»  وەرزش
له‌ كۆی 22 یانه‌ی وه‌رزشی له‌ كه‌ركوك هه‌ڵبژاردن بۆ 14 یانه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌
ئا/ هه‌واڵ

تائێستا  له‌ كۆی (22) یانه‌ی وه‌رزشی له‌ كه‌ركوك، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی كارگێڕی نوێ بۆ (14) یانه‌ ئه‌نجامدراوه‌و سه‌رۆكی حه‌وت یانه‌ش گۆڕانكاری تێداكراوه‌و رێژه‌ی گۆڕانكارییه‌كانیش له‌ یانه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ یانه‌یه‌كی تر جیاوازه‌.

حه‌وت یانه‌ سه‌رۆكه‌كه‌یان گۆڕیوه‌

سه‌ره‌تا خالید زه‌ینه‌ڵ به‌رپرسی دۆسێی  یانه‌كان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی لاوان و وه‌رزشی كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) وتی:" پرۆسه‌كه‌ به‌ پێی یاسای ژماره‌16 هه‌مواركراو به‌ یاسای ژماره‌ 37 به‌ سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان و نوێنه‌رایه‌تی كه‌ركوكی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی به‌ڕێوه‌چوو ".

سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی ئه‌و یانانه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنیان ئه‌نجامداوه‌، خالید زه‌ینه‌ڵ، وتی: " له‌ كۆی (22) یانه‌(14)  یانه‌ هه‌ڵبژاردنیان كردووه‌و حه‌وت یانه‌ به‌ فه‌رمی سه‌رۆكی نوێیان هه‌ڵبژاردووه‌و رێژه‌ی ئه‌ندامانی نوێی یانه‌كان له‌ 40% كه‌متره‌ ".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد "پرۆسه‌كه‌ له‌ ئێستادا ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی یانه‌كان و بۆ داهاتووش زانیاریمان لایه‌ یاخود سیاسه‌تێكی نوێی تر په‌یڕه‌و ده‌كرێت به‌ تایبه‌تی دوای گۆڕینی وه‌زیری  وه‌زاره‌ت له‌ كابینه‌ نوێیه‌كه‌ی حكومه‌تدا".

گۆڕانكارییه‌كان له‌ یانه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ یانه‌یه‌كی تر جیاوازن

ئازاد فاتح، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی نوێی  یانه‌ی سۆلاف سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانكارییه‌كان و كاریگه‌ری له‌سه‌ر یانه‌كان، بۆ (هه‌واڵ)  وتی:" گۆڕانكارییه‌كان له‌ یانه‌كان جیاوازی هه‌یه‌، هه‌ندێ یانه‌ هه‌ن هیچ  گۆڕانكاری له‌ ده‌سته‌ی كارگێڕی تێدا نه‌كراوه‌و هه‌ندیكیانیش گۆڕانكاری تێدا كراون ".

سه‌رۆكی نوێی یانه‌ی وه‌رزشی سۆلاف، وتیشی:"  گۆڕانكارییه‌كان سوودیان ده‌بێت به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ جووڵه‌یه‌ك و بیرۆكه‌ی  نوێ ده‌خاته‌ نێو یانه‌كه‌وه‌ ".

ئازاد فاتیح ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:" ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ یانه‌كه‌یان كراون ته‌كانێك و سوودێكی باشی هه‌بووه‌و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ له‌ چالاكی به‌رده‌وامدان بۆ به‌ره‌وپێش بردنی ره‌وتی وه‌رزشی یانه‌كه‌".

گۆڕانكاری گرنگه‌ له‌ بواری وه‌رزش

سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و  گۆڕانكاری و كاریگه‌رییه‌كانیان له‌ سه‌ر یانه‌كان، دكتۆر رامیار حه‌ساری له‌ كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشی زانكۆی كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ)  وتی:"  هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك سوودی خۆی  ده‌بێت  له‌ رێگای هاتنه‌ی پێشه‌وه‌ی  خوێنی نوێ وبه‌  توانا به‌ تایبه‌تی له‌ بواری وه‌رزشیدا " .

 دكتۆر رامیار وتیشی: " له‌ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كانی كه‌ركوك كه‌ تا ئیستا ئه‌نجامدراون،  گۆڕانكارییه‌كان رێژه‌یی بوون و  80 % ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كان وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه‌ ".

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو " به‌ ره‌چاوكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان هیچ گۆڕانكارییه‌ك ئه‌وتۆ به‌دی ناكرێت، تابتوانێت گۆڕانكاری بكات و گه‌ر بكرێتیش زۆر ده‌گمه‌نن".

دكتۆر رامیار، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:" ڕه‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ سه‌ره‌تاوه‌و له‌ ساڵی یه‌كه‌مدا ته‌كانێك بداته‌ یانه‌كان، به‌ڵام دواتر سست ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ پێشتر گه‌ر بیانتوانیایه‌ گۆڕانكاری بكه‌ن، ئه‌وه‌ پێشتر ده‌یان كرد".

‌ 895 جار بینراوه‌
11/3/2018 10:34:08 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved