»  شۆک
5000 گەنجی كەركوك خۆبەخشانە لە گروپێك كاردەكەن
ئا/ هاوار ستار



گروپی كۆكار، یەكێكە لەو گروپانەی شاری كەركوك  كە كار لەسەر پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی شارەكە دەكەن، بە كارە جیاوازەكانیشیان بونەتە جێی سەرنجی هاوڵاتیان.
محەمەد حەبیب، یەكێك لە دامەزرێنەرانی گروپی كۆكار لە كەركوك بۆ (هەواڵ)، وتی: "كۆكار گروپێكی رەنگاورەنگە و كار بۆ ئەوە دەكات كۆمەڵگەیەكی هاوبەش پێكبێنێت لەسەر بناغەی یەكتر قبوڵكردن ئاشتی و پێكەوژیان"، ئەوەشیخستەروو:"هەوڵەدا گەنجان پێشبخات لە بوارەكانی پەروەردە و كاریش بۆ سەوزكردنی شار دەكات لەرێگەی چالاكیە بەردەوامەكانی نەمام ناشتنەوە، هەروەها كۆكار لە بواری مرۆیی و كۆكردنەوەی كۆمەك كاری زۆری كردوە بۆ كەسانێك كە پێویستیان بەو هاوكاریەیە".
ئەو ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەری كۆكار، باسی لەوەشكرد:"كاردەكەین بۆ ئەوەی كۆكار ببێتە رێكخراوێكی گەورە بۆ یارمەتیدانی خەڵكانی شاری كەركوك"، وتیشی:"ئێستا نزیكەی 5000 گەنج كارمان لەگەڵ دەكەن بە شێوەی خۆبەخشی و كۆكار دەیەوێ بچێتە هەمو ماڵێك بە سەرجەم  رەنگەكانەوە لە كورد و عەرەب و توركمان و كلد و ئاشوری و ئێمە بڕوامان بەوەیە كەسەكان پێش هەمو شت مرۆڤن و بۆیەكار بۆئەوە دەكەین یەكتر قبوڵكەن وەكو خۆیان".
هاوكات محەمەد حەبیب، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "كارەكانی كۆكار هەمو خۆبەخشین ئێمە چەند كەسێك بووین كە دامانمەزراند هەموی مامۆستای زانكۆ بووین و بێلایەنین و كۆكار تەنها پشت بەخۆی دەبەستێ سەر بەهیچ دامودەزگایەكی حكومی و حزبی و ئەهلی نییە و لایەنگر نییە و تەنها لەرێی پەیوەندی و متمانەی خەڵكەوە بەردەوامە و بەتایبەتیش گەنجان".
بە وتەی یەكێك لە بەڕێوبەرانی گروپەكەش، كۆكار كاردەكات بۆ وشیاركردنەوەی گەنجانی كۆمەڵگە و جیاوازیش ناكەن لە نێوان نەتەوە و ئاینەكان. 
ئیسماعیل مەجید، بەڕێوبەری كارگێڕی گروپی كۆكار بۆ (هەواڵ)، وتی:"كۆكار تێڕوانینێكی هەیە ئەویش بونیادنانی كۆمەڵگەی بەشدارە ئەوەش هەمو تاكی كۆمەڵگە ئەگرێتەوە بە جیاوازیەكانی ئاین و مەزهەب و نەتەوە و لایەنگری و بێلایەنییەوە"، روونشیكردەوە:"ئەمانەوێ گەنجێكی هوشیار هەبێت لە هەمو بوارەكانا و لە نێو هەمو نەتەوەكانی كەركوك و شارەكانی تریشدا بە هەرێم و عیراق و دەرەوەیش". 
بەوتەی ئەو بەرێوەبەری گروپی كۆكار، هەوڵەدەن بۆ ئەوەی توێژی گەنجان پێكەوە كار بكەن لە پێناو پێگەیاندنی خۆیان و كارەكەیان، راشیگەیاند:"بەو هەنگاوانەش وردە وردە ئەو بارگرژیە سیاسی و ئاینی و نەتەوەییەی دروست بووە كاڵببێتەوە و ئینتیمایان بۆ وڵات و خاك و خەڵك زیاتربێت لەو كۆمەڵگەیەی كە تێیدان".
سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداربوون لە كۆكار، ئاشكرایكرد:"تەنها  گەنجان فۆرم پڕدەكەنەوە بێ ئەوەی پرسیاریان لێ بكریت كێی و چ كارەی سەربەكوێیت تەنها ئەوەیە كە هاوكاری كۆكاربێت و لە كۆكارەوە ئەوەی هەیەتی بیگەیەنێت و دواتریش بۆخۆیان پێبگەن و زیاتر لەرێگەی پەیوەندیەكان و كارەكانمانەوە دەچینە نێو خەڵكەوە".
هەروەها سەبارەت بە چۆنێتی  كارو چالاكیەكانی گروپەكەشیان، ئیسماعیل مەجید، ئەوەیخستەروو"خەڵكمان لەگەڵە نەمامگەی هەیە و بۆ هەڵمەتێك دەڵێت من 100 نەمام دێنم و دەیچێنین و بەوجۆرە، خڵكیش هەیە هەر لەرێگەی تواناكانی خۆیەوە و بەهاوبەشی لەگەڵ كۆكار سەركەوتوو بووە لە ئەمریكا و ئەوروپا بڕوانامەی بەدەستهێناوە".
جێی باسە دواین چالاكی كۆكار پرۆژەیەكە بەناوی (یوكرەیت) كە لەرێگەی خولەوە گەنج پێدەگەیەنن كە چۆن ببن بە سەركردەیەكی باش لە كارەكانیاندا و هەروەها چالاكی رەنگكردنی پردەكانی شاری كەركوك بە تایبەتی پردی خەبات و ئامانجیش لێی ئەوەیە كە ئەوپردانە هەمو رەنگە جیاوازەكانی كەركوك بەسەریا تێپەڕدەبن و هەروەها بۆیاغكردنی دیواری قوتابخانەكان بەوێنەی رەنگاورەنگ كە ماوەیەك دستی پێكراوە.
گروپی كۆكار لە ساڵی 2016 دامەزراوە و ماوەی ساڵ و نیوێكە بەردەوامە و لەلایەن چوار كەسی خۆبەخشەوە دروستكرا، ئامانجیش لە دامەزراندنی كۆكاریش بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی هاوبەشە كە هاوكاری یەكتر بن و بتوانن یەكتر قبوڵ بكەن لە گشت بوارێكدا و نزیكەی 35 كاری جۆراوجۆری لەكەركوك ئەنجامداوە.


‌ 392 جار بینراوه‌
9/22/2018 9:18:43 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved