»  شۆک
گەنج لە سەردەمی تەخویندا
هاوار ستار

روداوەكانی دوای روخانی رژێمی بەعس هیند خێرا تێدەپەڕن كە جاری وا هەیە بە شەو رۆژێ كارەساتێ گەورە لە عێراقدا دەقەومێ، لە نێو كارەسات و شكست و روداوەكانیشدا ئەوەی رودەدات بێ بنەما تەخوین كردنی لایەنی نزیكە لە بابەتەكەوە یان ئەوانەی لە نێو واقعی ئەو بابەتەدان، لەنێو ئەم یەكتر شكاندن و تەخوینەشدا باشترین سەربازی بەرەكان و بەكارهێنانیان دژ یەك چینی گەنجە، چونكە گەنج بەوزەو هەستیارە.
ئەوەی لە عێراق و كوردستان رودەدەن و دەگوزەرێ بە تایبەتیش لە شارێكی وەك كەركوك كە لەو نێوەندەدایە زۆر كاریگەری بەسەر  چینی گەنجانەوە هەیە و هەر گەنجیش هۆكاری زیندو راگرتنی ململانێكانە، بە تایبەتی ئەو روداوانەی لە دوای ئەیلول و ئۆكتۆبەری پارساڵەوە سەریان هەڵدا گەنجی كردە بەرەیەكی دووبەرەكی و شەڕی ناوخۆیی ئەلیكترۆنییەوە كە لە كاتێكدا رەنگە هیچ لە حیزبەكان ئامادەی ئەو شەڕەی گەنجانی لایەنگری لایەنەكان نەبن، بەجۆرێك گەنج بەسەر حیزب و لایەندا دابەش بوون كە بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی و كەسیی خۆیان بیرچۆتەوە و ئەوەندەی بیر لە ژیان خۆیان و مەساڵحی نەتەوەیی بكەنەوە سەد هێند خەریكی ملشكاندنی یەكترن بە بابەتی حیزبی و تەخوین كردنی یەكتر و تا ئەگاتە یەكتر داپلۆسین.
گەنجی ئێستا ئەوەندەی چاولێكەرن ئەوەندە گەڕەر نین و موتابەعەیان نییە بۆ روداوەكان و زۆریان بێ زانیارین، بابەتێكی نێودەوڵەتی هەرێمی ناوچەیی رودەدات كە پەیوەندی بە ئایندەی سیاسی و جیوگرافی دەوڵەتێكەوە و نەتەوەكانەوە هەیە ئەو دێت وەك توتی حزبێك تەخوین دەكا و ئەوی تریش ئەمان تەخوین دەكا لە كاتێكا رەنگە هیچ كام لەو دوو گەنجەی دووبەرەیە بەركەوتەی روداوەكان نەبن. بۆیە لەسەر گەنجی ئێستا پێویستە زۆر هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ روداوەكان بكات و دوای وتە چەند كەسێك لەنێو چەند لایەنێك نەكەوێت كە بەرژەوەندیان لەو وتانەیان هەیە و بەو وتانە تۆی گەنج وەك لایەنگری خۆیان رادەگرن و شەڕەكەشت پێ دەكەن و دواتر لەسەرەوە رێكدەكەونەوە.
تۆی گەنج كاریگەرترین كایەی كۆمەڵگەو وڵاتی، شكاندنی براكەت شكاندنی خۆتە ،چونكە لە كۆتا هەردووكتان كوردن و وەك یەك لە لایەنێكی دوژمنكارەوە دەبینرێن، بۆیە گەنج تا وردتر و رۆشنبیرانەتر و پڕ زانیاریتر نەكەونە مونافەسە، ئەوا ئەوەی دەقەومێت گەنج هۆكارەكەی دەبێت و دەشبێت خۆی شەڕەكەی بكات.
باسكردنی گەنج لەم سەردەمی تەخوینەدا گرنگترین باسە، بەڵام تائێستا نە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریەك نە یاسایەك نە كەسێك نەبووە گەنجان لەسەر چەند خاڵێك كەلەبەرژەوەندی خۆی و نەتەوەیدا نییە راگرێت، هەربۆیە ئەو فەوزایەی ئێستا بە دوور نییە لە تەقینەوەو هەركاتێك بێت گەنجان دەچن بەیەكدا، ئەمەش زیانی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت و هەستی پێناكەن.
ئەركی حكومەت، حزب، رێكخراو، كایە و جومگەكانی نێو ئەو لایەنانەیە كە هۆشیاری بە گەنجەكان بدەن و گەنجەكانی نێو ئەو كایانەش هۆشیاربن و بەگەنجەكانی تر ئاشنابن و چینێكی لێكدراوی دانەبڕاوی گەنج دروست بكەن لە هەمو لایەن و ئاین و نەتەوە، چونكە سەردەمی بەیەكداهەڵگژان بەسەردەچێ و لە ئێستا نەتەوەی كورد لە نێو تەونێكی گەورەدایە كە دەبێ وەك ئەو روداوە خێرایانەی رودەدەن، خێرا لێی دەرچێ ئەوەش هەر بەگەنج دەكرێ و پێویستە لە تەخوینە بازدەنە سەر تەكوین و بونیاد نان.
شۆڕشی یەكگتویی گەنجی فەرەنسا ئەم فەڕەنسایەی ئێستای بونیاد ناوە، شۆڕشی فیكری گەنجی ئێمەش با كوردستانێكی جوان بۆ ئایندە بونیاد بنێت.

‌ 799 جار بینراوه‌
10/20/2018 12:26:15 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved