»  راپۆرت
هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتایی بە تاكڕەوی دەهێنێت
ئا / رەوان تاڵب


لەدوای یەك مانگ لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە 3-9-2018 بەڕێوەچوو، بەپێی یاسا پێویست بوو لە ماوەی مانگێكدا پۆستی سەرۆك كۆمار لە نێو هۆڵی پەرلەمان دەستنیشانبكرێت، تا لە كۆتایی وادەكە پۆستەكە لە بەرژەوەندی یەكێتی نشیتمانی كوردستان یەكلابوەوە. 

پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار:
لەدوای ململانێی و كێشمەكێشمەكان دواجار پەرلەمانی عێراق ئێواری رۆژی سێشمەی رابردوو  كە بەپێی یاسا دوا رۆژ بوو بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، پەرلەمان دانیشتنی ئاسایی خۆیی بە ئامادەبوونی 302 پەرلەمانتار بە مەبەستی یەكلایكردنەوەی ئە پۆستە ئەنجامدا. 
ئەو دانیشتنە بۆ جاری یەكەم بوو لە دوای سێ خول لە دەستنیشانكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار كە بەپێی رێكەوتنی پێكهاتە و لایەنە سیاسیە عێراقیەكان و كوردستان بە پشكی كورد هەژمار دەكرێت،  كورد بە چەندین كاندیدەوە رووی لە هۆڵی دانیشتنەكان كرد. بەوەی لە هەریەكە لە ساڵەكانی 2005 و 2009 سەرۆك مام جەلال تاكە كاندیدی كورد بوە بۆ ئەو پۆستەو هەردوو جارەكەش بە جەولەی یەكەم و بەدەنگی  زۆرینەی پەرلەمان ئەو پۆستەی بەدەستهێنا و لە خولی سێیەمیشدا فراكسیۆنە كوردییەكان لە نێو خۆیاندا لە نێوان هەریەكە لە بەرهەم ساڵح و فوئاد مەعسوم، ئەوەی دووەمیان وەك تاكە كاندیدی كورد دەستیشانكرد.
ئەو ئێوارەیە  پێش دەستپێكردنی كۆبونەوەكە، پێنج كاندید پاشەكشێیان لە خۆكاندید كردن كردوو و زوو هەستیان كرد كە ئەگەری بوونیان بە سەرۆك كۆماری نوێی عێراق مەحاڵە،  بەوەش جەولەی یەكەمی هەڵبژاردن بە رێگای نێهینییەوە بەڕێوەچوو كە هەریەكە لە یەكێتی نیشیتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بە دوو كاندیدی جیاواز بەشداریان لە پرۆسەكە كرد و بەرهەم ساڵح توانی 165 دەنگ بەدەستبهێنێت و فوئاد حوسێن 89 دەنگ و سروە عەبدولواحید 18 دەنگ و سائیر غانم یەك دەنگ و منقەز عەبدولەتیف 2 دەنگ و نوار سەعد 2 دەنگ و عەباس محەمەد چوار دەنگ و هاوكات 14 دەنگی پوچەڵ و 8 دەنگیی سپیش هەبوە. 
بەپێی دەستنیشانكردنی یاسایی دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆماریش كە پێویستە كاندیدەكە 218 كە زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت هیچ كام لە كاندیەكان چانسی وەرگرتنی پۆستەكەیان نەبوو، بۆیە بە ناچاری سەرۆكایەتی پەرلەمان هەردوو كاندیدی یەكێتی و پارتی بۆ جەولەی دووەم هێشتەوە و كە لە دواجاردا دكتۆر بەرهەم ساڵح بە كۆی 220 دەنگ وەكو سەرۆك كۆماری دەستیشانكرا و فوئاد حوسێنیش تەنها 22 دەنگی بەدەستێهنا. 

بەیاننامەكان كاریگەری لەسەر پرۆسەكە نەبوو:
ئەگەرچی لە پێش دەستپێكردنی جەولەی دووەم بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد هەڵبژاردنی جەولەی دووەم دوابخات، بەڵام داواكەی رەتكرایەوە چونكە بە پێی یاسای پەرلەمان كاندیدی سەرۆك كۆمار تەنها خۆی مافی ئەوەی هەیە بە نوسراوو واژووی خۆیەوە داوای پاشەكشێ بكات.
دواتر لە بەیاننامەیەكدا كشانەوەی فوئاد حوسێنی تاكە كاندیدەكەی پارتی و بارزانیان راگەیاند، بەڵام ئەو كات كار لەكار ترازابوو پرۆسەی دەنگدان دەستیپێكردبوو. 
بەوتەی چاودێرانی سیاسی، پارتی بۆی روون ببوەوە كە لە جەولەی دووەم كاندیدەكەی سەرۆكی پارتی دەرناچێت بۆ ئەوەش دەیویست بە دۆڕای لەو پرۆسەیە نەیەتە دەر، بەڵكو لەبەر قسەی بارزانی و پاڵپشتیە رەهاكانی بۆ وەگررتنی ئەو پۆستە بەبێ هۆ بەبا نەچێت، بەڵام ئەوە رووی نەداو بەپێی یاسا ناوی چووە كێبڕكێكەوە.  
لەو كاتەشدا سەرۆكی پارتی بە دەركردنی بەینامەیەك كە بەوتەی چاودێران بەیاننامیەكی هەڕەشە ئامێز بوو لەو شەوەدا كە تێدا هاتبوو:”بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پێچەوانەی ئەو نەریتەیە كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە رابردوو پەیڕەو كراوە “، باسی لەوەشكردبوو:”ئەو ئالیەتەی ئێستا بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نیەو لە داهاتوویەكی نزیكدا هەڵوێستی خۆمان دەبێت “.
چاودێرێكی سیاسیش ئاماژە بۆ ئەوە دادات:”ئەگەر پارتی رێكارەكەی بەدڵ نەبوو ئەوە پێویست بوو لە پێشوتردا نەچوایەتە كێبڕكێكەوە نەك كە لە جەولەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە دۆرا ئینجا بەیاننامەیەكی دەركرد”. 
هاوكات دەركردنی ئەو بەیاننامەیەشی بەبیانویەك بۆ دۆڕانەكەی پارتی بەرانبەر كانیددەكەی یەكێتی هێنایەوە، بەڵام ئەوەش رێگریی لە نەكرد لە دەستینیشانكردنی كاندیدەكەی (ی ن ك) بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار و دواجار لە بەرژەوەندی ئەو بە زۆرینە یەكلا كرایەوە. 

دانوستاندن و كۆبونەوەكان بەبێ ئەنجام بوون:
لە ماوەی رۆژانی دووشەممە و سێشەمەی رابردوو، وەفدی یەكێتی نشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆبونەوەیەكی زۆریان ئەنجامدا بۆ ئەوەی بە یەك كاندید بچنە هەڵبژاردنەكەوە، بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی نزیك لە وەفدەكان، پارتی زۆرترین تەنازولی لە پۆستەكانی بەغدا و هەرێم بۆ یەكێتی كردووە تەنها بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوەش تەنها لەبەر ئەوەی فوئاد حوسێن راستەوخۆ لە لایەن مەسعود بارزانیەوە پاڵپشتی دەكرا و كاندید كرابوو. 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆئەوەشكرد، پارتی سەرجەم پۆستەكانی عێراق كە پشكی كوردن و بەر كورد دەكەون پێشكەشی یەكێتی دەكات و سەرۆكی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش لەگەڵ یەكێتی دوو بە دوو ساڵ بەشدەكات، تەنها بۆ ئەوەی قسەكەی بارزانی سەر بگرێت و یەكێتی كاندیدەكەی خۆی بكشێنێتەوە، بەڵام یەكێتی سەرجەمیانی رەتكردەوە و پێداگیری تەواوی لەسەر ئەو پۆستە كرد كە لە پرسەیەكی دیموكراسیانە لە هۆڵی پەرلەمان یەكلا ببێتەوە. 

یەكێتی گرەوەكەی لە پارتی بردەوەو سەركەوت: 
چاودێرانی سیاسیی لە دوای پرسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد، كە یەكلابونەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرژەوەندی یەكێتی لەهۆڵی پەرلەمان، كۆتایی بە بڕیارە تاك لایەنەكانی پارتی هێناوە، كە چیتر تاكڕەوانە و بەبێ گەڕانەوە بۆ حزب و لایەنەكانی دیكە بڕیاری سەربەخۆیانە نەدات و بەڵكو لە رێگای گفتوگۆ و لێكگتێگەیشتنەوەوە پرسەكان یەكلابكاتەوە.
هاوكات بەشێك لە چاودێرانی دۆخەكە، ئەوەشدەخەنەڕوو، كە پارتی چیدیكە ناتوانێت تاك لایەنەنانە بۆ هەر پۆست و پرسێك كە رووبەڕوی كورد لە هەرێم و عێراق دەبێتەوە هەنگاو بنێت و لایەنەكانی دیكە فەرامۆشبكات و نەگەڕێتەوە بۆیان, بەڵكو پێویستە یەكێتی وەكو هێزێكی خاوەن ئیرادەو بەهێزی نێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرێم تەماشابكات و چیدیكە بەبێ رێكەوتنێكی شەفاف و یەكسان هەنگاوی سەربەخۆیانە نەدات، تاوەكو نەكەوێتە هەڵەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆمارەوە و توشی ئیحراجی سیاسی نەبێتەوە و یەكێتیش گرەوەكانی لێنەباتەوە. 
ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە ماوەی رابردوودا پارتی سەربەخۆیانە و تاك لایەنانە، بەشیر حەدادی كاندید كرد بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام لە جەولەی یەكەم نەیتوانی سەركەوتن بەدەستبهێنێت بەناچاری لە جەولەی دووەم پەنای بردەبەر گفتوگۆ و رێككەوتن. 

پۆستی سەرۆك كۆمار و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان:
دوابە دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆماری نوێی عێراق، لێپرسراوانی حكومی و حزبی و كەسایەتییەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان و عێراق پیرۆزباییان ئاراستەی ناوبراو كردو هیوای سەركەوتنیان بۆی خواست. 
هاوكات لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش، ئەو پرۆسەیە بێبەش نەبوو لە پۆستی نوكتە ئامێزو تەنزی مەبەستدار، لەسەر هەردوو كاندیدەكەی یەكێتی و پارتی .  
وك لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا هاتووە:” ئەڵێن چۆن لە رێزمانی كوردیدا دوو بزوێن بەدوای یەكدا نایات، لە سەرۆكایەتی كۆماریشدا دوو فوئاد بەدوای یەكدا نایەن”. 
هاوكات لە پۆستێكی دیكەدا،  هاتووە:”بە فوئادەكەی پارتی بڵێن ئەگەر هاتەوە فوئادەكەی ئێمەش لەگەڵ خۆی بێنێتەوە”، هەروەها لە یەكێكی دیكەدا هاتووە، گوایە فوئاد حوسێن رایگەیاندووە ئەگەر دەرنەچێت ئەوە خۆی دەسوتێنێت، بەڵام بەرهەم ساڵح لەوەڵامدا وتویەتی كردار شەرتە. 
هەروەها لە پۆستێكی دیكە باس لەوەكراوە:”ئاخۆ ئەبێ كام فوئادیان زووتر بگەنەوە نیشیتمان!”.



‌ 107 جار بینراوه‌
10/6/2018 9:07:31 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved