»  کوردستان
توركمان پەنا بۆ سوڵحی عەشایەری لەگەڵ كورد دەبات


لە ئێستادا هەوڵێك لە ئارادایە بۆ  ئازادكردنی ئەو تەقەكەرانەی بزووتنەوەی نەژادپەرستی توركمان كە ساڵێك لەمەوبەر هاوڵاتییەكی كوردیان شەهید كردو سێ كەسی دیكەیان بریندار كرد، سەركردەیەكی توركمانیش دەڵێـت پەنا بۆ چارەسەری عەشایەری براوە .
شەوی 17-18ی ئەیلولی 2017و لەسەروبەندی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستاندا لەبەردەم بارەگای سەرەكی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركمان لە شاری كەركوك تەقە لە ئاهەنگێڕانی كورد كراو بەهۆیەوە كوردێكی شەهید كردو سێی دیكەشیان بریندار كرد، دوا بەدوای ئەوەش شەش كەس لە تەقەكەران دەستگیركران بەناوەكانی (ئایدن قۆریە، موراد سامی ، بیلال سوبحی، ئەحمەد ئەكرەم، محەمەد رەشید، سەعد عەبدوڵا)، كە تاكو ئێستا لە لە زیندانی گواستنەوەی كەركوكدا بەندن.
بۆ تاوتوێكردنی پرسی ئازادكردنی ئەو شەش تاوانبارەش، ماوەیەك پێش ئێستا كۆنگرەی خێڵە توركمانییەكان بە ئامادەبوونی نەجات حوسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و بەرپرسی رەوتی حیكمە لە كەركوك و چەند بەرپرسێكی حیزبی و كەسایەتی توركمانی ئامادەی بوون، عەقیدی ئەندازیار عەباس قادر نادر بەڕێوەبەری پۆلیسی بنكەی قۆریە ئاشكرایكرد:” هیچ رێگە چارەیەكی یاسایی بۆ ئازادكردنییان نییەو باشترین چارەسەر پەنابردنە بۆ رێگە چارەی عەشایەری، دوای ئەوەی برایەكی بیلال كە یەكێكە لە تەقەكەرەكان دەچێتە سلێمانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە بەشێوەی رێكەوتن، بەڵام داوای 300 هەزار دۆلاری لێدەكەن.
نەجات حوسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و بەرپرسی رەوتی حیكمە لە كەركوك، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ) وتی:” ئەنجومەنی عەشایەری توركمان بڕیاریان داوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكەو وەفدێكی عەشایەری بۆ سوڵح بنێرن بۆ لای كوردەكان تاكو كۆتایی بەو كێشەیە بێنن”.
لە ئێستاشدا بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركمانی لە عێراق و لە توركیا كەمپینی كۆكردنەوەی پارە بۆ سوڵحە عەشایەرییەكەی راگەیاندووە، بەڵام هەندێك لە توركمانەكان گومان لە پاكی بەڕێوەچوونی كەمپینەكە دەكەن و پێیانوایە بەناوی ئازادكردنی ئەو شەش تاوانبارەوە گەندەڵی ئەكرێت.

‌ 1084 جار بینراوه‌
9/29/2018 9:36:20 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved