»  عێراق
له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا عه‌بدولمه‌هدی چوار هه‌زار پۆستی به‌وه‌كاله‌ت یه‌كلایده‌كاته‌وه‌
هه‌واڵ

 

رۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی پێیوایه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كاتی وای به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ تا هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنه‌ی له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان به‌خۆی داوه‌ جێبه‌جێی بكات. به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ كۆتایی پێهێنانی كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ وه‌كاله‌ت پۆستی باڵایان پێدراوه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگ هه‌موو پۆسته‌كان یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌.

به‌پێی رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا كه‌ “نیویوز” بڵاویكردۆته‌وه‌ ده‌ڵێت:” دۆسێیی دامه‌زراندن به‌ وه‌كاله‌ت كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها كاری له‌سه‌رده‌كات به‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ له‌ دۆخێكی ناهه‌مواردایه‌و به‌شێكی به‌رفراوانی وه‌زیره‌كان و وه‌كیل وه‌زیره‌كان و چه‌ندین به‌رپرس و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆو پۆستی باڵا له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆ ده‌گرێته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ وتیشی: ره‌نگه‌ عه‌بدولمه‌هدی له‌م رووه‌وه‌ به‌نیازبێت كۆمه‌ڵێك فه‌رمان ده‌ربكات سه‌باره‌ت به‌و وه‌زیرانه‌ی به‌ وه‌كاله‌ت ئیداره‌ی وه‌زاره‌تی تر ده‌كه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی له‌ رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كار بۆ دانانیان ده‌كرێت.

 له‌درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا: هه‌ندێك ئامار ئاماژه‌ده‌دن به‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی به‌وه‌كاله‌ت دانراون 4000 پۆسته‌ له‌ هه‌موو جومگه‌كانی حكومه‌تداو زۆر لایه‌نی په‌رله‌مانی به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی نزیكن له‌ (ائتلاف الاصلاح) كه‌ بریتییه‌ له‌ هاوپه‌یمانی سائرون و ره‌وتی حكمه‌و لایه‌نی سیاسی تر، كۆتایی هێنان به‌ فایلی دانان به‌وه‌كاله‌ت ده‌خه‌نه‌ كاره‌ به‌راییه‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ هاوبار خودی سه‌رۆك وه‌زیرانیش به‌خۆی ئه‌م كاره‌ی پێ په‌سنده‌.

سه‌باح عگێلی په‌رله‌مانتار له‌ هاوپه‌یمانی سائرون له‌ راگه‌یاندنێكدا ده‌ڵێت: مانه‌وه‌ی كارگێڕی به‌ وه‌كاله‌ت و به‌رده‌وامیدان به‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ وه‌كیله‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی كاره‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی گه‌نده‌ڵی و ئاشكرایه‌ زۆربه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پشكێنه‌ی حیزبی و سیاسی دانراون.

جاسم ئه‌لحلفی سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی سائرون له‌لای خۆیه‌وه‌ پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر چاكسازی فایلی دامه‌زراندن به‌ وه‌كاله‌ت به‌وه‌ی پێویستی به‌ گۆڕینی ریشه‌یی ده‌بێت تا ده‌وڵه‌ت بتوانێت به‌ره‌و پێشكه‌وتن هه‌نگاو بنێت و روونیشیكرده‌وه‌: به‌پێی یاسا ده‌وڵه‌تی سه‌قامگیر پێویستی به‌ جومگه‌ی كارگێڕی جێگیر ده‌بێت و ناكرێت ئه‌م هه‌موو كارگێڕییه‌ به‌ وه‌كاله‌ت به‌رێوه‌بچێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ بواری كاڕگێڕی بنبڕبكرێت.

‌ 378 جار بینراوه‌
11/10/2018 12:32:23 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved