»  راپۆرت
لە مێزگردێكدا باس لە كوردستانی دوای ساڵێك لە ریفراندۆم كرا
ئا / داستان كاكۆ




كاتژمێر 4ی سەر لەئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو رێككەوتی 25/9/2018، رێكخراوی گەشەپێدانی میدیایی MDO لە ناوەندی دیالۆكی شاری كەركوك مێزگردێكی بەناونیشانی (كوردستان دوای ساڵێك لە ریفراندۆم) بۆ هەریەك لە( ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك- محەمەد نەسرەدین، سكرتێری مەكۆی بزتنەوەی گۆڕان لە كەركوك- شوان داودی، نوسەرو ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق- لەتیف فاتح فەرەج، لێكۆڵەرو چاودێری سیاسی) رێكخست.

پێویستمان بە یەكڕیزی نیشتیمانی و پێداچوونەوەو رەخنە لە خۆگرتنە
سەرەتای دەستپێكردنی مێزگردەكە بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستیپێكردو دواتریش بورهان حاجی سلێمان، سەرۆكی رێكخراوی گەشەپێدانی میدیایی، كە مێزگردەكەی بەڕێوەدەبرد، جگە لە بەخێرهاتنی میوانەكان، هاوكات وتی:”ئەمڕۆ ساڵێكی رێك بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی پارساڵی هەرێمی كوردستان بەناوچە دابڕێنراوەكانیشەوە تێپەڕدەبێت”.
وتیشی:” لە دوای ریفراندۆمەوە گۆڕانكارییەكان زۆر بە خێرایی، زیاتر لە توانای ئێمە روویاندەدا، بە تایبەتی لە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێم، ئەو گۆڕانكارییانەش لە هەموو كایەكانی ژیاندا بەتایبەتی (سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری) رەنگیان داوەتەوە، بۆیە ئێمە وەك رێكخراوی گەشەپێدانی میدیایی بەمەبەستی تاوتوێكردنی بابەتیانەو لۆژیكیانە و دوور لە تەشهیرو بەكارهێنانی زمانی زبر، بە پێویستمان زانی لەسەر رووداوەكە بوەستین، چونكە ئەمڕۆ لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی نیشتیمانی و پێداچوونەوەو رەخنە لە خۆگرتنە”.

ساڵێك دانمان بە خۆماندا نەگرت
دوا بەدوای ئەوە ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند:” لە كەركوكدا دەسەڵاتێكی سیاسی و سەربازی و ئابوری زۆرمان هەبوو، هاوپەیمانان دۆستەكانمان داوایان لێكردین تەنها بۆ ماوەی یەك ساڵ دان بە خۆماندا بگرین و ریفراندۆم ئەنجام نەدەین، بەڵام بە گوێیانمان نەكرد، هەر ئەوەش بووە هۆكاری لە دەستدانی لە سەدا پەنجا زیاتری خاكی كوردستان و كەمكردنەوەی دەسەڵات و ماف و ئیمتیازاتەكان”.
وتیشی:” دوای ئەو رووداوە تووشی شۆكێك بووین، چونكە شكستیەكی گەورە بوو كە دواتر نەمان توانی كۆبینەوەو ئەو شۆكە بڕەوێنینەوە، كاتێ كە تووشی شۆكێك دەبیت ئیستیعابی بكەیت، ئەوەش جارێكی تر دەچێتە چوارچێوەی كەمتەرخەمییەكی تری لایەنی كوردییەوە”.
عەسكەری كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە باسی لەوەشكرد:” لەلایەن خەڵكانێكەوە وا لە هاوڵاتیانی شارەكە كرا لە جیاتی ئەوەی بگەڕێنەوە شارەكەیان، هاندران شارەكە بەجێبهێڵن، ترس و دڵەڕاوكێ و راڕاییان لە نێو هاوڵاتیان دروستكرد، كە ئەمە بوە هۆكاری ئەوە تائێستاش كۆمەڵێك خەڵك نەگەڕاونەتەوە”.
ئاشكراشیكرد:” زیانەكانی دوای ریفراندۆم زۆر زۆرن هۆكارەكانیشیان زۆر روونن، چونكە ریفراندۆم بۆ ئەوە نەبوو، ویست و خواستی نەتەوەیەك بێت لە بەدیهینانی خەونی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت، بەڵكو هەر زوو رۆژی دوای ئەوە رایانگەیاند كە ریفراندۆمیان بۆ ئەوە نەكردووە سەربەخۆیی رابگەیەنن، ئەی كەواتە بۆ چی ئەنجامتان دا؟”.
ئەحمەد عەسكەری ئاماژەی بەوەشكرد:” هاوپەیمانان و دۆستەكانمان داوایان لێكردین تەنها ساڵێك دان بە خۆماندا بگرین و ریفراندۆم ئەنجام نەدەین، بەڵام بە گوێیانمان نەكردو تووشی ئەم دۆخە بووین و ئێستا ئێمەی كەركوكی باجەكەی دەدەینەوە”.
سەبارەت بە بە ئەندامەكانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بایكۆتی دانیشتنەكانی كۆبونەوەكانیان كردووە عەسكەری وتی: ئامادەن بێن و موچەكانیان وەرگرن، بەلام بەداخەوە نایەنەوە پێكەوە ئەم بارە لارەی كەركوك راست بكەینەوە”.

كەركوك رۆژانە باجی ریفراندۆم دەدات
محەمەد نەسرەدین ناسراو بە مامۆستا محەمەد گۆڵدەرەیی، سكرتێری مەكۆی بزتنەوەی گۆڕان لە كەركوك وتی:” قەدەرەی كەركوك و كەركوكییەكان لە مێژوودا ئەوە بووە، لە قوربانی و شۆڕش و خەباتدا هەقی تەواو دەدات، لە دەرهاویشتەكانی ریفراندۆمیشدا كەركوك باجی تەواوی ئەو پرسەی دا”.
وتیشی:” ئەگەر تەماشای هەرێمی كوردستان بكەین، هەر شارێكی كوردستان، چی لەدەستدا لە ئەنجامی ریفراندۆم؟، ئەوەی لە دەستی داوە رەنگە تەنها خەونی لە دەستدانی دەوڵەتی كوردی بێت، بەڵام كەركوكییەكان تەنها خەونی دەوڵەتی كوردییان لە دەست نەدا، ئێمە لەم شارەو ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەسەڵاتێكی كوردیمان هەبوو بە هەموو تێبێنی و ناڕەزایتەییەكانەوە دەسەڵاتێكی خۆماڵی بوو، دەسەڵاتی و سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئابوریمان لە دەستدا، كەواتە لەمەشدا باجی تەواو كەركوك داویەتی”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” ریفراندۆم هەر بە 25/9/2017 تەواو نابێت، وەك كتێبێكە رۆژ بەرۆژ لاپەڕەی نوێی لێدەكرێتەوە، هەر رۆژی لەم كەركوكە، بڕیارێك دژی خەڵكی كەركوك دەردەكرێت، بەرپرسێكی كورد لە كەركوك دەردەكرێت، لاپەڕەیەكی نوێیە لە باجی ریفراندۆم”.
محەمەد نەسرەدین ئاشكراشیكرد:” ئەو كەسانەی گفتیان بە ئێمەی كەركوكی دا كە سنور لە حەمرین دەبێ و ئاڵا بە خوێن دەپارێزین، كوان لە كوێن؟، حەقی خۆمانە بپرسین، ئەوەی كە بە ئێمەیان وتبوو، هیچ هێزێك نایەتە نێو كەركوك”.
باسی لەوەشكرد:” ئێستا پەرتەوازەییەكی زۆر لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئەو پەرتەوازەییەش هەر لە ئەنجامی ریفراندۆم و شانزەی ئۆكتۆبەرەوە بوو، هەرچەندە لایەنەكان لە هەرێم نارێك بن، شارەكانی هەرێم باجەكەی نادەن، بەداخەوە ئەوە تەنها ئێمەی كەركوكین باجەكەی دەدەین”.

دۆستەكانمان مەترسییەكەیان پێڕاگەیاندین
شوان داودی، نوسەرو ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێـراق رایگەیاند:” ئەو قسانەی من لەسەر بابەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەیانكەم شیكاری نییە، بەڵكو بەڵگەدارو لەسەر بنەمای زانیارین، چونكە خۆم بەشێك بوومە لەنێو پرۆسەكەدا، ئاگاداری زۆر لە بابەتەكانم، یەك حاڵەتێك هەیە لە سەركردایەتی سیاسی كورد زۆر جار هەوڵدەدات شتەكان بە چەواشەكاری بگەیەنێتە هاوڵاتیان”.
داودی وتیشی:” ئێمە خۆمان لەم وڵاتە پابەندین بە كۆمەڵێك یاریكەری گەورەوە، یاریكەرە گەورەكان ئەمریكاو روسیاو ئێران و توركیاو زیاتر وردی بكەیتەوە بریتش پترۆڵ و رۆزنەفتەو كۆمپانیا گەورەكانی تری نەوتە، ئێمە یاریكەری بچوكین لە گەمەكە”.
وتیشی:” بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم كاتێ سەریهەڵدا كە هۆشیار زێباری لە پۆستەكەی لادرا، ئەوەش لە لایەن حیزبەكەیەوە بە ئیهانە وەرگیراو، كە چۆن وەڵامی بەغدا بدرێتەوە، بەوەی راپرسی بكرێت و لە عێراق جیابنەوە، ئەوانەی دۆستمانن و ئەوانەی ناحەزیشمان بوون، زۆر بە ئاشكرا قسەیان لەگەڵ كردین، من ئاگاداری رای ئەمریكییەكان بووم، خۆم راستەوخۆ گوێم لە باڵیۆزی ئەمریكا و ئێران بووە لە بەغداو لەگەڵ یەكێتی ئەوروپاش، لە 28/5/2017 وەفدێكی پەرلەمانی عێراق چووە ئەڵمانیا، وەفدە هەشت كەس بوون، پێنج كوردی تێدابووین نوێنەرانی یەكێتی و پارتی و گۆڕان بووین، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق لەگەڵمان كۆبووەو بە ئاشكرا پێی راگەیاندین، ئێمە پەیامێكمان بۆ سەركردایەتی كورد هەیە لە رێگەی ئێوەوە بیگەیەنن، ئەو پرسەی ئێوە بە تەمان ئەنجامی بدەن زۆر ترسناكە و هەموو دەستكەوتەكانتان لە دەست دەدەن، كەس هاورێتان نییە، ئەگەر ئێوە ئێمە بە دۆست و هاوڕێی خۆتان دەزانن لەو پرسەدا ئێمە هاوڕێتان نین، وتیشیان ئەمە بە تەنها رەئی ئەڵمانیا نییە، بەڵكو رەئی تەواوی یەكێتی ئەوروپایە”.
داودی ئاماژەی بەوەشكرد:” لە رێگای نوسینەكانمەوە هەموو مەترسییەكانی ریفراندۆم خستبووەڕوو، هەرچەندە مافی چارەی خۆنوسین مافێكی سروشتی خۆمانە بەڵام كەی چۆن؟”.

یاری كردن بە نەتەوەیەك لەپێناو خواستی كەسێك 
دوا بابەت لە لایەن لەتیف فاتح فەرەج، لێكۆڵەرو چاودێری سیاسییەوە پێشكەشكرا، ئەو رایگەیاند:” لە پێش ریفراندۆمدا نامەیەكی سەد لاپەڕەییم لەسەر مەترسییەكانی نوسیوە، كە هەموویم پێشتر لە شێوەی وتار بڵاوكردبوە، كێشەی گەورە ئەوەیە مرۆڤ بۆ حەز خواستی كەسێك یاری بە نەتەوەیەك بكات”.
وتیشی:” كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم زۆر ناكات بوو، سەركێشی بوو، سیاسەتی توركیا میدیای توركیا زۆر بە پێداگرییەوە، هانیان دەداین بۆ ئەوەی ریفراندۆم بكەین”.
باسی لەوەشكرد:” بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە تووشی تەخوێنكردنی یەكتر بووینەوە، لەنێو خودی یەكێتیدا بەشێك بەشەكەی تر تەخوین دەكات، ئەمە جگە لە دەستدانی خاك”.
لەتیف فاتح فەرەج ئاشكراشیكرد:” پێشتر ماوەیەكی زۆر لە رێگای سەرفرازیمان بڕیبوو، بازگەكانی حەمرین بەناوی شەهیدەكانی كوردەوە بوون، ئەی ئێستا ئێمە لە كوێین، لەم كەركوكەدا لە كوێوە گەیشتین بە چی؟ ئائا ئەوە ریفراندۆم نەبوو بەم بەڕۆژەی گەیاندین”.
باسی لەوەشكرد:” ئێستا دەرفەتمان لەبەردەست ماوە بۆ چاكبوونەوە لە كاتێكدا رۆژانە یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار شەڕیانەو یەكتر تەخوین دەكەن”.
ئاماژەی بەوەشكرد:” دەبێ پرۆژەیەكی هاوبەشی كەركوكی و كوردستانی هەبێت، بەرپرسیاری یەكەمیش لەمەودوا یەكێتییە، لەبەر ئەوەی شەش كورسی هەیە لە پەرلەمانی عێراق، دەنگی یەكەمە لە كەركوكدا”.
دوا بەدوای ئەوە دیەرگای گفتوگۆ و موداخەلە بۆ ئامادەبووان كرایەوە كە لە بەشدارییەكی فراواندا دید و بۆچوونەكانی خۆیان لەسەر پرسەكە خستە روو و پرسیارەكانیان ئاراستەی بەڕێوەبرانی مێزگردەكە كرد “.
ئەمەو میزگردەكە دوو كاتژمێری خایاند.


‌ 157 جار بینراوه‌
9/29/2018 9:40:02 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved