»  راپۆرت
ئیداره‌ی كه‌ركوك هه‌وڵی ته‌عریب كردنه‌وه‌ی زه‌وی و زاری كورده‌كانی داقوق ده‌دات
ئا/ هاوار ستار

 له‌ماوه‌ی رابردودا پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوك، بڕیاریدا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ی له‌ساڵی 2004وه‌ له‌ نۆ گوندی داقوق راگواستراون، به‌ مه‌به‌ستی نیشته‌جێبونه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌و وه‌رگرتنه‌وه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كان ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ جوتیارانی كوردی داقوق، ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان راده‌ستی هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب بكه‌نه‌وه‌و به‌ مۆڵكی خۆیانی ده‌زانن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراو پارێزگار بڕیاری نوێی ده‌ركرد به‌ داواكردنی به‌ڵگه‌ی خاوه‌ندارێتی زه‌ویه‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ خاوه‌نی به‌پێی به‌ڵگه‌ی فه‌رمی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌ك دانراوه‌.

كاركردن به‌و مادده‌ یاساییه‌ی زه‌وی بۆ خاوه‌نی راستی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ ده‌بێت وه‌ك خۆی بێت نه‌وه‌ك دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه‌ بڕگه‌ی بۆ زیاد كراوه‌”.

زاهیر به‌كر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق بۆ (هه‌واڵ) وتی: “كه‌ هه‌وڵه‌كه‌ی پارێزگارمان بیست ده‌ستمان كرد به‌ هه‌وڵ و جوڵانه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌و په‌رله‌مانتاران و به‌رپرسی حزبی و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌باته‌كه‌وه‌هه‌یه‌ ئاگادارمان كردنه‌وه‌و به‌ڵگه‌ و نوسراومان خستوه‌ته‌ به‌رده‌ستیان”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌ی قه‌زای داقوق وتیشی: “لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه‌ بۆ لێكۆلینه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ و داواكراوه‌ كورد و عه‌ره‌به‌كان به‌ڵگه‌ و نوسراوه‌كانیان بێنن و له‌ راستیدا ئێمه‌ لیژنه‌كه‌مان به‌دڵ نه‌بوو تاوه‌كو ئه‌ندامێك له‌ قه‌زای داقوقیش خرایه‌ لیژنه‌كه‌وه‌ چونكه‌ ده‌ترساین هه‌ر بڕیارێك بدرێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی داقوق نه‌بێت”.

زاهیر به‌كر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: “بڕیاره‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ كار له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ بكرێت و به‌ڵگه‌كان بخرێنه‌ڕوو و بڕیاریشه‌ به‌ پێی مادده‌ی 117ی ده‌ستوری عێراقی لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام ئه‌و مادده‌یه‌ به‌دوو شێوه‌یه‌ و خۆی سه‌ره‌تا ساڵی 1970 ده‌رچووه‌ و ئه‌وه‌ ئێمه‌ كێشه‌مان له‌سه‌ری نییه‌، چونكه‌ كورد ده‌توانێ حه‌قی وه‌رگرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ماده‌یه‌ له‌ساڵانی 1974 بۆ 1975 هه‌مواركراوه‌ته‌وه‌ و بڕگه‌ی بۆ زیادكراوه‌ ئه‌وه‌ش به‌وه‌ی كه‌ عه‌ره‌ب هێنرانه‌ ناوچه‌كه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ و نوسراویان بۆ كرا، بۆیه‌ كاركردن به‌ مادده‌كه‌ ده‌بێت وه‌ك خۆی بێت نه‌ك دوای ئه‌وه‌ی عه‌ره‌ب هێنرانه‌ ناوچه‌كانی داقوق و نیشته‌جێ كران و له‌ ئێستاشدا دوای ریفراندۆم و ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌یانه‌وێ جارێكی تر عه‌ره‌به‌كان بێننه‌وه‌”.

به‌ پێكهێنانی لیژنه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی زه‌وی و زار له‌ داقوق ناكرێت”.

مه‌ردان عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی یه‌كێتی جوتیارانی كوردستان بۆ هه‌واڵ رونیكرده‌وه‌: “پێكهێنانی لیژنه‌ و داواكردنی به‌ڵگه‌و تاپۆ ئه‌و شتانه‌ كاریگه‌ری ئه‌وتۆی نابێت و كارێكی دادوه‌رانه‌ نییه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی عه‌ره‌به‌كان نوسراوی سه‌رده‌می رژێمی سه‌دامیان هه‌یه‌و ئێستا ده‌توانن به‌و نوسراوانه‌ خۆیان بكه‌نه‌ خاوه‌نی زه‌ویه‌كان”.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی یه‌كێتی جوتیاران وتی: “ئه‌م كێشانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی و زار سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن وه‌ك نه‌خۆشی وایه‌و چاره‌سه‌ریشی نییه‌ تاكو په‌رله‌مان و حكومه‌ت بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌ده‌ن و پوچه‌ڵی نه‌كه‌نه‌وه‌، له‌ راستیشدا ده‌بینین په‌رله‌مانتاره‌كان له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ن ،به‌ڵام ده‌بێت یه‌كلایی بكرێته‌وه‌”.

مه‌ردان وتیشی:”ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌مووی په‌یوه‌ندی به‌ پارێزگار و ئیداره‌كه‌ی و چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ هه‌یه‌و ئه‌مان دۆخه‌كه‌ ده‌شێوێنن و عه‌ره‌به‌كان دێننه‌وه‌ سه‌ر كورد و ده‌ڵێن ئه‌و زه‌ویانه‌ گرێبه‌ستی بۆ كراوه‌ و هه‌موی موحه‌ڕه‌مه‌یه‌ و لێیانوه‌رگرن، واتا چۆن پێشتر ته‌عریب كراوه‌ ئه‌و ناوچانه‌ ئێستاش هه‌لیان قۆستوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی كوردی وه‌رگرنه‌وه‌ و به‌هۆی دۆخه‌كه‌وه‌ ئێمه‌ به‌ میوان و خۆیان به‌ خاوه‌ن ماڵ ده‌زانن”.

له‌كۆبوونه‌وه‌كانماندا بڕیاردراوه‌ كه‌ كار به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ و نوسراوی یاسایی بكرێت”.

لویس ئه‌لفه‌ندی قایمقامی ئێستای داقوق بۆ هه‌واڵ وتی: “كۆبوونه‌وه‌مان ئه‌نجامدا له‌ نێوان نوێنه‌رانی كورد و عه‌ره‌ب كه‌ هه‌ره‌یه‌كه‌ له‌ كاكه‌ ره‌ش سدیق و ئازاد جه‌باری و شێخ بورهان مه‌زهه‌ر و به‌نده‌ و پارێزگاری كه‌ركوك تێیدا ئاماده‌بووین و له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بڕیاردرا كار به‌ به‌ڵگه‌ی سه‌نه‌دی یاسایی بكرێت”.

قایمقامی داقوق ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو: “له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ هه‌مووان له‌سه‌ری رێكه‌وتن هه‌وڵی ئه‌وه‌درا مافی كه‌س نه‌خورێت، بۆیه‌ داواكرا جوتیاران و خه‌ڵكی كورد و عه‌ره‌ب له‌و سنوره‌ و خه‌ڵكی ئه‌و سنورانه‌ به‌ڵگه‌ی خاوه‌ندارێتی موڵكه‌كان و تاپۆی زه‌ویه‌كان بهێنن و ئه‌وه‌ی خاوه‌نی راستی زه‌ویه‌كان بوو ئه‌وه‌ مافی خۆیه‌تی هه‌ڵیگرێته‌وه‌”.

ئه‌لفه‌ندی باسی له‌وه‌شكرد: “له‌ داقوق لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه‌ له‌ قایمقامیه‌ت و ئیداره‌ی قه‌زاكه‌ كه‌ به‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ و زانیاری ته‌واوی ئه‌و زه‌ویانه‌ بچن و كێ خاوه‌ن مافی راستی بوو به‌ پێی یاسا حه‌قی خۆی ده‌درێتێ و به‌و جۆره‌ ده‌بێ به‌یاسایی چاره‌سه‌ر بكرێت”.

قه‌زای داقوق 44 كیلۆمه‌تر له‌ ناوه‌ندی كه‌ركوكه‌وه‌ دووره‌ و له‌سه‌رده‌می سه‌دام حوسێندا ئه‌و ناوچه‌یه‌ چه‌ند جارێك عه‌ره‌بی هاورده‌ی تێدا نیشته‌جێكراوه‌ و ناوچه‌ كوردنشین و توركمان نشینه‌كان به‌عه‌ره‌بی كراون، له‌ساڵی 2004ه‌وه‌ عه‌ره‌به‌كان رۆشتن تا دوای ئۆكتۆبه‌ری 2017.

سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعش سنوره‌كانی قه‌زاكه‌ ناوچه‌یه‌كی گه‌رم بوو، به‌ڵام له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌پارێزران، له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ئێستا ناوچه‌كه‌ له‌ ژێر ده‌ستی هێزه‌عێراقیه‌كان و چه‌كداره‌ شیعه‌كاندایه‌.

‌ 173 جار بینراوه‌
11/3/2018 12:40:58 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved