»  وتاری هەفتە
 یەكێتی لە كەركوك.. نە دەسەڵات و نەئۆپۆزسیۆن
بورهان حاجی سلێمان



ئەو واقعە نوێیەی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری پارساڵ یان راستتر لە دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوولی هەمان ساڵەوە لە شاری كەركوك دەگوزەرێت، كاریگەری بەسەر تەواوی ژیانی كەركوكییەكانەوە هەیە، بەتایبەتی لەسەر ئەداو ئەرك و مەهامی حیزبی.
ئاشكرایە لە هەموو ژینگەیەكدا حیزب دەبیت خۆی ساغبكاتەوە یان دەسەڵات و خاوەن رۆڵ لە بەڕێوەبردنی جوگرافیاكە، یان ئۆپۆزسیۆن، كاتێكیش هەر حیزبێك لە یەكێك لەو دوو پێناسەیەدا نەناسرێتەوە، ئەوە لە ئەركە سەرەكیەكەی خۆی لای دەدات و نمونەی هەندێك حیزبی كوردستان كە پێشتر لە خەباتی شاخدا رۆڵی بەرچاویان هەبوو، بەڵام لە دوای راپەڕین بەهۆی راوەستان لەو دووڕیانەداو لەچاوەڕوانی ئەوەی لە بەرماوەی پارتی و یەكێتی پۆستێك یان هاوكارییەكی دارایی دەستەبەر بكەن، لە گەشەكردن كەوتن یان پووكانەوە.
ئێستا یەكێتی لە كەركوك لەهەمان دۆخدا دەگوزەرێت، پێناسەی خۆی ونكردووە، تا مانگی دەی پارساڵ لە هەرەمی دەسەڵاتدا بوو، ئەمەش وایكرد زۆرێك لە كادیرانی ئەو حیزبە حیزبایەتیان لا ئیمتیاز بێت نەك ئەرك، بۆیە لەم هەلومەرجە نوێیەدا  جگە لە چەند كادرێكی دەگمەن زۆرینەیان ناتوانن بە ئەركە حیزبیەكانی خۆیان هەڵبستن، ئەو دۆخە بەتەواوی كایەی حیزبی لە كەركوك گرتۆتەوە (جگە لە پارتی كە بەپێی بەرنامەو ئەجێندای خۆی شارەكەی جێهێشتووە)، بەڵام هیچ كام لەو حیزبانەی لە ناو كەركوكدان بەرپرسیارێتیان هێندەی یەكێتی نییە، كە دەبوو لەم قۆناغە هەستیارەدا لە ئاستی داخوازییەكانی خەڵكی شارەكە بن، بەڵام پێدەچێت ئەویش هێشتا شۆكی رووداوەكانی 2017ی تێنەپەڕاندبێت، ئەوەش بە روونی بە دوا وتاری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكەوە كە بە وتەی خۆی لە پرسی ریفراندۆمدا ئیرادەیەكی دەرەكی سەپێنرداربووە سەری و بە بەرچاویەوە شارەكە گورگان خوارد دەكرا.
یەكێتی دەبێت ئەوە بزانێت، كاتێك كەركوكییەكان جارێكی دیكە لە 12ی ئایاری ئەمساڵ متمانەو چانسێكی دیكەیان پێدایەوەو زۆرینەی دەنگەكانی شارەكەیان پێ بەخشیەوە، پاداشتی كارەكانی ئەم ساڵەی دوایی نەبوو، بەڵكو ئەو هەڕەشە نەتەوەییە بوو كە لەسەر كوردی كەركوك بوونی هەیەو كەركوكییەكان خوازیاربوون بە پێی ئەزموونی رابردووی ئەو حیزبەو سەروەرییە مێژووییەكانی پێشووی قۆناغە سەختەكە تێپەڕێنێت.
دەبێت یەكێتی گۆڕانكاری لە هەیكەلەی رێكخستن و میتۆدی كاركردنیدا بكات لە كەركوك خۆی ساغ كاتەوە، چییە لەمشارە؟ سەرەتاش بە دووبارە بونیادنانەوەی كادر و تەواجودی هەمیشەیی تەواوی سەركردە كەركوكییەكانی لە شارەكە دەست پێبكاتەوەو خۆی لەگەڵ واقعە نوێیەكەدا بگونجێنێت و چیتر چاوەڕێی وەفدە كوردییەكانی بەغدا نەكات، بیكەنەوە قوربانی سەودا سیاسییەكان.

‌ 720 جار بینراوه‌
9/29/2018 9:35:23 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved