»  راپۆرت
ئەنجومەنی پارێزگا: خاڵی گومرك لە كەركوك بۆ رووتاندنەوەی هاوڵاتیانە
ئا / هاوار ستار


كردنەوەی خاڵی گومركی لە هەردوو دەروازەی كەركوك – سلێمانی و كەركوك – هەولێر نارەزایی لێدەكەوێتەوە و ئەمەش دوای ئەوە دێت لە هەفتەی رابردوودا بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەو گومركانە لە بازگەكانی كەركوك كرانەوە.
لەسەر دانانی خاڵی گومرك لە نێوان شارەكان ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا ئەو كارە بە نایاسایی و پێچەوانەی دەستور ناودەبات و پێیشی وایە تەنها بەمەبەستی سیاسی ئەو گومركانە دانراون.
ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی برایەتی بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”دانانی ئەو خاڵە گومركیانە كارێكی نایاساییە چونكە لە هیچ یاسا و خاڵێكی دەستوردا نەهاتوە لە نێوان پارێزگاكانی عێراقدا گومرگ دابنرێت”، ئەوەشیخستەروو:”تەنها دەتوانرێت چاودێری گومركی هەبێت بۆ ئەوەی بزانرێت لە سنورەكان ئەو كاڵایانەی بەو پارێزگایە تێپەڕكراون گومرك كراون”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەن رونیشیكردەوە: “دەبێت خاڵی گومركی تەنها لە سنورەكان و بەندەرەكان و لە نێو فڕۆكەخانەكان هەبن و گومرك بۆ ناوخۆیی بە هیچ شێوەیەك نابێت و پێچەوانەی دەستورە”.
سەبارەت بەو یاسایەی كە رێگە بە گومرك لە نێوان پارێزگاكان نادات، ئەحمەد عەسكەری، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد:”ماددەی 23 لە یاسای گومركی عێراقی بۆ ساڵی 1984 تێیدا هاتوە كە خاڵە گومركیەكان تەنها لەگەڵ شتە دەرەكییەكان و وڵاتانی دراوسێدا دادەنرێت واتا لەسەر سنورەكان و بەندەرەكان و هەروەها ئەو شمەكانەی لەڕێگەی فڕۆكەوە دێن”.
هەروەها باسی لەوەشكرد:”ئەم كارە بە دژی یاسا و دەستور دەزانین و ئەمەی كراوە یا بۆ مەبەستی سیاسی ئەنجامدراوە یانیش تەنها بۆ راورووت و روتانەی هاوڵاتیانە و هیچی تر نییە”.
هاوكات كردنەوەی خاڵە گومركیەكانی كەركوك و شارەكانی هەرێمی كوردستان بۆتە مایەی نیگەرانی بازرگاناكان بەگشتی و بازرگانە كەركوكیەكانیش بەتایبەت، وەك خۆشیان دەڵێن تا شتێك دەگەیەننە جێیەك بە چەند گومركێكدا تێدەپەڕن و باج دەدەن.
رەمەزان حاجی رەشید یەكێك لە بازرگانە كوردەكانی شاری كەركوك بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”بێگومان پێش هەمو كەس زیان لێكەوتوی سەرەكی خەڵكەكەیە و بازرگانەكانیش ئیش و كاریان دەوەستێ و هەموان زیان دەكەین”، ئەوەشیخستەڕوو:”ئەوەش وادەكات بازاڕ تا ماوەیەك رابوەستێت و ماوەیەك بخایەنێت ئەمەش تا خەڵكەكە دەكەوێتەوە خۆیی و دووبارە رادێتەوە لەگەڵ ئەو حاڵەتە”.
بەوتەی ئەو بازرگانەی شاری كەركوك، تا ئێستا لە هیچ وڵاتێك نەبینراوە ئەو هەمو گومركە هەبێت بۆ نمونە لە ئیبراهیم خەلیل یان لە باشاخ دێیتە ئەمدیو گومرك هەیە ئەوەتا لە نێوان سلێمانی و كەركوك و هەولێر و كەركوك كرا بە گومرك دەچیتە بەغدا لە عوزێم گومركێكی لێیە و باج و سەرانە لەخەڵك وەردەگرن و ئەم فرە گومركیە كاریگەری زۆر خراپی دەبێت لە كاری بازرگانی، هەروەها باسی لەوەشكرد:”هەوڵمانداوە و بە كۆدەنگی لەگەڵ بەغدا قسەبكەین بەڵام بەغدا گوێ ناگرێت بە داخەوە”.
جێی باسە جگە لە نیگەرانی هاوڵاتیان دەربارەی بەرزبونەوەی شتومەك و كاڵاكان، هاوڵاتیان  چاودێران دانانی گومرك لە نێوان كەركوك و شارەكانی هەرێم، بەدابراندنی كەركوك بەهەرێمی كوردستان دەزانن.

‌ 564 جار بینراوه‌
9/29/2018 9:37:40 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved