»  وتاری هەفتە
یه‌كێتی.. راگه‌یاندنێكی داته‌پیو .. راگه‌یاندكارێكی تێكشكاو
بورهان حاجی سلێمان

 

یه‌كێك له‌و بوارانه‌ی كه‌ یه‌كێتی له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زاراندنیه‌وه‌ گرنگی زۆری پێدابوو، كایه‌ی راگه‌یاندن بوو كه‌ له‌ رێگه‌ی ئێستگه‌یه‌ك و چه‌ند بڵاوكراوه‌یه‌كه‌وه‌ توانیبووی جه‌ماوه‌ری كوردستان جۆشبدات و زوو له‌ شۆكی نسكۆی 75 ده‌ریبهێنێت، له‌ دوای راپه‌ڕینیشه‌وه‌، كوردستانی نوێ وه‌كو یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ ده‌ربكات و كه‌ناڵی گه‌لی كوردستانیش وه‌كو یه‌كه‌مین ته‌له‌فزیۆنی كوردی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رژێمه‌كانی كوردستان دابمه‌زرێنێت و ماڵپه‌ڕی PUKMEDIAش وه‌كو پڕ سه‌ردانیكاری ماڵپه‌ڕی كوردی به‌رهه‌مبهێنێت، هه‌ر راگه‌یاندنی ئه‌و حیزبه‌ش بوو، بووه‌ هه‌وێنی سه‌رهه‌ڵدانی میدیای ئه‌هلی و نیمچه‌ ئازاد له‌كوردستاندا.

ئه‌م پێشینه‌ میدیاییه‌ پرشنگداره‌ وایكردووه‌ له‌ ئێستادا ده‌سته‌بژێری بواری راگه‌یاندنی كوردی له‌ هه‌ناوی یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌ربكه‌ون و زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی به‌ كادرو راگه‌یاندنكاری ئه‌و حیزبه‌ به‌ڕێَوه‌ببه‌ن و بوونی خۆیان له‌ناو ئه‌و كه‌ناڵ و ده‌زگایانه‌دا بسه‌پێنن و وه‌كو فاكته‌ری به‌هێزبوونی ئه‌و كه‌ناڵه‌ بناسرێن.

ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ میدیاییه‌ی یه‌كێتی ماوه‌یه‌كه‌ نه‌ك هه‌ر چه‌قی به‌ستووه‌، به‌ڵكو به‌ هه‌نگاوی خێرا به‌ره‌ودواوه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ی زۆر سه‌یره‌ ئێستا دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بووه‌ته‌ خاوه‌ن سه‌رمایه‌یه‌كی ماددی باش كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی دامه‌زراندنی راگه‌یاندنێكی به‌هێزه‌، راگه‌یاندنی ئه‌و حیزبه‌ ناتوانێت له‌ رووی ته‌كنیك و ئیداره‌دان و بابه‌تییه‌وه‌ ركابه‌رێتی كه‌ناڵێكی كاكی (مته‌وازیع) سه‌ر به‌ حیزبێك یان دامه‌زراوه‌یه‌كی میدیایی دیكه‌ بكات.

هه‌رچه‌نده‌ ئاشكرایه‌ ئه‌و دۆخه‌ی میدیای یه‌كێتی ره‌نگدانه‌وه‌ی دۆخی سیاسی ناو حیزبه‌كه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و كه‌مته‌رخه‌می ئاوه‌ڕنه‌دانه‌وه‌یه‌ راگه‌یاندنكارێكی تێكشكاوی ده‌روونی به‌رهه‌مهێناوه‌، راگه‌یاندنكارێك نه‌ ده‌زانێت كه‌ی موچه‌و بژێوی ماڵ و منداڵی وه‌رده‌گرێت و نه‌ ده‌زانێت كه‌ی ده‌رگای ده‌زگاكه‌ی داده‌خرێت و ده‌نێردرێته‌ ماڵه‌وه‌، بۆیه‌ زۆرێك له‌وانه‌ هه‌ركاتێك ده‌رفه‌تێكیان له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌ شلۆقه‌كه‌ی راگه‌یاندنی یه‌كێتی ده‌ستبكه‌وێت كۆچ ده‌كه‌ن و به‌سه‌ر داری نه‌یاره‌كانیدا ده‌نیشنه‌وه‌.

زۆر سه‌یره‌ ئێستا قه‌یرانی دارایی وه‌كو جاران كاریگه‌ری نه‌ماوه‌و موچه‌ی ته‌نانه‌ت حكومه‌ته‌ بوده‌ڵه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌ره‌و باشبوون ده‌چێت و باری دارایی جۆره‌ سه‌قامگیرییه‌كی پێوه‌دیاره‌، به‌ڵام هێشتا راگه‌یاندكاری یه‌كێتی چاویان له‌وه‌یه‌ به‌خت له‌ ده‌رگایان بدات و به‌ بێ قه‌ناعه‌تی مه‌بده‌ئی له‌ شوێنێكی دیكه‌ بژێوی خۆیان په‌یدا بكه‌ن.

ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌و راگه‌یاندكارانه‌ی له‌ رووی ده‌رونییه‌وه‌ ماندووتركردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ بڕوایان به‌وه‌ نییه‌ یه‌كێتی پاره‌ی نه‌بێت، چونكه‌ ژیانی خۆش و كۆشك و ته‌لارو ئۆتۆمبێلی گرانبه‌هاو لاف و گه‌زافی هه‌ندێك مشه‌خۆری ناو حیزبه‌كه‌ ده‌بینن، بۆیه‌ هیچ متمانه‌یه‌كیان به‌ بڕو بیانووه‌كان نامێنێت.

تائێستا یه‌كێتی سوپایه‌كی گه‌وره‌ی راگه‌یاندنی هه‌یه‌ كه‌ وه‌كو گه‌نجینه‌یه‌ك وایه‌ هه‌موولایه‌ك چاوی تێبڕیوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ سیاسه‌تی ئیعلامی خۆیدا نه‌چێته‌وه‌و رێز له‌ كه‌رامه‌تی راگه‌یاندكاران و رۆشنبیرانی خۆی نه‌گرێت و زه‌لیلی پاروه‌ نانێكیان بكات، ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ببێته‌ حیزبێكی نه‌خوێنده‌وار!

‌ 549 جار بینراوه‌
11/10/2018 1:05:22 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved