئەوچالاكەی بواری ژینگە ئاماژەی بەوەشكرد:” لەبەر ئەوەی كەركوك دەكەوێتە ناوچەی گەرمەسێرەوە، ئەگەر پانتایی سەوزایی باش نەكەین، رووبەڕووی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەبینەوە، چونكە لە كەركوك كێڵگەی نەوەتیمان هەیە، ئەمانەش هەموو دەبنە هۆكاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرما”.لەبارەی رێگەچارەكان بۆ زیاتر سەوزكردنی شارەكە، شكۆفە ساڵەیی وتی:”  دەبێ نەماممان زۆر بێت، ئەگەر نەمام زۆر نەبوو، هاوڵاتیان تووشی كۆمەڵێك نەخۆشی دەبن، وەك رەبۆو شێرپەنجەی پێست و رووبەڕووی خۆڵبارینێكی زۆر دەبینەوە لە ساڵانی ئایندە دیاردەی بەبیابان بوون روومان تێدەكات و ئاوی ژێر زەویش كەم دەبێتەوەو و ماروو مێروش زیاد دەكات”.


‌ 107 جار بینراوه‌
9/21/2018 11:36:03 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved