»  وەرزش
ئامینە جەبار : خەڵك بەشێوەی خراپ بیر لە كچانی وەرزشكار دەكەنەوە


ئامینە جەبار یەكێكە لە كچە یاریزانە دیارەكانی تۆپی پێی و فوتساڵی كەركوك، سەرباری ئەوەی لە تەمەنێكی بچووكدایە، بەڵام توانیویەتی بگاتە ئاستی هەڵبژاردەی عێراق، ئامینە لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا باس لە وێستگەكانی ژیانی وەرزشی خۆی دەكات و سەرەتاش بە خۆ ناساندن دەستی پێكرد وتی “ 
- ناوم ئامینە جەبار سەعیدە و لە دایك بووی 2002شاری كەركوك و خوێندكاری پۆڵی 10ی ئامادەییم .
*چۆن و كەێ دەستت بە وەرزش كردوە؟ 
- لە تەمەنی 10ساڵیدا دەستم بە ئەنجامدانی وەرزش كردووەو بەتایبەتی لە یاری تۆپی پێی و فوتساڵدا . 
* وەرزشی كچان پاڵپشتییەكی بەهێزی دەوێت ، كێ ئەو رۆڵەی بینیوە لە ژیانی وەرزشیتدا ؟ 
- بە پلەی یەكەم خێزانەكەم و دواتر مامۆستا قاسم جەمیل پاڵپشت و هاندەرو رێنشاندەرم بوونە، خێزانەكەم تا رادەیەكی زۆر باش پاڵپشتمن و یارمەتیدەرمن، هەر دەستكەوتێك و ئەنجامێك بەدەستی بهێنم پشكی شێری بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە . 
* ئەنجام و دەستكەوتێكی وەرزشیت كە شانازی پێوەبكەیت ؟ 
- هەر دەستكەوتێكی وەرزشی لە هەر ئاستێكیدا بێت شانازی پێوە دەكەم، بەڵام بەدەستهێنانی قەڵغانی خولی خانمانی عێراق دیایرترینیانە، جگە لە بانگهێشتكردنم بۆ ریزی هەڵبژاردەی تۆپێی عێراق .
* گرفتی سەرەكی بەردەم وەرزشی كچان بۆ گەشەكردن چیە ؟ 
- بیروبۆچوونی هەڵەی خەڵك كە بەشێوەی خراپ بیر لە كچانی وەرزشكار دەكەنەوە، كە تا رادەیەكی زۆر بۆتە كۆتوبەند لە بەردەم زۆرێك لە توانا وەرزشیەكانی كچان . 
* وەرزش لە رووی كۆمەڵایەتیەوە هیچ گرفتی بۆ دروستكردویت ؟ 
-  نەخێر، رووبەڕووی هیچ شتێكی لەو بابەتە نەبوومەتەوە.
* چۆن دەڕوانیتە ئاستی كچانی كەركوك  ؟ 
- من ناتوانم هەڵسەنگاندن بۆ وەرزشی كچانی كەركوك بكەم، بەڵام بۆ بەراوردكردن دوولایەنانە كە تا رادەیەكی زۆر دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان كاریگەری هەیە لە سەر یەكەم، بەروارد بە شارەكانی كوردستان هێشتا نەگەیشتووینەتە ئاستی كچانی كوردستان، بەڵام بەروارد بە شارەكانی عێراق ئاستی كچانی كەركوك تا رادەیەك باشترو پێشكەوتووترە .



‌ 778 جار بینراوه‌
10/13/2018 8:05:27 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved