نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  کاتژمێر یازدە
بەڵێ 16ی ئۆكتۆبەر رۆژێكی رەش بوو



بەندە لەبەر ئەوەی رای تایبەت بە خۆم لەسەر پرسە سیاسییەكان هەیەو (قازئاسا) قیڕە قێڕ ناكەم، بۆیە بەردەوام رووبەڕووی هێرش و پەلامارو جنێوو تەشهیر دەبمەوە.
هەرچەندە قورسترین شەڕ ئەو شەڕانەن كە نەیارەكەت بێ بەهاو بێ ئاكار و بێ ئابڕوو بێت و هیچ مرۆڤایەتییەكی تێدا نەبێت، دەست لە هیچ شتێك نەپارێزێت لە شكاندنت، تەنها لەبەر ئەوەی بە دوای ئەودا قیڕەت نەكردووە.
بۆ رووداوەكانی ئەیلول و ئۆكتۆبەری 2017 ، بەندە بەوپەڕی لێپرسراوێتییەوە مامەڵەم كرد، رای خۆم لە چەند وتارێكدا بە ئاشكرا نووسی، مەترسییەكانم خستەڕوو، وەكو پەرلەمانتارێكیش لەو سەردەمەدا هەر راستییەكم زانیبێت و هەر مەترسییەكم هەست پێكردبێت و هەر پەیامێكم پێدرابێت، هەم سەركردایەتی سیاسی هەم كۆمەڵانی خەڵكم بەوپەڕی راستگۆییەوە لێ ئاگاداركردۆتەوە.
سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم، من قەناعەتی تەواوم هەبوو كە پرۆسەكە سەركەوتوو نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا دوای دەربڕینی مەترسییەكانم لە مانگی تەمموزی 2017ـەوە گۆشە رۆژنامەوانییەكەم راگرت و یەك دێڕم لە دژی ریفراندۆمەكە نەنووسی، بۆ؟ چونكە  پێموابوو كورد لەوەتەی هەیە خەبات دەكات و شكستدێنێت، ئەمەش خەباتێكی ترەو  ناكرێت دژایەتی بكرێت، بەڵام دەبێ كاربكەین تا پێمان دەكرێت لە زەرەرو زیانەكانی كەم بكەینەوە، چونكە من خۆم ئاگاداری زۆربەی پەیامە نێوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان بووم، دەمزانی مەترسی گەورەی بە دواوە دێت، هەوڵی زۆرماندا كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان لەو مەترسییە چاوەڕوان كراوانە بە دوور بگرین، بەداخەوە سەركەوتوو نەبووین.
دواجار بڕیاردرا ریفراندۆم بكرێت و كەركوكیش بگرێتەوە، لەو بڕیارەشدا تەنها پارتی بەرپرسیار نییە، هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەپێی قەبارەی خۆیان پشكی بەرپرسارێتییان بەردەكەوێ، كە من پێموایە بەرپرسیارێتی یەكێتی ئەگەر لە بەرپرسیارێتی پارتی زۆرتر نەبێ، ئەوە بە دڵنیاییەوە لەو پرۆسەیەدا كەمتر نییە.
من خۆم لەگەڵ هەموو سەرنج و تێبێنی و مەترسییەكانمدا ئیلتزامم بە بڕیارەكەوە كردو بە (بەڵێ) دەنگم دا، دوای ئەوەی كە (93%)ـی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی ترەوە بە (بەڵێ) دەنگیاندا، سەركردایەتی سیاسی كوردی جورئەتی ئەوەی نەكرد رێز لەو دەنگانە بگرێت و سەربەخۆیی رابگەیەنێت، مەترسییەكان بۆ سەر كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم زۆرتر بوو.
پاشەكشەی سەركردایەتی سیاسی لە ئەنجامی دەنگەكان رۆژ بە رۆژ مەترسییەكانی بۆ سەر ئەم ناوچانە زیاتر دەكرد، بۆیە دەبوایە كارێك بكرێت بە كەمترین زەرەرو زیانەوە لێی دەربچین.
16ی ئۆكتۆبەر بە هەموو پێوانەیەك رۆژێكی رەش بوو بۆ كورد، دەرەنجامی پرۆسەی ریفراندۆم نییە بە تەنها، بەڵكو ئەنجامی شكستی 14ساڵ و شەش مانگ و شەش رۆژی حكومڕانی كوردە لەو شارەدا، واتە لە(10/4/2003- 16/10/2017)، بۆیە ناكرێت بە كاردانەوەو تۆمەتباركردنی یەكتر ئەم كارەساتە تێپەڕێنین، هەموومان بەرپرسیارین لەم دۆخەی كەركوك و خورماتوو و ناوچەكانی تر، تۆمەتباركردنی یەك و شكاندنی یەكتر هیچی لێ ناچنینەوە تەنها خزمەتی نەیاران دەكات، چۆن پارتی راشكاوانە لە داخستنی پەرلەمان و ناردنەوەی دكتۆر یوسف محەمەد بۆ ماڵەوە وتی: باشترینی خراپەكانە، دەبێ یەكێتیش لەمەڕ 16ی ئۆكتۆبەر راشكاوانە بڵێت رۆژێكی رەشی مێژووییەو ئەم بژاردەیە باشترین بوو لە ناو خراپەكاندا، پارتیش لە بری ئەوەی پرۆسەیەكی شكستخواردوو بەسەركەوتن بفرۆشێتەوە، دژە ریفراندۆمەكانیش لە بری لێدانەوەی قەوانە كۆنەكەیان، دەبێت هەمووان بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە هەڵوەستە لەسەر ئەو رووداوانە بكەین و بە شێوازێكی زانستی لەسەریان بووەستین بۆ ئەوەی نەوەكانی ئایندە سوودی لێوەربگرن و هەمان ئەو هەڵە مێژووییانە دووبارە نەكەنەوە، خۆدزینەوەش لە بەرپرسیارێتی هیچ لە راستییە مێژوییەكان ناگۆڕێت.






 


‌ 1439 جار بینراوه‌
10/13/2018 7:34:14 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved