»  بینین
پیاوه‌كان له‌ كوێن ؟
دڵسۆز حه‌مه‌


مه‌به‌ستم له‌ پیاو ئه‌و مانا ره‌مزی و ئه‌خلاقی و ره‌هه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه‌ كه‌ مانای پیاوبوون هه‌ڵگریه‌تی، ئه‌و ماناو ده‌لاله‌ته‌ ره‌مزیانه‌ی كه‌ به‌ درێژایی مێژوو جه‌خت له‌سه‌ر  جۆرێك به‌هاو نۆرم و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ ماناكانی پیاوبوون، جۆرێك له‌ به‌هاو نۆرمی ئه‌خلاقی كه‌ به‌رجه‌سته‌ی مانای پیاوو پیاوبوون ده‌كات، ئه‌وجۆره‌ به‌هایانه‌ كه‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی فیزیكی پیاوبوون تێده‌په‌ڕێنێت ده‌بێت به‌ به‌شێك له‌ به‌ها ئه‌خلاق و پره‌نسیب و نۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ راستی و ناڕاستی، ره‌وایی و ناڕه‌واییی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی پێ بخوێندرێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگای بابسالار پیاو پێگه‌و ستاتۆی به‌هێزتری هه‌یه‌ له‌ ژنان، هه‌ربۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ی پیاوبوون ئیمتیاز و پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز ده‌به‌خشێته‌ پیاوێك وه‌كو بونه‌وه‌رێكی تاك و ئینسانێكی ئاسایی، ئه‌وه‌نده‌ش پیاوبوون هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك مه‌رج ونیشانه‌و دیارده‌ی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی هاوكات به‌رجه‌سته‌ی كۆمه‌ڵێك به‌رپرسیاری و رۆڵی ئه‌خلاقیه‌ له‌ هه‌مبه‌ر كۆمه‌ڵگاو ئه‌وانی تردا.
ڕاسته‌ پیاوبوون ئیمتیازه‌و پانتاییه‌كی فراوانتر بۆ ژیان و جوڵه‌و ئازادی فه‌راهه‌مده‌كات بۆ تاكی نێر،به‌ڵام هاوكات به‌رپرسیاری ئه‌خلاقی وئینسانی ومێژویی زیاتریش ده‌هاوێته‌ سه‌رشانی وه‌كو بوونه‌وه‌رێك له‌ فه‌زایه‌كی كراوه‌ترو ده‌سئاوه‌ڵاترو ئازادتر، هه‌ربۆیه‌ كه‌لتوره‌كان به‌ جیاوازی ئاستی پێشكه‌وتن وبه‌ جیاوازی ئاستی ئابوری ومێژویی وپێگه‌و ژن وپیاو له‌ كۆمه‌ڵگاكاندا هێشتا سنورێك هه‌یه‌ بۆ ماناو سیفاته‌كانی پیاوه‌تی وده‌لالاته‌كانی پیاوبوون 
هێنده‌ی پیاوبوون ره‌نگه‌ مانا بێت زه‌بر وزه‌نگ وتوندوتیژی وچه‌وساندنه‌وه‌ی ژن ومنداڵ ومه‌ینه‌تی و ئیستیغلالكردن، ره‌نگه‌ مانایه‌كیش بێت بۆ جوامێری و مه‌ردایه‌تی وغیره‌ت و هێز وپاراستن، له‌ راستیدا كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ وه‌كو جڤاتێكی پیاوسالار به‌هه‌موو هێزی خۆی وبه‌ په‌نابردن بۆ هه‌موو ئامرازه‌كانی به‌رده‌ستی ده‌یه‌وێت ته‌نها وێنه‌كانی به‌شی دوه‌م بڵاوكاته‌وه‌و ناسنامه‌ی پیاوبون به‌ ماناكانی جوامێری وئازایه‌تی وبه‌رپرسیاری وغیره‌ت و..هتید، هه‌موو ئه‌و سیفاتانه‌ی جوانیان لێده‌بارێت بیبه‌خشێته‌ پیاوه‌كان و پیاو وه‌كو بونه‌وه‌رێكی ئه‌بستراكت له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ واقیعی حاڵ نیه‌، بگره‌ ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌ قوڵه‌كانی جڤاتی ئێمه‌ نه‌بونی پیاو بێت،پیاوێك، بونه‌وه‌رێك كه‌ ته‌واوبه‌ رجه‌سته‌ی ئه‌و مانا ره‌مزی میژوویه‌ بكات كه‌ پێی ده‌ناسرێته‌وه‌و بۆ خۆشی ململانێی له‌ پێناودا ه‌ده‌كات وبگره‌ شه‌ڕ و تاوانیش ئه‌نجام ده‌دات، كوشتنی ژن به‌ بیانوی ناموس، ئه‌گه‌ر تاوانێكی هێجگار جه‌رگبڕیش بێت به‌ڵام به‌ دیوه‌كه‌ی شه‌ڕكردنه‌ له‌ مانایه‌ك له‌ ماناكانی پیاوبون وپێگه‌ی پیاو له‌ كۆمه‌ڵگادا.
وه‌رگرتنی ٤٨ملیۆن له‌لایه‌ن پله‌باڵاكانه‌وه‌،ئه‌گه‌ر به‌شێكیش بێت له‌ دۆخی گه‌نده‌لی وخراپ به‌روه‌بردنی ولات هاوكات نه‌مانی جوامیری و ئه‌و رۆحه‌ به‌رپرسیار وبه‌هێزه‌یه‌ كه‌ پییده‌ڵیت پیاو وپیاوه‌تی،
 كایه‌ی سیاسی وسه‌نته‌ری بریاردان له‌ حیزب وله‌ناو خێزانه‌كانیشدا له‌ ده‌ستی پیاوه‌كاندایه‌ .
به‌رپرسیاری وهێزی بڕیاردان وسه‌ركێشی و نه‌ترسان، درۆنه‌كردن (پیاو قسه‌ ده‌كات!)،دزی نه‌كردن،نه‌فسبه‌رزی وهه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاری، بردنه‌ سه‌ری په‌یمان وجێبه‌جێكردنی ئه‌خلاقیانه‌ی رێككه‌وتن وپه‌یمانه‌كان، جوامێری وده‌سپاكی ئه‌و سیفاتانه‌یه‌ كه‌ له‌ جڤاتێكی نه‌ریتی وه‌كو ئێمه‌دا خراوه‌نه‌ته‌ پاڵ پیاوانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ دۆخی سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی وئابوری ئێمه‌ وورد بیته‌وه‌ ده‌بێت بڵێین ئه‌رێ پیاوه‌كان له‌ كوێن؟

‌ 420 جار بینراوه‌
11/10/2018 2:07:07 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved