نوێترین
لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى سلێمانی هه‌شت كافتریا و خواردن و خواردنه‌وه‌ دادخەن   |    ئه‌ندامه‌ بندیواره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ته‌واوی موچه‌و ئیمتیازاته‌كانیان وه‌رده‌گرن   |    به‌شی وێژه‌یی له‌ ئاماده‌ییه‌كانی كه‌ركوك له‌ مه‌ترسیدایه‌   |    هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك خانه‌نشین بكرێت پۆسته‌كه‌ی له‌ده‌ست كورد ده‌رده‌چێت   |    به‌رپرسێكی یه‌كێتی : ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك ته‌نها له‌سه‌ر كات ماوه‌   |    پرسی سكاڵا له‌سه‌ر پۆستی قایمقامی داقوق بۆ مانگێك دواده‌خرێت   |    هه‌فته‌ هه‌واڵـی كه‌ركوك   |    له‌م هه‌فته‌یه‌دا بڕیار له‌سه‌ر موچه‌ دزراوه‌كانی مامۆستایانی خورماتوو ده‌درێت   |    دۆزینه‌وه‌ی زیاتر له‌ 200 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی سه‌رده‌می داعش له‌ عێراق   |    له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا عه‌بدولمه‌هدی چوار هه‌زار پۆستی به‌وه‌كاله‌ت یه‌كلایده‌كاته‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  وتاری هەفتە
وه‌رزی دووه‌می داعش و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كورد
بورهان حاجی سلێمان


سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و جموجۆڵه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ سنووره‌كانی رۆژئاوای عێراق له‌ دیوی سوریاو له‌ بیابانه‌كانی پارێزگای ئه‌نبارو باشوری رۆژئاوای كه‌ركوك، ئاماژه‌ی قۆناغێكی مه‌ترسیداری دیكه‌یه‌ به‌تایبه‌تی بۆ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان و به‌تایبه‌تتر بۆ كه‌ركوك.
هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن زیندووكردنه‌وه‌ی داعش ئه‌مجاره‌ ته‌نها بۆ فشاری سیاسی نییه‌، به‌ڵگه‌ی زۆر له‌سه‌ر نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی نه‌ناسراو هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كانی داعش به‌ تایبه‌تی له‌ سێگۆشه‌ی نێوان كه‌ركوك و هه‌ولێرو موسڵ كه‌ پێشتر له‌ ساڵی 2012 له‌ وتارێكدا ئاماژه‌م به‌مه‌ترسی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كردبوو، به‌ڵكو ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بۆ دابه‌شبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان به‌ره‌و به‌هێزبوون و تۆكمه‌بوون ده‌چن جگه‌ له‌ كورد كه‌ وه‌كو هێزێكی په‌رته‌وازه‌و دۆڕاوی شه‌ڕی سیاسی و سه‌ربازی ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوونی وردی بۆ رووداوو جووڵه‌كان هه‌بێت گومانی له‌وه‌ نامێنێت كه‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی وه‌رزی نوێی داعش رووداوێكی خۆڕسك و ده‌رهاویشته‌ی په‌رته‌وازه‌یی نێوماڵی سوننه‌و كاردانه‌وه‌ی زوڵم و جه‌وری سه‌ر ئه‌و پێكهاته‌یه‌ نییه‌، به‌ڵكو پرۆژه‌یه‌كی جیهانییه‌ به‌ هاوكاری هێزی ناوخۆیی بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندایه‌كی ناڕوون به‌تایبه‌ت بۆ كوردی بێ ستراتیژو روئیای هاوبه‌ش و كۆڵه‌وار له‌ خوێندنه‌وه‌ی رووداوه‌كان.
له‌ وه‌رزی یه‌كه‌می به‌هێزبوونی داعش له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی 2013 و گه‌یشتنی به‌ ترۆپكی به‌هێزی له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014 كورد تا راده‌یه‌كی باش له‌ به‌رانبه‌ر مه‌ترسییه‌ ده‌ركییه‌كان یه‌كڕیز بوو، پشتگیری سه‌ربازی و سیاسی نێوده‌وڵه‌تیشی هه‌بوو، به‌تایبه‌تی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانان سه‌رقاڵی پێكهێنانی ناوكی هێزێكی یه‌كگرتووی پێشمه‌رگه‌ بوون و راسته‌خۆ سه‌رپه‌رشتی پڕچه‌ككردن و مه‌شقكردن و پێكهێنانی په‌یكه‌ری ئیداری هێزه‌كه‌ بوون، قه‌یرانی ئابوورییش كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی تووشی ئیفلیجبوون نه‌كردبوو، متمانه‌ی خه‌ڵكیش چ به‌ ده‌سه‌ڵات و چ به‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا لاواز نه‌بوو.
له‌گه‌ڵ ئه‌و فاكته‌رانه‌دا كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد بوون، هاتنی داعش كۆستێكی گه‌وره‌ی بۆ كوردانی ئێزدی له‌ شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری لێكه‌وته‌وه‌، كه‌ جگه‌ له‌ زیانه‌ گیانی و مادییه‌كانی، كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی روحیشی له‌ نێوان ئه‌و به‌شه‌ ره‌سه‌نه‌ی كوردو نه‌ته‌وه‌ی كورد دروستكردووه‌و كاتێكی زۆری ده‌وێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی ئێزدییه‌كان به‌ بزووتنه‌وه‌ی سیاسی كوردو زیندووكردنه‌وه‌ی روحی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌ییان.
له‌ وه‌رزی نوێی داعش كورد له‌ ناوخۆیی له‌ خراپترین ئاستدایه‌، هێزگه‌لێكی فره‌ ئاراسته‌و بێ ستراتیژه‌، له‌ده‌ستچوونی نیوه‌ی خاكه‌كه‌ی، خاوه‌ن ئابوورییه‌كی داڕوخاوو، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش، پشتگیری له‌ده‌ستداوه‌و ئێستا وه‌كو بارێكی گران به‌سه‌ر به‌رژوه‌ندییه‌كانی رۆژئاواوه‌ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ر كات ماندووبوو له‌به‌رانبه‌ر به‌رژوه‌ندییه‌كدا فڕێی ده‌ده‌نه‌ خواره‌وه‌، چونكه‌ ئێستا سه‌رده‌می گۆڕانی هاوكێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌و كوردیش نه‌یتوانیوه‌ وه‌كو ره‌گه‌زێكی به‌هێز بۆ ئه‌م قۆناغه‌ خۆی ئاماده‌بكات.
ئه‌گه‌ر كورد ئه‌مجاره‌ ماڵی خۆی رێكنه‌خاته‌وه‌، ده‌بێت چاوه‌ڕێی زیانێكی گه‌وره‌ بكات، گورزی گه‌وره‌ش به‌ر ناوچه‌دابڕێندراوه‌كان ده‌كه‌وێت و كاریگه‌رییه‌ كوشنده‌كه‌شی وه‌كو ده‌رهاویشته‌كانی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ر روخساری كه‌ركوكییه‌كان ده‌كه‌وێت، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ سیستمی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كورد به‌رگه‌ی گورزێكی له‌و جۆره‌ ده‌گرێت، یان كۆتایی ته‌مه‌نی ئه‌م ئیماره‌ته‌شمان ده‌بێت؟!    



‌ 1083 جار بینراوه‌
11/3/2018 12:26:17 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved