»  راپۆرت
لایەنە سیاسییەكان كۆكن لەسەر دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی راستەقینەی كەركوكیانە
ئا / هەواڵ



حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانیەكانی كەركوك بۆ پارستنی یەكریزی ماڵی كورد لە كەركوك كۆكن لەسەر دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی راستەقینەی كەركوكیانە، هاوكات داوای گەڕانەوەی  متمانەش لە نێوانیان دەكەن بۆ ئەوەی بە ئەجێندایەكی یەكگرتووەوە كەناڵی دیالۆگ لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەش بكەنەوە.

یەكێتی : ناتەبایی و نایەكڕیزی كورد كەركوكی بەم دۆخەی ئێستا گەیاند
مەڵبەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كەركوك، داوای یەكڕیزی و دەستپێكردنی دیالۆگێكی راستەقینەی كەركوكیانە لەسەرجەم لایەنەكان دەكات، هاوكات نایشارێتەوە:” ناتەبایی و نایەكڕیزی كورد كەركوكی بەم دۆخەی ئێستا گەیاند”.
یاسین عزەدین، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی (ی.ن.ك) لە كەركوك، بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” كەركوك پێویستی دیالۆكێكی راستەقینەیە كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتییەكی كەركوك بێت بە بێجیاوازی رەگەزو ئاین، واتە كەركوك بۆ كەركوكییەكان بێت، نەهێڵدرێت دیموگرافیای شارەكە بگۆڕدرێت و تەعریبیش نەكرێت و هەلی كاركردنیش تەنها بۆ خەڵكی شارەكە بێت و ئاستی وشیاری و پێكەوەژیانیش بەرزبكرێتەوە”.
یاسین عزەدین وتیشی:” دەبێ خەڵكی ئەمشارە بڕوای تەواویان بە پێكەوەژیان هەبێت و یەكتریش قبوڵ بكەن، پێویستە هەموو لایەنەكان بەو جۆرە كاربكەن، كورد لەبەر ئەوەی زۆرینەیەو خۆی بە برا گەورە دەزانێ، دەبێ رۆڵی هەبێت لەو بابەتەو حزب و لایەنە كوردستانییەكانیش لە شارەكە دەبێ رۆڵی باشیان هەبێ و خۆیان بە دوور بگرن لە بیرۆكەی دەمارگیری و بڕوای تەواویان بەوە هەبێت تاكە رێگا لەمشارە پێكەوەژیانە”.
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی، نەشیشاردەوە:” ناتەبایی و نایەكڕیزی كورد كەركوكی بەم دۆخەی ئێستا گەیاند، بەتایبەتی برادەرانی پارتی رۆڵێكی زۆر خراپ دەگێڕن و تائێستا ئامادەنین یەكڕیزی كورد لە كەركوك بپارێزن و ئامادەش نین بگەڕێنەوە شارەكەو كەركوك بهێننەوە سەر رێچكەی پێشووی و بەرنامەیەك دابنێن بۆ شارەكە”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” ئەگەر بێتو كورد ماڵی پەرتەوازە بێت ئەوسا عەرەب و توركمانیش ئامادەی هیچ شتێك نابن لەگەڵ كورد كە بەو بێهێزی و پەرتەوازەییە دەیبینن، ئەگەر نێوماڵی كوردیش رێكنەخرێتەوە هەر بەرنامەو ئەجێندایەكت هەبێ ناتوانی بە تەنها جێبەجێ بكەیت”.
لەبارەی دروشمی یەكڕیزی و تەبایی كورد لە كەركوك، جێگری لێپرسراوی مەڵبەند دەڵێت:” نەخێر لە ئەرزی واقعدا هیچ شتێكی لەو جۆرە نییە، ئەوەتا ئێمە وەك یەكێتی كە براوەی یەكەمی شارەكەین دەست بۆ هەموو لایەنە كوردییەكان درێژ دەكەین، چونكە ئەمشارە بە تەنها بە یەكێتی بەڕێوەناچێت، دەبێ هەموو لایەنەكانی تریش هەر یەكەو بە پێی قەبارەی خۆیان بەشدار بن، بەڵام بەداخەوە ئەگەر ناوماڵی كورد پەرتەوازە بێت، ئەمە پێویستی بە دیالۆگێكی نیشتیمانی هەیە بۆ ئەوەی كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بێت لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان”.
باسی لەوەشكرد:” حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بێخەمانە دەڕوانێتە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان و تەنها بیر لە بەرژەوەندی دەسەڵات دەكاتەوە، ئەمەش وایكردووە كورد لە كەركوك لاوازبێت و ئەو رێزو هەیبەتەی جارانی نەمێنێت، هەم لە بەغداش هیچ پێگەیەكی نەماوە تا بتوانێت لەوێوە گوشار بخاتەسەر بەغدا”.
یاسین عزەدین چەند هەنگاوێك بەچارەسەر دەزانێت بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردی لەم ناوچانەو دەڵێت:” پێویستە كورد لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ئەجێندایەكی نیشتیمانی هەبێت و دوور بكەوێتەوە لە ئەجێندای حزبی و ئەو ئەجێندا نیشتیمانییەش بەرژەوەندییەكانی عەرەب و توركمان و مەسیحی تێدابێت، چونكە پێش ساڵی 2014 بە یەكێتی و پارتییەوە لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ئیدارەیەكی سەركەوتوومان پێشكەش نەكردو نەمانتوانی سۆزی نەتەوەكانی تر بەلای خۆماندا رابكێشین، ئێستاش پێویستە چاوێك بە سیاسەتە هەڵەكانی خۆماندا بخشێنینەوە و سیاسەتێك پیادە بكەین كە لەگەڵ هەلومەرجی ئێستادا بگونجێت”.
لەبارەی دوایین كۆبونەوەی حزبە كوردستانییەكان لە قەرەهەنجیر، یاسین عەزەدین پێیوابوو، ئەو كۆبوونەوەیە تەنها لەپێناو كۆبوونەوەو راگەیاندن بووە، ئەگینا هیچ هەنگاوێكی جدی تێدا نەبوو، “.
ئاشكراشیكرد:” ئەگەر مەبەست لە چارەسەركردنی دۆخی كەركوكە دەتوانرێ لە كەركوك كۆبوونەوە بكرێت و بڕیار لەسەر دانانی پارێزگارێكی كورد بدرێت، چونكە دانانی پارێزگار پەیوەندی بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە نییەو سەرۆك كۆمار توانای موسادەقەكردنی هەیە، بەدانانی پارێزگاریش ئەوكات زۆر شت ئاسایی دەبێتەوەو پارێزگار دەتوانێ بارەگا داگیركراوەكان وەربگرێتەوەو هەر ئەویش دەتوانێ بە هێزە عێراقییەكان بڵێت، پێویستمان پێتان نییەو بڕۆن سنورەكان بپارێزن، كەركوك شوێنی شەڕ نییە”.

گۆڕان: لایەنە سیاسییە كوردییەكان پێویستیان بە گفتوگۆ هەیە، بەڵام تەنها گفتوگۆ بۆ گفتوگۆ نەبێت
بزتنەوەی گۆڕانیش لە كەركوك، داوادەكات كە گفتوگۆكان تەنها لە پێناو گفتوگۆكردن نەبێت، بەڵكو پێویستە متمانە بگەڕێتەوە لەنێو لایەنە سیاسییەكان.
حەكیم عوبێد، لێپرسراوی مەكۆی بزتنەوەی گۆڕان لە كەركوك بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:” لایەنە سیاسییە كوردییەكان پێویستیان بە گفتوگۆو دیالۆك هەیە، لە هەموو ئاستەكان، بەڵام گفتوگۆكان لەسەر چ بنەمایەك بێت، گفتوگۆ بۆ گفتوگۆ نەبێت، دەبێ بەرنامەیەك هەبێت بۆ ئەمە، دەبێ متمانە لەنێو لایەنە سیاسییەكان بگەڕێتەوە”.
لێپرسراوی مەكۆی گۆڕان لە كەركوك وتیشی:” ئەو مامەڵانەی پێشوەخت كە لەلایەن یەكێتی و پارتییەوە كراوە ناكرێت وەكو پێش شانزەی ئۆكتۆبەر كار بكرێت لەمشارە، ناكرێت هەموو بڕیارەكان بۆ خۆت بێت و خۆت بڕیاری لێوە بدەیت و حزبە كوردستانییەكانیش كۆبكەیتەوە لە پێش تەلەفزیۆن و بڵێی كورد یەكگرتووە، بەمشێوەیە بەراستی یەكگرتوویی نابێت”.
حەكیم عوبێد ئاماژەی بەوەشكرد:” لە كەركوك ئەركی سەر شانی هەموو حزبەكانە پارتیش بتوانێ لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییە كوردییەكان بكەوێتە گفتوگۆیەكی بۆچارەسەركردنی هەموو كێشەكان، ئەوەی پەیوەندی بە یەكێتییەوە هەیە، بڕیاری تاكڕەوانە نەدات، بەتایبەتی بۆی دەركەوت كە پارتی لە كەركوك هیچ هەنگاوێك نانێت، ئەوەتا تائێستا كێ هۆكاری دانەنانی پارێزگای كەركوكە، بۆیە من پێموایە گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەكان شتێكی باشە، بەڵام دەبێ گفتوگۆكان بۆچارەسەركردنی كێشەكان بن”.
لەبارەی كۆبونەوەی قەرەهەنجیری نێوان حزبە كوردستانییەكان، حەكیم عوبێد وتی:”  ئێمە بۆ خۆمان بەراستی بڕیارماندابوو لەو كۆبوونەوەیە بەشداری نەكەین، بابەتەكەش ئەوە بوو كە لە دەرەوەی كەركوكە، هەر دوای شانزەی ئۆكتۆبەر كۆبوونەوەیەكمان لە قەرەهەنجیر كرد، پارتی تێدا نەبوو، ئەو كۆبوونەوەیە كۆمەڵێك رەخنەی هاتە سەر، راستە قەرەهەنجیر كەركوكە، پێویستە  لایەنە سیاسییەكان كۆدەنگییەك دروست بكەن بۆ بابەتی ئەو دۆخەی لەناو كەركوكدا دەگوزەرێت “.
حەكیم عوبێد، ئاشكراشیكرد:” یەكێتی و پارتی داوای لە حكومەتی عێراق دەكەن بۆ چارەسەركردنی كۆمەڵێك كێشەو دانانی پارێزگاری كەركوك ، پارتی ناگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا، پارتی بۆ مەخموردەچێت و گفتوگۆ لەگەڵ هەموو پێكهاتەكان عێراق دەكات بۆ كەركوك بەڵام بۆ كەركوك نایەتەوە،  ئەمە پرسیار هەڵدەگرێت، بۆیە بەشێك لەچارەسەركردنی كێشەكان لای ئەو دوولایەنە سیاسییەیە، یەكێتیش دەبێ لەسەر ئەم خاڵە مەوقیفی روون و  ئاشكرای هەبێت لەگەڵ پارتییدا ، نابێ كەركوك بەمشێوازە بەردەوام”. 

كۆمەڵ: دەبێت گفتوگۆیەكی جدی بكرێت بۆ ئەوەی هەموومان هاوهەوڵوێست بین
هەرچی كۆمەڵی ئیسلامەیە لە كەركوك داوا دەكات هەموو لایەنە كوردیەكان پێكەوە پرۆژەیەك گەڵاڵە بكەن و لەگەڵ پێكهتەكانی تر قسەی لەبارەوە بكەن ئەوەش بۆ خزمەتی كەركوكیەكان.
رێباز سابیر، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی  كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” ئەو پێشهاتانەی كە هاتنە پێش بۆ كەركوك، هەمومانی گەیاندە ئەو بڕوایەی كە ئەگەر خۆمان بۆ خۆمان نەبین هیچ كەسێك بۆ ئێمە نابێت، كورد لە هەموو پارچەكانی تری كوردستاندا هەر بێكەس بووە، ئەوە خۆمانین دەبێ بەزەییمان بە خۆماندا بێتەوەو نێو ماڵی خۆمان رێكخەینەوە، ئەگینا نەیاران هەموو كات سود لە دووبەرەكی و دابەشبوونمان دەبینن”.
رێباز سابیر ئاماژە بەوەشدەكات:” بۆیە هەمومان ئەو رایەمان پێ پەسەندە كە گفتوگۆیەكی جدی بكرێت بۆ ئەوەی هەموومان هاوهەوڵوێست بین، پێش ئەمە لە كۆبوونەوەكەی قەرەهەنجیریش ئاماژەم پێكرد، پێویستە متمانە بگێڕدرێتەوە بۆ لایەنە سیاسییەكان، هەرچەندە كاتی خۆی نەیانهێشت ئێمە لە لیستی برایەتی بەشداربین، بەڵام ئێمەیان دەركرد بە حوكمی ئەوەی كە ئەو كات مامۆستا عەلی باپیر دەستگیركرابوو لای ئەمریكییەكان، ئەو متمانەیە لەوێدا دروست نەبوو، بە حوكمی ئەوەی كە پاش ئەوەی كە لیستی برایەتی دروست بوو، ئەوەی كە دەنگی هێناو ئەوەشی كە دەنگی نەهێنا هیچ حیسابێكی بۆ نەكرا، بەڵكو هەموو دەسەڵاتەكان و ئەو پۆستانەی كە بەر لیستی برایەتی كەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتی دابەشكران، حزبەكانی تریش هیچیان بۆ بەدی نەهات”.
لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی كۆمەڵی ئیسلامی باس لەوەشدەكات:”پێویستە متمانە بگێردڕێتەوە بۆ نێو لایەنە سیاسییەكانی و میساقێكی شەرەف واژوو بكرێت، هەمووجار وتوومە كە حزبێك ئەگەر پەنجا دەنگیشی هەبوو، ئەگەر بەڕێوەبەری خوێندنگەیەكیش دەكات بیدەرێ، با لە رێگای  ئەو بەڕێوەبەرەوە خزمەت بكات و جێگەی دەستی دیار بێت، ئەگەر تۆ هەمووی بۆخۆت بەری و تەنها لە كاتی تەنگانەدا داوای برایەتی بكەیت، لەكاتی شێنەییشدا بكەویتە چنینەوەی دەستكەوتی حزبی ئەوە كارێكی باش نابێت”.
رێباز سابیر دەشڵێت:” پێش هەموو  شتێك پێویستە متمانە بۆ نێو لایەنەكان بگەڕێتەوە، لەسەر بنەمایەك كە هەمومان خۆمان بە خەمخۆری ئەم قەزیەیە بزانین، بەڵام ناكرێت سود مەند بوون بۆ دوولایەن بێت و ئەوەی تریش پەراوێز بخرێت”.
لەبارەی ئومێد بە دیالۆكێكی راستەقینەی نێو حزبە كوردستانییەكانش وتی:” ئومێدە دەكەین، بەڵام ئومێدەكە تەنها ئومێدە لەبەر ئەوەی ئەوەی كە گرفتە هەردوو حزبی دەسەڵاتە، پێویستەئەم دوو حزبە دان بە هەڵەی خۆیاند بنێن لە رابردوودا، كە چییان كردووەو چۆن حزبەكانی تریان بێبەش كردووە، پێویستە هەموممان پێكەوە پرۆژەیەك گەڵاڵە بكەین و لەگەڵ پێكهتەكانی تر قسە بكەین، هەردوو حزبی دەسەڵات بێنە پێشەوەو بەرژەوەندییە حزبییەكانیان نەخەنە پێش بەرژەوەندی گشتییەوە بەڵێ ئەو كات جێی ئومێدەو زۆر باشیش شوێنی خۆی دەگرێت”. 
رونیشیكردەوە:” ئەوە یەكێتی و پارتین  رێكناكەون، پۆستی حزبی دێننە پێشەوە، ئێستا لێرەو لەوێ دەیبیستم لەسەر پۆستی پارێزگار خەریكە دانیشتن و دانوستان دەكەن، بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بۆكێ بێت و ئەم بابەتە زەرەر لە كورد دەدات، بەتایبەتی كوردی كەركوك، پێویستە رۆڵێكی كاریگەریان هەبێت، لە رووداوەكانی بەغداو بەشداربن و لە بەڵام بە یەكڕیزی، ئەگەر هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن بەڵێ جێی ئومێدەو گۆڕانكاری گەورەش روودەدات”.

‌ 367 جار بینراوه‌
9/21/2018 11:42:53 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved