نوێترین
لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى سلێمانی هه‌شت كافتریا و خواردن و خواردنه‌وه‌ دادخەن   |    ئه‌ندامه‌ بندیواره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ته‌واوی موچه‌و ئیمتیازاته‌كانیان وه‌رده‌گرن   |    به‌شی وێژه‌یی له‌ ئاماده‌ییه‌كانی كه‌ركوك له‌ مه‌ترسیدایه‌   |    هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك خانه‌نشین بكرێت پۆسته‌كه‌ی له‌ده‌ست كورد ده‌رده‌چێت   |    به‌رپرسێكی یه‌كێتی : ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك ته‌نها له‌سه‌ر كات ماوه‌   |    پرسی سكاڵا له‌سه‌ر پۆستی قایمقامی داقوق بۆ مانگێك دواده‌خرێت   |    هه‌فته‌ هه‌واڵـی كه‌ركوك   |    له‌م هه‌فته‌یه‌دا بڕیار له‌سه‌ر موچه‌ دزراوه‌كانی مامۆستایانی خورماتوو ده‌درێت   |    دۆزینه‌وه‌ی زیاتر له‌ 200 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی سه‌رده‌می داعش له‌ عێراق   |    له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا عه‌بدولمه‌هدی چوار هه‌زار پۆستی به‌وه‌كاله‌ت یه‌كلایده‌كاته‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  وەرزش
خولی نایابی كوردستان لە كەشێكی ئارام لە كەركوك بەڕێوەدەچێت
ئا/ هەواڵ

پۆلیسی كەركوك ئەركی پاراستنی تەواوی تیپەكان دەگرێتە ئەستۆ

یاریی گازی باكورو شێروانە بیانووی بۆ تیپەكانی هەرێم نەهێشتەوە

رۆژی 22/10/2018 و لە یاریگای  یانەی نەوتی باكور یەكەمین یاریی وەرزی نوێی خولی تۆپی پێی یانە پلە نایابەكانی كوردستان لەنێوان یانەكانی گازی باكورو شێروانە لە كەشێكی ئارام و پارێزراو لەكەركوك بەڕێوەچوو.  
ئەنجامدانی یارییەكە  وەكو تاقیكردنەوەیەك بوو بۆچۆنێتی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی  یانە بەشداربووەكان، ئەمەش لە كاتێكدا چەند یانەیەكی شارەكانی دیكەی كوردستان، بە بیانووی خراپی دۆخی ئەمنی كەركوك  هەڕەشەی نەهاتنیان بۆ شارەكە دەكرد .
وەك پیشەی هەمیشەیی، رۆژنامەی(هەواڵ) ئامادەی روماڵكرنی یارییەكە بوو، راوبۆچوونی هەندێ لە ئامادەبووانی یارییەكەی سەبارەت بە  ئارامی و سەلامەتی یاریگاو تیپەكان وەرگرت.

یەكێتی هاوكارو پاڵپشتی چالاكییە وەرزشیەكان دەبێت
ڕەوەند مەلا مەحمود، جێگری یەكەمی لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی (ی.ن.ك) لە كەركوك بۆ (هەواڵ) رایگەیاند: “ مایەی دڵخۆشیە بۆ كەركوكییەكان بە گشتی و كورد بە تایبەتی كە ئەمڕۆ دوو تیپ لەم یاریگایە رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە كە ماوەی ساڵێكە یارییەكانی خولەكە لە كەركوك ئەنجامنەدراوە “. 
رەوەند مەلا محمود، وتیشی: “وەكو یەكێتی لە كەركوك پێمانباشە ئەو جۆرە خولانە بەردەوام بێت، چونكە  وەرزش بە كۆكەرەوەی سەرجەم نەتەوەكان دەزانین لە كەركوك و دڵخۆشین بە كارو چالاكیەكانی نوێنەرایەتی كەركوكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كە توانیویەتی سەرجەم پێكهاتەكان كۆبكاتەوە “. 
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك، ئاماژەی  بۆئەوەشكرد:” كە پاڵپشت و هاوكاری ئۆڵۆمپی دەبین بۆ سەرخستنی كارو چالاكیەكانیان”. 

یەكێتی تۆپی پێ داوا لە یانەكان دەكات یارییەكانیان لە كەركوك ئەنجامبدەن
سەفین كانەبی، سەرۆكی یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان، لەسەر هەمان بابەت بۆ (هەواڵ) وتی: “ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان كارێكی باش بوو، دەستخۆشی لە هەموو لایەك دەكەم  بە تایبەتی برایانی پۆلیس كە وەكو بیستوومە یانەی شێروانە ماوەی دوو رۆژ بوو لە كەركوك بوون،  هەماهەنگ و هاوكاریان بوونەو هیوادارم هیچ كارێكی نەخوازراو روو نەدات و باوەرش ناكەم روو بدات “.
سەرۆكی یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان، وتیشی “داواش لە یانەكان دەكەم بێن یارییەكانیان لە كەركوك ئەنجام بدەن، چونكە كەركوك كوردستانیەو نامەنەوێت كەركوك لە كوردستان داببڕێت بە تایبەتیش لە وەرزش، چونكە یاریزان و راهێنەر و تیپی باشی تێدایە و داوا لە یانەكانی كەركوك دەكەین  سەلامەتی تیپە میوانەكانیان لەئەستۆبگرن و پاڵپشت و هاوكاریان بن “.

یاری گازی باكورو شێروانە هیچ بیانوویەكی نەهێشتەوە
حەربی خالید سەرۆكی نوێنەرایەتی كەركوك لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق، بۆ (هەواڵ)  وتی:”پێش دەستپێكردنی یارییەكانی خولی كوردستان، سەردانی  فەرماندەی گشتی پۆلیسی كەركوكمان كرد بەمەبەستی هەوڵەكانمان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی وەرزشی كەركوك و میوانداری كردنی تیپە میوانەكانی خولی كوردستان لە كەركوك و دابینكردنی ئاسایش بۆ تیپەكان و یاریگاكان “.
حەربی خالد، وتیشی “ وەكو چۆن لە رابردوو هاوكارمان بوونە، لەم سەردانماندا بەڕێز لیوا عەلی كەمال فەرماندەی گشتی پۆلیسی كەركوك بڕیاریدا هێزە تایبەتەكەی خۆی تەرخانبكات بۆ یاوەریكردنی تیپەكان لە بازگاكانەوە تا ناوشاری كەركوك و پاراستنی تیپەكان لە كاتی یارییەكانداو دواتر یاوەری كردنیان تا لە بازگەكان  دەگەڕێنەوە شارەكانی خۆیان “ 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:” فەرماندەی پۆلیسی كەركوك زۆر بەپەرۆشبوو بۆ ئەوەی  بەباشترین شێوە  مێوانداری لە تیپەكانی كوردستان بكەین لە كەركوك و یاری گازی باكورو شێروانەش باشترین بەڵگەبوو، كە هیچ بیانوویەكی بۆ ئەو تیپانە نەهێشتەوە  كە دوودڵبوون لە دۆخی ئەمنی كەركوك “.

پێشتر بەشێك لە یانەكان دوودڵبوون بێنە كەركوك 
ناسیح شوانی،  بەڕێوەبەری لاوان و وەرزشی كەركوك، لەسەر دۆخی یاریگاكان بۆ (هەواڵ) وتی:”  وەكو بەڕێوەبەرایەتی لاوان و وەرزشی  كەركوك سوپاس و پێزانیمان هەیە بۆ برایانی پۆلیس كە رۆڵیان هەبوو لە دابینكردنی سەلامەتی تیپی میوان،  هەروەها سەرجەم ئەو دوو دڵییەیان ڕەواندەوە كە بەشێك لە یانەكان دوودڵ بوون لە سەردانیكردنی شاری كەركوك “.
ناسیح شوانی وتیشی:” هەمیشە بە بەردەوامی و بەكاری خۆمانی دەزانین كە پاڵَپشت و  هاوكاربین لەسەرخستنی سەرجەم پاڵەوانێتی و بۆنە وەرزشیەكان بە تایبەتی خولەكانی كوردستان “.
شاندی شێروانە دوو رۆژ لە كەركوك مانەوە
ئازاد حسێن  جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشی شێروانەو سەرۆكی شاندی یانەكە، لەسەر دۆخی ئەمنی شاری كەركوك  بۆ (هەواڵ) وتی:” ئێمە پێشتر هاتبووین بۆ كەركوك و یارییەكی دۆستانەمان ئەنجامداو ئەو دوو رۆژە یاریزانەكانمان  لە هۆتێلەكانی كەركوك  مانەوەو هاتوچۆی بازاڕیان دەكردو هیچ گرفتێكمان بۆ دروست نەبووە”.
جێگری سەرۆكی یانەی شێروانە، وتیشی:” دەتوانم بڵێم دۆخی كەركوك هاشێوەی كوردستانەو سوپاسی برایانی پۆلیسی كەركوك دەكەم كە ماندووبوون لەگەڵماندا”.

پۆلیس ئەركی پاراستنی یاریگاكانی گرتە ئەستۆ
پێش دەستپێكردنی خولەكە، شاندێك كە پێكهاتبوون لە  نوێنەرانی نوێنەرایەتی كەركوكی لیژنەی ئۆڵۆمپی و یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و یانەكانی كەركوكی بەشداربوو لە خولەكانی كوردستان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوكیان كردو دوای هەماهەنگی و پاراستنی یاریزانان و یاریگاكانیان كرد، لە بەرامبەریشدا لیوا عەلی كەمال، فەرماندەی گشتی پۆلیسی كەركوك بەڵێنیدا هاوكاری تەواوی سەرخستنی خولەكەو سەرجەم خولە وەرزشییەكانی شارەكەی پێدابوون و هێزە تایبەتەكەی خۆشی بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكرد. 

نەهاتنی یانەكان بۆ كەركوك سیاسییە نەك ئەمنی
دەروون مەلا ناجی، رۆژنامەنووسی وەرزشی، پێیوایە بابەتی هاتن یان نەهاتنی یانەكان بۆ كەركوك لە دوور و نزیك بابەتەكە پەیوەندی بەلایەنی ئەمنیەوە نیە،  بەڵكو پەیوەستە بە هەڵوێستی ئەو یانانەی كە نزیكن لە لایەنێكی سیاسی بەرامبەر بە شاری كەركوك”.
دەروون مەلا ناجی  وتیشی:” ئامادەبوونی سەرۆكی یەكێتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان  لەیاری دەستپێكدا،  كۆتایی بەو هەڵوێست و بەهانەیەش هات”.




‌ 253 جار بینراوه‌
10/26/2018 11:32:04 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved