»  راپۆرت
رۆژی بەساڵاچووان بەبێدەنگی تێدەپەڕێت
محەمەد سەید


لەرۆژگاری ئێستادا لەرووی رێزو بەهاپێدانەوە هەندێك بۆنەو یادەوەری لەسەر ئاستی دونیادا رۆژێكی تایبەتی بۆ دیاریكراوەو ئەو كەسانەی پەیوەندیدارن بەو بۆنەو یادانەوە بەبێ جیاوازی رەگەزی و نەتەوەیی و ئاینی و ناوچەیی، ساڵانە یادی ئەو رۆژە دەكەنەوەو بەرز دەینرخێنن، هەر یەكێك لە ئێمە ساڵانە گوێبیستی دەیان لەو رۆژانە دەبین، وەك: رۆژی منداڵان، رۆژی دایك، رۆژی ژنان، رۆژی كرێكار، رۆژی پەرستار، رۆژی مامۆستا و چەندینی تر، یەكێك لەو رۆژانەش (رۆژی بەساڵاچوان)ە كە لەلایەن (ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان)ەوە لەرۆژی 14/12/1990 بەبڕیاری ژمارە (45/106) رۆژی یەكی تشرینی یەكەم (1/10)ی هەمو ساڵێك وەك (رۆژی جیهانی بەساڵاچوان) ناساند،

هەربۆیە ساڵانە لەسەرتاسەری دنیادا و لەم رۆژەدا دەیان ئاهەنگ و فیستیڤاڵ ساز دەكرێت، بۆ ئەوەی ئەم لە كوردستانیشدا بەگشتی و لای بەساڵاچوانی كورد بەتایبەتی زیاتر بناسرێت ئەركی هەر كەسێكە ساڵانە لەم رۆژەدا پیرۆزبایی لە نزیكترین بەساڵاچوویی خێزانەكەی خۆی بكات و دیاری گونجاوی پێشكەش بكات، هەروەك ئەركی دەزگا پەیوەندیدارەكانیشە كە لە رۆژی بەساڵاچواندا ئاهەنگ و كەرنەڤاڵی تایبەت بە بەساڵاچوان سازبكەن و زۆرترین بەساڵاچووش بانگهێشت بكەن بۆ ئەو بۆنەو ئاهەنگە.

بەساڵاچوو كێیە ؟
بەساڵاچوو ئەو بوونەوەرە بەخشندەیەیە كە هەموو تەمەنی خۆی بەخشیوەتە خێزان و نەوەكانی، ژمارەی ساڵەكانی تەمەنی تەنها بۆ خۆی و لە پێناوی خودی خۆیدا بەسەر نەبردووە، هەربۆیە مافێكی سروشتی خۆیەتی لەو تەمەنەدا دەستی رابگات بە خواردنی باش و ئاو و شوێن و پەناگە و جلوبەرگ و چاودێری تەندروستی لەرێی دەستەبەركردنی داهات و پشتگیری خێزان و كۆمەڵگەو یارمەتی خۆییەوە، هەروەكو مافی خۆیانە هەلی كاركردنیان هەبێت یان هەلومەرجێكیان بۆ رەخسابێت كە داهاتیان بۆ دەستەبەر بكات، هاوكات بتوانن بەشداری بكەن لە بڕیاردانی ئەوەی لە چ كاتێكدا و لەكوێدا دەست لە كار دەكێشنەوە لە هەمان كاتدا پێویستە بە ساڵاچوان لە شوێن و رێگایەكی شایستە و سەلامەتدا بژین كە بگونجێ لەگەڵ ویست و ئارەزووەكانیدا.
بەساڵاچوون واتە كەڵەكەبوونی زۆرترین ئەزمون لە ژیان و باشترین تێگەیشتن لە ماهیەتی خوو و سەرجەم پەیوەندیەكان، بۆ هەر گەلێكی شارستانی و زیندوو، بوونی هەر پیرو بەساڵاچوویەك بەواتای بوونی راستگۆترین سەرچاوەی مێژوویی رووداو و بەسەرهاتەكان و بێگەردترین ئاوێنەی دابونەریتە رەسەن و خۆماڵیەكان.
كۆمەڵگەی كوردیش سەرباری هەموو هەلومەرجە نائاساییەكانیش كۆمەڵگەیەكە هێشتا رێژەیەكی بەرچاو بەساڵاچووی تێدایە كەئەوەش بە جۆرێك لە جۆرەكان واتا كۆمەڵگەیەكی ژیاندۆستە و ئاساییە تاكەكانی سەرجەم قۆناغەكانی تەمەنیانی تێدا بگوزەرێنن.

بەساڵاچوون و كەلتور
بەگشتی لە كەلتور ئێمەدا كەباس لە پیری و بەساڵاچوو دەكرێت واباوە كە مرۆڤی بەساڵاچوو لێبۆتەوە و بەهرە و تواناكانی كۆتاییان پێهاتووە و تەواو .. ئەم بۆچون و تێڕوانینە تا رادەیەكی زۆر كاری كردوەتەوە بۆچون و تێڕوانینی خێزان و كۆمەڵیش، بەڵام ئەگەر كەمێك بەویژدانەوە ئەو پۆچوونانە تاوتوێ بكەین ئەوا دەگەینە ئەو راستییەی كە بیرو بۆچوونێكی لەو جۆرە زۆر دوورە لە راستییەوە و ناهەقی كردنیشە بەرانبەر بە مافی هەر بەساڵاچوویەك، چونكە لێرە و لەوێ زۆرن ئەو پیرو بەساڵاچووانەی هێشتا بە هەست و نەستێكی گەنجانەوە مەمەڵە لەگەڵ ژیان و دەوروبەردا دەكەن و ناخیان پڕە لە خۆشەویستی مرۆڤ و هەناویان لێوان لێوە لە حەیران و لاوك و داستانەكانی عەشق و قارەمانێتی، كاڵای ژیریان كردۆتە بەر پیری و هەڵكشانی تەمەن نەیتوانیوە لە ئێستادا ئومێد بڕاویان بكات و لەئاست داهاتوشدا رەشبینیان بكات.

رێژەی بە ساڵاچوان
دەبێت ئەوە بزانین كە ئێستا لە هەر كاتێكی پێشتر رێژەی بە ساڵاچووان روو لە زیادبوونە هەر ئەمەش وایكردوە كە رێكخراوە حكومی و ناحكومیەكان و حكومەتەكانیش بەهەند ئەو بابەتە وەربگرن.
بەپێی ئامار و پێشبینیەكانی رێكخراوی بەساڵاچوانی جیهانی، لەماوەی 50 ساڵ لەمەوبەر و 25 ساڵی داهاتودا بەم جۆرە دەبێت:
لەساڵی 1950 دا، 200 ملیۆن سەروو تەمەنی 60 هەبووە لە هەموو جیهان، لەدوای 50 ساڵ واتە لە ساڵی 2000 دا ئەم ژمارەیە 550 ملیۆن، وە لەدوای 25 ساڵی تر لەو بەروارە واتە لە ساڵی 2025 دا ئەم ژمارەیە دەگاتە یەك ملیار و دووسەد ملیۆن، كەواتە لەمەودای 50 ساڵی 1950 – 2000 تەنها 350 بەساڵاچوو چووەتە سەر ژمارەی پێشوو كە چی لە 25 دواتر و بۆ ئایندە 650 ملیۆن دەچێتە سەر ژمارەی بەساڵاچووان لە ساڵی 2025 دا،
هەڵبەت ئەمەش رێكخراوەكان و حكومەتەكان ناچار دەكات پابەندی بەدواداچوونی ژیانی بەساڵاچووان و لێكۆلینەوەبن لەسەری، ئەگەرچی ئەم بەرزبوونەوەی ژمارەیە پەیوەندی بە باشبوونی بواری تەندروستی و پێشكەوتنی وڵاتان و هەروەها پاك و خاوێنییەوە هەیە، لە لایەكی تریشەوە پەیوەندی بە جەنگ و كارەساتەكانەوە هەیە.

بەساڵاچوان و كاری رێكخراوەیی
ئەمڕۆ لەسەر ئاستی دونیا كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گەیشتوەتە ئەو راستییەی كە گرنگیدان و دابینكردنی سەربەستی و سەربەخۆیی تاك بەردی بناغەی پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەكە ئیتر ئەو تاك-ە لەهەر تەمەن و لەهەر رەگەزێك بێت، زۆر سروشتیە هەر چەند (تاك)ێك بەپێی تەمەن یاخود بەپێی هاوپیشەیی كۆببنەوە و كۆمەڵە و گروپ و سەندیكای تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن، وەك ئەوەی لەئەمڕۆدا چەندین رێكخراو و كۆمەڵەی منداڵان و گەنجان و ژنان لە كوردستاندا ئامادەییان هەیە و هەر یەكەشیان سەدان و هەزاران ئەندامیان لە سەرجەم شاروشارۆچكەكاندا هەیە و بەردەوامیش لە هەوڵی زیاتردان لە پێناو باشتركردنی باری ئابووری و هۆشیاری ئەندامەكانیان.
لە هەلومەرجێكی ئاوادا زۆر ئاساییە ئەگەر كۆمەڵەیەك یان سەنتەرێك بۆ بەساڵاچوانیش دابمەزرێت، دەكرێت لە ئاوا شوێنێكدا پەرە بەپەروەردەی باری جەستەیی و چالاكی فكری و روناكبیرییان بدرێت، باشترە ئەگەر ئەو سەنتەرە لەلایەن حكومەت یان وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە سەرپەرشتی و چاودێری بكرێت، سەنتەرێكی لەو جۆرە بەر لە هەر شتێك دیاردەیەكی شارستانی و مەدەنیانەیە و بڕواهێنانیشە بەوەی مرۆڤ هەر مرۆڤە ئەگەر لە هەر ئاست و تەمەنێكدا بێت هەر شایەنی رێزو گرنگی پێدانەو مافی ئەوەی هەیە لە شوێنێكی شیاودا پراكتیزەی خەون و خولیاو ئارەزوەكانی بكات.

كاریگەری ئەنفال بەسەر بەساڵاچووانەوە
ئەنفال وەك كارەساتێكی كەم وێنەی تراژیدی، كارێكی گەورەی كردە سەر كۆمەڵگەی كوردەواری، بە تایبەتی مناڵان، ژنان، بەساڵاچووان، لەبەر ئەوەی كارەساتەكە هەوڵێكی رژێمی بەعسی عێراقی بوو بۆ تۆوبڕكردنی لاوان و خاوەن تین و تواناكانی كۆمەڵ، هەربۆیە دەبینین ئەوانەی بەركەوتن هەرەزۆری ئەو تەمەنەن، زۆربەی ئەوانەش كە لە زیندانەكانی رژێمەوە گەڕانەوە بەسڵاچووان بوون، چونكە دووژمن پێی وابوو جارێكی تر ئەوانە نابنەوە مەترسی لەسەریان.
بەساڵاچوانی كەسوكاری ئەنفالكراو جگە لەدەستدانی سەروەت و سامان و گوند و ئاوەدانی و دیوەخان و مزگەوت و ساڵەكانی تەمەن ئازیزترین پارچەكانی جگەریان لەدەستدا كە كورد كچ و نەوەكانیان بوون، ئەمەش كاریگەرییەكی زۆر خراپی كردەسەر ئەو بەساڵاچووانە لەهەرسێ لایەنی ئابوری و دەروونی و تەندروستییەوە.




‌ 403 جار بینراوه‌
10/6/2018 9:06:53 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved