»  راپۆرت
كه‌ركوك مه‌ترسی ماسییه‌ نه‌خۆشه‌كانى له‌سه‌ر نییه‌
ئا/ هه‌واڵ

 

بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی و ژه‌هراویبوون و مردنی ماسییه‌كان له‌ عێراق بووه‌ته‌ بابه‌تێكی گرنگی رۆژانه‌، چونكه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتیان ماسی وه‌ك ژه‌مه‌ خواردنێكی سه‌ره‌كی له‌ رووی ته‌ندروستییه‌وه‌ ته‌ماشاده‌كه‌ن ، فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوكیش هاوڵاتیان دڵنیاده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ كه‌ركوك بوونی نییه‌و هه‌موو رێگایه‌كی پێویستیان له‌و باره‌یه‌وه‌ گرتۆته‌به‌ر.

له‌باره‌ی مه‌ترسی نه‌خۆشی ماسییه‌كان له‌سه‌ر كه‌ركوك، دكتۆر بورهان عومه‌ر ره‌شید، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ته‌ندروستی له‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی گشتی كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ)، رایگه‌یاند:” به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌ترسی له‌سه‌ر كه‌ركوك نییه‌، ئه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی فوراته‌، ئاوی فوراتیش دووره‌ له‌ ئێمه‌وه‌، ده‌مێنێته‌وه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ماسییه‌كان به‌شێوه‌ی بازرگانی بگه‌نه‌ كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌رێكی زۆر لاوازه‌”.

دكتۆر بورهان عومه‌ر وتیشی:” له‌ ئێستادا بازگه‌كانی كه‌ركوك زۆر توندوتۆڵ كراون و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ به‌هێنانه‌ژووری ماسی ناده‌ن بۆ نێو شاری كه‌ركوك”.

به‌ وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك، به‌جدی له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی كه‌ركوك باسی ئه‌و بابه‌ته‌ كراوه‌، ئه‌وانیش رێنمایی پێویستیان به‌ پۆلیس كردووه‌ بۆ رێگریكردن له‌ هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی ماسی بۆ نێو شاره‌كه‌”.

دكتۆر بورهان عومه‌ر، وتیشی:” به‌پێی ئه‌و لێدوانه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق داویه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ماسییه‌كان مه‌ترسییان بۆسه‌ر مرۆڤ نییه‌و مرۆڤ پێی نه‌خۆش ناكه‌وێت، ئه‌وه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ماسی خۆی، كه‌ كه‌ڕووی ماسی پێده‌ڵێن”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:” ئه‌و ماسییانه‌ هه‌موو مردون، هاوڵاتیانیش ئاماده‌نین ماسییه‌ك بخۆن كه‌ مردبێت، ئێستا خه‌ڵكی هه‌مووی ماسی زیندوو ده‌كڕن كه‌واته‌ هیچ مه‌ترسییه‌كی نییه‌”.

ئاشكراشیكرد:”لیژنه‌یه‌كمان له‌و باره‌یه‌وه‌ پێكهێناوه‌، كه‌ بریتین له‌ ته‌ندروستی و كشتوكاڵ و ژینگه‌ی كه‌ركوك، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوون بكه‌ین بۆ دڵنیابوون له‌و حه‌وزه‌ ماسییانه‌ی كه‌ له‌ كه‌ركوك هه‌ن، تا بزانین هیچ نه‌خۆشییه‌كی تر هه‌ن یاخود نا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ كه‌ركوك نییه‌، به‌ڵام ده‌شمانه‌وێت زیاتر دڵنیابینه‌وه‌”.

دكتۆر بورهان باسی له‌وه‌شكرد:”ئێستا نایه‌ڵن ماسییه‌كان ئاودیوی به‌غداش بكرێن، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌هات، كه‌ نه‌خۆشی ماسییه‌كان بووه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی گه‌وره‌ هه‌م له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ هه‌م له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌، واته‌ له‌ پارێزگایه‌كه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ بچێته‌ پارێزگایه‌كی تر”.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری كه‌ركوك له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت هاوشێوه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك بوونی مه‌ترسییه‌كه‌ له‌سه‌ر شاری كه‌ركوك به‌دوور ده‌زانێت و رایده‌گه‌یه‌نێت:” رێكاری پێویستمان گرتۆته‌به‌ر”.

دكتۆر ئه‌كره‌م كه‌مال عارف، به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێتێرنه‌ری كه‌ركوك له‌باره‌ی نه‌خۆشی ماسییه‌كان بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌ بابل و دیوانیه‌و له‌ تارمییه‌ و ئه‌نبار هه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا له‌ كه‌ركوك بوونی نییه‌”.

دكتۆر ئه‌كره‌م كه‌مال وتیشی:” چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، تیمه‌كانی تایبه‌ت به‌ماسیمان ناردووه‌ له‌گه‌ڵ پزیشكانی ڤێتێرنه‌ری ناحیه‌ی پردێ تا پشكنین بۆ حه‌وزه‌كان بكه‌ن، دواتر ده‌ركه‌وت هیچ جۆره‌ نه‌خۆشییه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ كه‌ركوك بوونی نییه‌”.

به‌ڕێوه‌به‌ری ڤێتێرنه‌ری كه‌ركوك ئاشكراشیكرد:” وه‌ك ڤێتێرنه‌ری كه‌ركوك له‌ بازگه‌كانی كه‌ركوك نوێنه‌ری تایبه‌ت خۆمان هه‌یه‌و رێوشوێنی توند ده‌گرنه‌به‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:” هێنانی هه‌ر ماسییه‌ك بۆ نێو كه‌ركوك ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌ی ته‌ندروستی نه‌بێت ناتوانێت بێته‌ نێو شاره‌وه‌”.

وتیشی:” ئیجرائاتی زۆرمان له‌و باره‌یه‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام داوا له‌ هاوڵاتیانیش ده‌كه‌م ئاگاداری ئه‌و ماسییانه‌ بن كه‌ ده‌یكڕن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ نه‌خۆش و مرداربوونه‌ته‌وه‌”.

له‌باره‌ی ئه‌و ماسیانه‌ی له‌ شاره‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ دێن بۆ كه‌ركوك، دكتۆر ئه‌كره‌م وتی:” هه‌ر ماسییه‌ك بێته‌ ناو كه‌ركوك پێویسته‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی ته‌ندروستی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نا قه‌ده‌غه‌یه‌”.

دكتۆر ئه‌كره‌م كه‌مال، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:” تائێستا هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌ كه‌ركوك بوونی نییه‌، به‌ڵام ترسم له‌وه‌ هه‌یه‌، له‌هه‌ندێ ناوچه‌وه‌ بێته‌ نێو شاره‌وه‌و بكرێته‌ نێو حه‌وزه‌كانی ماسییه‌وه‌و دواتر بیفرۆشن و هاوڵاتیان بیكڕن”.

‌ 171 جار بینراوه‌
11/10/2018 1:12:12 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved