»  وەرزش
ته‌واوبوونی یاریگای ئۆڵۆمپی خزمه‌ت به‌ وه‌رزشی كه‌ركوك ده‌كات
ئا/ هه‌واڵ

 

به‌ ته‌واوبوونی یاریگای ئۆڵۆمپی كه‌ركوك، جگه‌ له‌وه‌ی سوودێكی باشی بۆ تۆپی پێی شاره‌كه‌ ده‌بێت، هاوكات یارییه‌كانی گۆڕه‌پان و مه‌یدانیش سوومه‌ندی ئه‌و یاریگایه‌ ده‌بن و شاره‌كه‌ش له‌ رووی ئابورییه‌وه‌ قازانج ده‌كات.

ستافێك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یاریگاكه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌

ناسیح جابر شوانی، به‌ڕێوه‌به‌ری لاوان و وه‌رزشی كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:" یاریگای ئۆڵۆمپی كه‌ركوك له‌ لایه‌ن  وه‌زاره‌تی لاوان و وه‌رزشی حكومه‌تی ناوه‌ندی نۆژه‌نده‌كرێته‌وه‌ واش بڕیاره‌ دوای ته‌واوبوونی، كاره‌كانی له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایته‌كه‌مانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ستافێكی ته‌واوی بۆ ته‌رخان ده‌كرێت ".

وتیشی: "  له‌ روانگه‌ی ئه‌وه‌ی یاریگاكه‌ ستانداردێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین ته‌نها بۆ  رووداوه‌ وه‌رزشییه‌ گرنگه‌كان به‌كاری بهێنین و بۆ چالاكیه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌توانین سوود له‌ یاریگا یارده‌ده‌ره‌كانی تر یاریگا وه‌ربگرین ".

به‌ڕێوه‌به‌ری لاوان و وه‌رزشی كه‌ركوك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:" تا ئێستا هیچ رێنماییه‌كمان له‌ به‌رده‌ستدا نیه‌ ده‌رباری به‌شه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ناو یاریگا وه‌كو كافتریاو هاوشێوه‌كانی ".

ده‌توانرێت میوانداری پاڵه‌وانێتی نێوده‌وڵه‌تی بكرێت

سه‌باره‌ت به‌ گرنگی یاریگای ئۆڵۆمپی كه‌ركوك  بۆ پێشخستنی تۆپی پێی كه‌ركوك، عه‌زیز مورشید، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) وتی:" سوودمه‌ندی یه‌كه‌م له‌یاریگاكه‌ تۆپی پێی كه‌ركوك ده‌بێت چ یانه‌كان بێت یاخود یه‌كێتی تۆپی پێی كه‌ركوك ".

وتیشی:" به‌حوكمی ئه‌وه‌ی یاریگاكه‌ ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌توانرێت میوانداری هه‌ر بۆنه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بكه‌ین یاخود یارییه‌كانی خولی نایابی عێراق بێت ".

جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كه‌ركوك ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو:" وه‌كو یه‌كێتی تۆپی پێی كه‌ركوك له‌ ئاماده‌كردنی تیپه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی كه‌ركوك سوود له‌ یاریگاكانی تری یاریگای ئۆڵۆمپی وه‌رده‌گرن ".

گۆڕه‌پان و مه‌یدانیش سوودمه‌ند ده‌بێت

سه‌باح حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی یه‌كێتی گۆڕه‌پان و مه‌یدانی كه‌ركوك، سه‌باره‌ت به‌ سوود وه‌رگرتنی یارییه‌كانی گۆڕه‌پان و مه‌یدان له‌ تراكی یاریگای ئۆڵۆمپی كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) وتی:"  یاریگاكه‌ تراكیكی گۆڕه‌پان  و مه‌یدانی ستانداردی جیهانی تێدایه‌ بۆ یارییه‌كانی گۆڕه‌پان و مه‌یدان سوودی زۆری ده‌بێت".

وتیشی: " ئه‌و تراكه‌ رۆڵێكی گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌ گه‌شه‌كردنی یارییه‌كانی گۆڕه‌پان و مه‌یدان و ده‌توانرێت بكرێته‌ سه‌نته‌رێك بۆ پێگه‌یاندنی وه‌رزشكارانی گۆڕه‌پان و مه‌یدان ".

سه‌رۆكی یه‌كێتی گۆڕه‌پان و مه‌یدانی كه‌ركوك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:" به‌ ته‌واو بوونی پرۆژه‌كه‌ وه‌كو كه‌ركوك ده‌توانین میوانداری پاڵه‌وانێتیه‌كانی گۆڕه‌پان و مه‌یدان بكه‌ین له‌ سه‌ر به‌رزترین ئاست".

سوودی دارایی بۆ شاره‌كه‌ هه‌یه‌

ده‌رباره‌ی سووده‌ ئابورییه‌كانی یاریگای ئۆڵۆمپی كه‌ركوك، دكتۆر دیار فه‌خره‌دین شاره‌زا له‌ به‌بازاڕكردنی وه‌رزش، بۆ (هه‌واڵ)  وتی:" به‌ پێی سیستمه‌ جیهانیه‌كان ئه‌و یاریگایانه‌ ده‌بنه‌ موڵكی شاره‌كه‌و هه‌مووان مافیان تێدا ده‌بێت ".

وتیشی: "  له‌ رووی ئابورییه‌وه‌ ئه‌و یاریگانه‌ ته‌نها له‌ كاتی میوانداریكردنی پاڵه‌وانێتی و یارییه‌ گرنگه‌كان ده‌بنه‌ سوود به‌خشین و ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی داهات ".

دكتۆر دیار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:" له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی یاریگاكه‌دا ره‌چاوی دابینكردنی سپۆنسه‌ر نه‌كراوه‌ وه‌كو دابین ردنی تابلۆو رێكلامی ئه‌لیكترۆنی و هاوشێوه‌كانی كه‌ بوونی ده‌بووه‌ هۆی زیاتر بوونی سووده‌ داراییه‌كانی ".


‌ 340 جار بینراوه‌
11/10/2018 1:10:08 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved