»  کاتژمێر یازدە
شەڕی سەرۆك كۆمار بە منی كەركوكی چی؟!
شوان داودى


دوای هەڵبژاردنەكانی (12)ـی مایسی ئەمساڵ تا هەفتەی رابردوو كە یەكێتی كاندیدی سەرۆك كۆماری دیاریكرد، پرسی سەرەكی و گرنگی كۆبوونەوە هاوبەشەكانی یەكێتی و پارتی چوونە بەغدا و بە یەكەوە و ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك بوو، لە رێگەی راگەیاندنەكان و پەیامە حیزبی و سیاسیەكانەوە جارێكی تر بەم دروشمە وەهمیانە هۆشی تاكی كوردی داگیركرا. 
دوای ئەوەی لە نەشتەرگەریەكی قەیسەری پەلەپرۆزكێدا د. بەرهەم ساڵح جێگری سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستانی جیابوەوەو سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراتی گەڕێنرایەوە بۆ ناو یەكێتی و بە هەمان پۆست و كاندید كرا بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەكاتێكدا تا ئێستا یەكلایی نەبۆتەوە هاوپەیمانیەكەی ماوە یان هەڵوەشاوەتەوە و نەزانراوە كەس لەگەڵی هاتۆتەوە یان نەهاتوونەتەوە... فراكسیۆنەكەی كە دوو ئەندامە تێكەڵ بە فراكسیۆنی یەكێتی كردۆتەوە یان نە ئەمانەو كۆمەڵێ پرسیاری تر؟ 
پارتی دیموكراتی كوردستان بێ پرس و راوێژی یەكێتی مەلا بەشیری كاندیدكرد بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و جێگیری كرد، ئێستا كاندیدی بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار د. فوئاد حوسێنە كێبڕكێی كاندیدەكەی یەكێتی د. بەرهەم ساڵح دەكات و داوای پۆستی پارێزگاری كەركوكیش دەكات. 
ئەو نووسراوە هاوبەشەی یەكێتی و پارتی كە ئامادەیان كردبوو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو جەمسەرە براوەكەی عێراق بۆ بەشداریكردن لە پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق كە تیایدا ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك خاڵی گرنگ و جەوهەری بوو.. چی لێ هات؟ ئەمە بۆتە پرسیاری كوردی كەركوك..
دیارە چەند رۆژێك پێش ئێستا یادی ریفراندۆمەكەی (25)ـی ئەیلولی 2017 كرایەوە كە لە ئەنجامدا ئەم دۆخە نالەبارەی كەركوكی لێكەوتەوە، ئەگەر هەرێمی كوردستان یەكجار باجی ریفراندۆمیان دابێتەوە ئەوە كەركوكییەكان و ناوچە دابڕێنراوەكان بە گشتی رۆژانە سەدان جار ئەو باجە دەدەن، بۆیە چاویان لەبەغداو هیوایان لەسەر ئەو پەیامە سەرابیەی یەكێتی و پارتی هەڵچنی بوو.   
دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا بێئەوەی یەك خاڵ لە وەرەقە هاوبەشەكەی پارتی و یەكێتی قسەی لەسەر كرابێت، پۆستی سەرۆك كۆماریش لەبری ئەوەی رێكمان بخاتەوە دابەشی كردین و بە پەرتی چووینە بەغدا، هەر لایەنە بەجیا سەرقاڵی كۆكردنەوەو بەدەستهێنانی دەنگ بۆ كاندیدەكەی دەرگای ئەم حزب و ئەو حزب دەكوتێ‌، كەس بیری بەلای ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوكدا ناڕوات. من بۆ كەركوك هیچ ئومێدێكم بەپارتی نییە، بۆیە هیچ گلەییشی لێ ناكەم و دەزانم ئەو بە بەبەرنامەی خۆی كار لەسەر كەركوك دەكات نەك بۆ كەركوك و كەركوكییەكان. 
قسەی من ئاراستەی یەكێتییە، ئەو شەڕەی ئێستا یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو كاندیدەكەی دەیكات ئەو كاندیدەی كە هەموو هەوڵەكانی لە دژی دەنگەكانی یەكێتی لە كەركوك چڕ كردبووەوەو خەریكە لەگەڵ پارتیدا دەیگەیەننە مریشكە رەشە ئەگەر پارساڵ بۆ پرسی ریفراندۆم هەموو كەركوكیەكان هاواریان دەكرد با كەركوكمان لەدەست نەچێت ئەو شەڕەی لەگەڵ پارتی بكردایەو ستۆپی بەو حیزبە بكردایە كەركوكی دەپاراست. 
من حەقیقەتێكم لادروست بووە سەركردایەتی سیاسی كورد بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، بە راست و چەپەوە، بە ئیسلامیی و عیلمانیەوە، لە پرسی كەركوك راستگۆ نین، بۆ پرسی سەرۆك كۆماریش پێموایە كاندیدەكەی یەكێتی یان پارتی هەركامیان دەربچێت یەكێتی ئەو پۆستەی وەكو كەركوك لەدەستداوە، ئیتر ئەو پۆستە بە منی كەركوكی چی؟!      


‌ 595 جار بینراوه‌
9/29/2018 9:26:12 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved