»  پەڕەموچ
روبـارێـك گــلـه‌یی
شاگوڵ كه‌یخوسره‌وی

كه‌ ئه‌وان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌

ئێمه‌ له‌وسه‌ری ئاوابونه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین

حه‌زێك بۆ چاوه‌ڕوانیه‌كی به‌ساڵاچووی رۆشنایی و

حه‌زێكی ترمان بۆ هه‌ڵوه‌رین له‌ تاریكی ده‌ڕوێ

عه‌شقێك بۆ بێ ئومێدبوون له‌ نیشتیمان و

عه‌شقێكی ترمان بۆ ئاوابوون دروست ده‌بێ

به‌ڵام ئه‌وان

دڵیان پر له‌گله‌یی و

چاوه‌كانیان له‌ چاوه‌ڕوانی

هه‌ناسه‌یان تژی له‌ بۆنی خاك

گه‌رویان پڕ له‌ ووشه‌ی نه‌گوتراو

له‌یادگاره‌كانیان بترازێ

گیرفانیان به‌تاڵه‌ له‌ به‌رده‌وامی

ئه‌وان شتێك له‌ جوانی مانگ

به‌ڕوخساریانه‌وه‌ دیاره‌

له‌ خۆره‌وه‌ چه‌ند وانه‌یه‌ك فێربوون

له‌ با بێڕه‌نگتر..

به‌ناو ساده‌یی ژیاندا ره‌تده‌بن

كه‌ دێنه‌وه‌

له‌وانه‌ی نیشتمان په‌روه‌ریدا

شه‌رم دامانده‌گرێ

ئه‌وان ده‌ڵێن

خۆشه‌ویستی خاك

واته‌ گیانی خۆتی پێ ببه‌خشی و

بستێ خاكی نیشتمانت پێ نه‌بڕێ

جه‌سته‌ت به‌ژێر لمی بیابانێكه‌وه‌ بشارنه‌وه‌

بازرگانی به‌ پاكیزه‌یی كچه‌كانته‌وه‌ بكرێ

نیشتمانپه‌روه‌ری واتا

شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ بكه‌یت و

مناڵه‌كانت نانی ژه‌مێكیان نه‌بێ

واتا تینووبیت و

به‌گه‌روی ووشكه‌وه‌

له‌ ده‌ریایه‌كی غوربه‌تا تینویه‌تیت بشكێ

بۆ هه‌میشه‌

كه‌ ئه‌وان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌

ئیدی ناكرێ له‌ بێباكیمان بمانبه‌خشن

ژیان تا خاڵی كۆتایی راپێچمان ده‌كا

تا ئه‌وسه‌ری ئاوابوون

له‌وێ وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ینه‌وه‌

ژیان،مه‌ودایه‌كه‌

هه‌زاره‌ها گزی و گومان

درز ناخاته‌ ناو به‌تاڵیه‌تی بێ مانایی

مه‌پرسن لێم

چلۆن له‌ قاوغی خۆم ده‌ڕۆمه‌ ده‌ر

به‌رگه‌ی پێكه‌نینی ئێواره‌یه‌كی تری ناگرم

وه‌ك ئه‌وه‌ی گورگێك دوام كه‌وتبێ

لێی راده‌كه‌م و بۆی ده‌گریم

كه‌ گوێبیستی ده‌نگی ده‌بم

ده‌ڕۆمه‌وه‌ خه‌یاڵی یه‌كه‌م نۆته‌ی

ده‌نگی ماچی باران و زه‌وی

ده‌ڕژێمه‌ سه‌ر گله‌ییه‌كان

له‌خۆم وون ده‌بم و

هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌گه‌ڵ

گه‌رده‌لوول، تۆفان،بروسك دا ده‌كه‌م

مه‌پرسن شێتم یا ئاقڵ

چلۆن هه‌موو گریانێك

گه‌وزاندن نیه‌ له‌ناو خه‌مدا

هه‌موو وون بوونێك نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ نیه‌

به‌ڵام حه‌یف!!

هه‌موو ژیانێك مردنه‌

هه‌موو منێك بێ ئه‌وین

هه‌موو ئه‌وه‌كان پڕاو پڕن له‌ بێ منی

ئیتر به‌سه‌ وێران بووم و

كه‌س چاكم ناكاته‌وه‌

دڵۆپ دڵۆپ ده بارێمه‌وه‌ سه‌ر سه‌ره‌تا

ئیتر وایه‌ به‌ بێ ئێمه‌

ئه‌وان سه‌رمه‌ستی فڕین و

تێگه‌شتنی كاڵفامی په‌پوله‌یه‌كی بێ هۆشن

ئاسته‌مه‌ ببین به‌ ئه‌وان

ئێمه‌ بێ ئاگا له‌ خۆمان

سه‌مای په‌شیمانی ده‌كه‌ین و

ده‌چینه‌ به‌رده‌م شانۆی ته‌ریق بوونه‌وه‌

به‌ده‌ست شه‌رمی

گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ئه‌به‌دیه‌ت ئه‌سیرین و

نازانین به‌ چ قافه‌یه‌ك

غه‌ریبی له‌ته‌نافی ژیان هه‌ڵواسین

ده‌سته‌كانمان سه‌ر له‌ به‌یانی ئاوابوون

قاچه‌كانمان له‌ سه‌ر لوتكه‌ی په‌شیمانی به‌جێما

فریودران به‌ خه‌ونێك

كه‌ رێگایه‌كی نه‌بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه

قژمان له‌ مناڵیه‌وه‌ نه‌وه‌ی به‌فر بوو

ئاسۆی نیگاكانمان

له‌ په‌نجه‌ره‌ی غروریه‌كدا ئاوابوو

له‌وساوه‌ هه‌تا ئێستا

هه‌موو ساته‌كان چاوڕوانین

به‌ رۆشناییه‌ك شاد نابینه‌وه‌

كه‌ پێی ده‌ڵێن ژیان .

‌ 516 جار بینراوه‌
11/3/2018 1:39:20 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved