نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  چاوپێکەوتن
كەركوكییەكان داوای هەڵگرتنی خاڵە گومركییەكان و نەمانی حوكمی سەربازی دەكەن
ئا / هەواڵ

هۆشداری لە تێوەخزانی پرۆسەی خوێندن و كایەی رۆشنبیری لە ململانێی سیاسی و بازرگانی دەدەن


خاڵە گومركییەكانی نێوان كەركوك و شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان جگە لەوەی بۆتە هۆی گرانبوونی نرخی كاڵاكان، هاوكات بوونەتە ئامرازێك بۆ زیندووكردنەوەی پرۆسەی تەعریب، رۆشنبیرانیش هۆشداری لە بەردەوامی دۆخەكە دەدەن و داوای داخستنی خاڵە گومركییەكان و لێپێچینەوە لەگەڵ كارمەندەكانی و هەروەها نەمانی حوكمی سەربازی لە كەركوك و بەدوورگرتنی پرۆسەی خوێندنی كوردی و رۆشنبیری كوردی لە ململانێ سیاسی و بازرگانییەكان لە سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.

دوای دانانی خاڵی گومرك لە نێوان (كەركوك- هەولێر و كەركوك- سلێمانی)، هاوڵاتیانی كەركوك بە تەواوی نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانەوە گلەیی لە بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل و كاڵاو خواردەمەنییەكان دەكەن، چونكە بە جۆرێك رێژەی هەموو شتەكان زۆر بەرزبونەتەوە.

دانانی گومرك پێچەوانەی دەستورە
لەسەر دانانی خاڵی گومرك لە نێوان شارەكان، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا ئەو كارە بە نایاسایی و پێچەوانەی دەستور ناودەبات.
ئەحمەد عەسكەری ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” دانانی ئەو خاڵە گومركییانە كارێكی نایاساییە، چونكە لە هیچ یاساو خاڵێكی دەستوردا نەهاتووە لەنێوان پارێزگاكانی عێراقدا گومرگ دابنرێت”.
ئەو ئەندامەی لیستی برایەتی دەشڵێت:” دەبێت خاڵی گومرك تەنها لە سنورەكان و بەندەرەكان و فڕۆكەخانەكان هەبێت، ئەگینا گومرك بۆ ناوخۆیی بەهیچ شێوەیەك نابێت و پێچەوانەی دەستورە”.
عەسكەری ئاماژە بەوەشدەكات:” لە ماددەی 23ی یاسای گومركی عێراقی لە  ساڵی 1984 هاتووە كە خاڵە گومركییەكان تەنها لەگەڵ شتە دەرەكییەكان و وڵاتانی دراوسێدا دادەنرێت، واتا لەسەر سنورو بەندەرەكان، لەگەڵ ئەو شمەكانەی كە لە فڕۆكەخانەكانەوە دێن”.

بازرگانانیش نیگەرانن
جگە لە هاوڵاتیان، دانانی ئەو خاڵە گومركیانە بۆتە مایەی نیگەرانی بازرگانان، وەك خۆشیان دەڵێن:” تا كەلوپەلو كاڵایەك دەگەیەننە جێیەك بە چەند گومركێكدا تێپەڕدەبن و باج دەدەن”.
رەمەزان حاجی رەشید، یەكێك لە بازرگانەكانی شاری كەركوك، بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:” زیانلێكەوتووی سەرەكی هاوڵاتیانن و بازرگانەكانیش كاریان دەوەستێت”.
وتیشی:” ئەمە وا دەكات بازاڕ تا ماوەیەك رابوەستێت و تا جارێكیتر خەڵكەكە دووبارە لەگەڵ نرخی بازاڕ رادێتەوە”.
رەمەزان حاجی رەشید ئاشكراشیكرد:” لە هیچ وڵاتێك نەبینراوە ئەو هەموو گومركە هەبێت، بۆ نمونە لە ئیبراهیم خەلیل و لە باشماخ دێیتە ئەمدیو گومرك هەیە، ئەوەتا لە نێوان كەركوك – هەولێرو كەركوك- سلێمانی گومرك هەیە، بە گومرك دەچیتە بەغدا، ئەم فرە گومركییە كاریكەری زۆر خراپی لەسەر كاری بازرگانی دەبێت”.
وتیشی:”هەوڵیشمانداوە بە كۆدەنگی لەگەڵ بەغدا قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەین، بەڵام بە داخەوە بەغدا گوێ ناگرێت “.

گومركەكان قەرەباڵغ و بێ پۆلیسی هاتوچۆن
سەرەڕای قەرەباڵغی لە خاڵەكانی گومرك، بەڵام لە گومركەكاندا، پۆلیسی هاتوچۆ بە دی ناكرێت، ئەمەش مەترسی بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان و رووداوەكانی هاتوچۆ زیاد دەكات.
لای خۆیەوە عەقیدی یاسایی شێزراد ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری هاوچۆی كەركوك لە چاوپێكەتنێكیدا بۆ رۆژنامەی (هەواڵ) رایگەیاند:” لە ئێستادا كۆمەڵێك بازگەی پۆلیسی فیدراڵی و  خاڵی گومرك لە كەركوك هەن، ئەو بازگەو خاڵانەش پێویستیان بە پۆلیسی هاتوچۆیە، بەڵام لەبەر نەبوونی رێژەی پێویستی پۆلیسی هاتوچۆ لە تواناماندانییە بۆیان دابین بكەین، ئەوان دەڵێن پۆلیسی هاتوچۆمان بۆ دابین بكەن و ئێمەش دەڵێن لە تواناماندا نییە.

گوندێك مەترسی چۆڵكردنی لەسەرە
بەهۆی تەپ و تۆزو هۆڕن لێدانی بارهەڵگرەكان و وەستانی ئۆتۆمبێلێكی زۆر  لە خاڵی گومركی (كەركوك- هەولێر) دانیشتوانی گوندی كەڵوڕ بە تەواوی هەراسان بوونەو بەشێك لە دانیشتوانی گوندە دەڵێن ئەگەر كار وا بڕوات، ناچارن گوندە جێبهێڵن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی خەڵكانێكی عەرەب دەیانەوێت بە هەر نرخێك بێت خانوو یاخود پارچە زەوی لە دەوروبەری گوندەكە بكڕن چ بۆ حەسانەوەی خۆیان چ بۆ كردنەوەی دوكان و چێشتخانەو گەراجی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان.
جێی ئاماژەیە گوندەكە نزیكەی 250 ماڵ دەبێ و لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە ئاوەدان كراوەتەوە.


رێگری لە هێنانی كتێبی كوردی دەكەن
گومركەكان رێگری لە هێنانی كتێب و مەلزەمەی خوێندنی كوردی دەكەن بۆ نێو كەركوك .
زاهیر شكور خاوەنی كتێبخانەی ناوەندی دیالۆك بۆ (هەواڵ) وتی:”  من وەك خاوەن كتێبخانەی دیالۆگ، كتێب لە سلێمانی و هەولێرو بەغداوە دێنم، تا ئێستا كێشەیەكمان نەبووە، هەفتەی پێشوو لە خاڵی گومركی (كەركوك-سلێمانی)، رێگەیان پێگرتم و ئیتر كتێبەكانیان پێداگرتم و یەكێك دەیوت دەبێ گومركی بكەیت یەكێ دەیوت شمولی گومرك ناكات، ئیتر هەر یەكەو بە جۆرێك قسەیان دەكرد”.
زاهیر شكور باسی لەوەشكرد:” لە گومركەكە وتیشیان ئیتر لەمەودوا مەلزەمەی خوێندن دەبێت بزانین چیەو باسی چیدەكات، ئەوسا رێگەی پێدەدەن بچێتە نێو كەركوكەوە.
وتیشی:” كتێبەكان كوردی بوون و ژمارەیان شەش كارتۆن كتێب بووە، دواتر بەهەزار حاڵ رێگەیان پێدام و وتیشیان ئەمە كۆتا جارتە كتێب بهێنی”.

رۆشنبیرانی كەركوك هاتنە دەنگ
كاتژمێر 4ی سەرلەئێوارەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو رێكەوتی 10/10/2018 لە هۆڵی دیالۆگ ژمارەیەكی بەرچاو لە رۆشنبیرانو كەسایەتییەكانی شاری كەركوك یاداشتێكی ناڕەزاییان بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی خاڵە گومركییەكانی نێوان كەركوك و شارەكانی هەرێم، ئاراستەی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.
لە یاداشتەكەی رۆشنبیرانی شارەكەدا هاتبوو:  دوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، كەركوك بە دۆخێكی تایبەتدا تێدەپەڕێت و دەیان دیاردەی دوور لە سیمای شارستانی دەبنرێت و چەندین بڕیاری دژ بە هاوڵاتیانی شارەكە دەردەكرێت.
ئاماژەیان بەوەشكردبوو:” دواترین بڕیار كە بە شێوەیەكی ترسناك بژێوی هاوڵاتیانی كردۆتە ئامانج و گرانی خستۆتە شارەكەوە، دانانی خاڵی گومرگیە لەنێوان كەركوك و شارەكانی هەرێمی كوردستان بە پێی رێكەوتنێكی نێوان هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم كە تیایاندا هاوشێوەی بازگەكانی سەردەمی حیزبی بەعس سەرانەو باج بە شێویەكی هەڕەمەكی لە خەڵكی وەردەگیرێت كە زۆربەشی ناچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە.
باسیان لەوەشكردبوو:” دوا رەفتاری ترسناكی ئەو خاڵە گومركیانە قەدەغەكردن و باجكردنی كتێبی و كوردی و مەلزەمەی خوێندنی كوردییە، كە ئەمەش تەنانەت لەسەردەمی رژێمی دیكتاتۆری بەعسیشدا رووینەداوە، بەتایبەتی ئێستا لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا زمانی كوردی هاوشانی زمانی عەرەبی زمانی رەسمی سەرجەم عێراقییەكانە، بەردەوامی ئەم دیاردەیەش دەرهاویشتەو لێكەوتەی خراپ و ترسناكی لێدەكەوێتەوە، بۆیە وەكو رۆشنبیرانی شاری كەركوك داوا لە بەڕێزتان دەكەین پشتگیری خەڵكی كەركوك بن لە:
1 - هەڵگرتنی خاڵە گومركییەكان.
2 - لێپێچینەوە كردن لەو خەرقە دەستورییە زەقە.
3 - بەدوورگرتنی پرۆسەی خوێندن و كایەی رۆشنبیری لە ململانێی سیاسی و بازرگانیكردنی بە زانست و رۆشنبیریەوە.
4 - وا بۆ ساڵێك دەچێت و هێشتا كەركوك لە سایەی حوكمی عەسكەریدایە، لەكاتێكدا هیچ پرۆسەیەكی سەربازی و مەترسیەك لە ئارادا نەماوە بۆیە داواكارین ژیان و حوكمی مەدنی بۆ شارەكەمان بگەڕێتەوە.




‌ 1142 جار بینراوه‌
10/13/2018 7:48:52 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved