»  پەڕەموچ
بەرنامــەی (شــارا)ی (كــورد مـــاكس) و بەزاندنی ئەتەكێتی رۆژنامەوانی
هونەرمەند/ سەڵاح حەمەئەمین



چەند رۆژێك لەمەوبەر خەڵكی كەركوكی (قودس و دڵی كوردستان) بەتامەزرۆوە بەرانبەر كەناڵی ئاسمانی (كورد ماكس) و بەرنامەی (شارا) دانیشتن تا لەو بەرنامەیەدا كوڕی یەكێك لەكۆڵەگەكانی هونەری مۆزێك و گۆرانی و مەقامی رەسەنی كوردی وتنەوەی شاری كەركوك و هەر چوار پارچەی كوردستان ببینن ئەویش (عەباسی سەڵاح داودە) بوو.
(سەڵاح داودە) ئەو كەڵە هونەرمەندو ناوەبەناوبانگەیە كە پتر لە نیو سەدە خزمەتی هونەرو گۆرانی كوردی رەسەنی كردووەو جێدەستی لەو بوارەدا دیارەو بووەتە قوتابخانەیەك لە هونەری گورانی وتن و مەقاماتی رەسەنی كوردی كەسەرجەم كورد شانازی پێوەئەكات، لەلای هیچ كەسێكیش شاراوە نییە كە ئەو بنەماڵەیە بەبێ ئەوەی هیچ پەیمانگا، یا كۆلێژێكی هونەری تەواو بكەین گەیشتوونەتە ئەو پلەو پایە هونەرییە كەجێی دەستی دیاری خۆیان  لەسەر بزافی هونەری موزێك گۆرانی كوردیدا بەجێبێڵن.
ئەفسوس شاراوە نییە كەئەو بنەماڵەیە بەهۆی سەختی باری ژیان نەیانتوانی لەگەڵ پەرەپێدانە هونەرییەكەیاندا ئاستی خوێنەواری و رۆشنبیری خۆیان پەروەردە بكەن و بەرەو پێشەوەی بەرن، بێگومان راستە ئەوەش لەناو كۆمەڵگەی كوردەواری ئێمەدا كە رێژەی نەخۆیندەوای لە ئاستێكی بەرزدایە، دەبێتە كەلێنێك لەژیانی ئەو كەسانەدا، بەڵام هەرگیزاو هەرگیز نابێت و نەبووەتە عەیبەو هۆكارێك بۆ تەشەرو تانەلێدان لەو كەسانە. 
لە لایەكی ترەوە شاراوە نییە لەم سەردەمی تەكنەلۆژیاو ئامێرە جیاجیاو پێشكەوتووەكانی پەیوەندیكردن تا ئەم دەمە لەناو كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لەنێو كۆمەڵگەی كوردەوای ئیمەدا بەتایبەتی، زۆربەی هەرە زۆری پرۆسەكانی هاوسەرگیری لەرێی خۆشەویستی و ئەوین دارییەوە ئەنجام نادرێت، ئەوەش بێگومان نابێتە(عەیبە) و هۆكارێك بۆ سوكایەتی كردن بەو كەسانەی بەو شێوەیە پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام ئەدەن .
 ئەفسوس لەو بەرنامەیەدا بەهۆی ئەوەی (عەباسی سەڵاح داودە) لە وەڵامی پرسارێكی پێشكەشكاری بەرنامەی (شارا)دا سەبارەت بەپرۆسەی هاوسەرگیرییەوە (ئایا لەرێی خۆشەویستییەوە پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام داوە) ، (عەباسی سەڵاح داودە) لەسەر رووی خۆی و بەو هۆكارانەی لەمەوبەر ئاماژەمان پێدا و بەسەلیقەیێكی (كوردەوارییانەوە) وەڵامی دایەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی پێشكەشكاری ئەو بەرنامەیە بە ئاشكرا و بەبێ شەرم گاڵتەی پێبكات و بەشێوەیێكی ناشیاو پێی پێبكەنی و هەروەها بداتە سەرڕانی خۆیدا و وشەی (چش) بەكاربهینیت و لەبەر چاوی میوانەكانی ئەو بەرنامەیەو بینەران و وەك سوكایەتی پێكردنێك (نەسیحەتی) ئەو گۆرانی بێژە بكات ... 
لێرەدا پێویست بەوە دەكات ئاماژە بەوە بدەین كە ئەو بەرنامەیەراستەوخۆ نەبووەو ئەگەر پێشكەشكارو دەرهێنەری ئەو بەرنامەیەمەبەستیان سوكایەتی كردن  بەكەركوكییەكان و هونەرمەندەكانی نەبێت ئەوە بێگومان دەیانتوانی لەكاتی مۆنتاژدا ئەو هەڵەیە چارەسەر بكەن. 

‌ 356 جار بینراوه‌
10/6/2018 9:20:19 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved