»  باران
مافی ژنان له‌نێوان به‌رداشی دوو ئاراسته‌ی دژبه‌یه‌كدا -1-
عه‌بدوڵڵا مه‌حموود زه‌نگنه‌

 له‌م وڵاته‌ و له‌ زۆرێك وڵاتانی خۆرهه‌ڵات و به‌شێكی سه‌ره‌كییش له‌ كیشوه‌ری ئاسیادا، مافی هه‌موو زیندنه‌وه‌ره‌كان له‌ بچوكترینیانه‌وه‌ تا گه‌وره‌ترینیان به‌ ته‌واوی پێشێلكراوه‌، مافی ژنانیش یه‌كێكه‌ له‌و مافانه‌ی پێشێلده‌كرێت و سه‌رباری چه‌ندین ساڵ له‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی رێكخراوه‌كانی داكۆكیكار له‌ مافه‌كانی ژنان، هێشتا نه‌توانراوه‌ بوترێت بنه‌مایه‌ك دانراوه‌ بۆ بونیادنانی چوارچێوه‌یه‌كی زانستی بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ تێكۆشانه‌كان به‌ ئومێدی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كان ئه‌گه‌رچی به‌ڕێژه‌ییش بێت. به‌ داخێكی زۆره‌وه‌ كه‌ كاری ناسیستماتیكی و نازانستیی رێكخراوه‌كانی ژنان خۆیان یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی نه‌گه‌یشتن به‌و چوارچێوه‌یه‌، كه‌ ته‌نها له‌ڕێی پێكهێنانیه‌وه‌ ده‌توانین قۆناغ به‌ قۆناغ مافه‌كانی ژنان بگه‌ێنین به‌ ده‌ره‌نجامی درووست. جێی باسه‌ كه‌شێڵته‌ره‌كان رۆڵی دیاریان هه‌بووه‌ له‌ كاری له‌خۆگرتن و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و ژنانه‌نی به‌هۆی توندوتیژی نواندن ده‌رهه‌قیان روویان تێده‌كردوون وناتوانین نكوولی له‌و رۆڵه‌ ئه‌رێنیه‌ بكه‌ین.

رێكخراوه‌كانی ژنان به‌ گشتی له‌م باشووری كوردستانه‌دا به‌ دوو ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ به‌ یه‌ك كاریان له‌م بواره‌دا كردووه‌:

1 -- ئاراسته‌یه‌ك به‌ پێی نه‌خشه‌وپلانی ئه‌و حیزبانه‌ی خۆیان به‌ چه‌پ و دیموكراسیخواز ناوبردووه‌ و زۆرینه‌ی رێكخراوه‌كانی ئه‌م ئاراسته‌یه‌ی ژنانیش، په‌یامی ئایدیۆلۆژیی ئه‌م حیزبانه‌یان په‌یڕه‌و كردووه‌.

2 -- ئاراسته‌كه‌ی تریش حیزبه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان و گوتاری ئاینیی ته‌قلیدیی مزگه‌وته‌كان سه‌رپه‌رشتییان كردووه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت زۆر راشكاوانه‌ بڵێین: مافه‌كان و بگره‌ پرسی ژنانیش به‌ گشتی له‌نێوان به‌رداشی ئه‌م دوو ئاراسته‌ پێچه‌وانه‌ و دژبه‌یه‌كه‌دا به‌ ته‌واوی پلیشایه‌وه‌ و جگه‌ له‌ چه‌ند پرسێكی لاوه‌كی،كه‌ كران به‌ پرسی گه‌وهه‌ری و زیاتر له‌”27”ساڵ هه‌ڵایان له‌سه‌ر نرایه‌وه‌، پرسی گه‌وهه‌ریی ژنان كه‌ پرسی مرۆڤبوونه‌ شانبه‌شانی پیاو وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ و گۆڕانكاری ئه‌وتۆی به‌خۆوه‌ نه‌بینی.

له‌ ماوه‌ی”27”ساڵی رابردوودا چ وه‌ك وه‌رگێڕ و چ وه‌ك نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان، زۆر به‌ وردی ته‌واوی هه‌وڵه‌كانم له‌م باشووری كوردستانه‌دا تاوتوێ كردووه‌ و سه‌دان داتا و ئامارم كۆكردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌رفه‌تی تردا بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه‌، به‌لام لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند راستییه‌ك ده‌ده‌م كه‌ مه‌گه‌ر ده‌مارگیران بۆ حیزب و ئایدۆلۆژیای حیزبگه‌ری و شكستخواردووان له‌ بواری داكۆكی له‌ مافه‌كانی ژناندا له‌ هه‌ردوو ئاراسته‌كه‌دا نكوولی لێبكه‌ن، ده‌نا ئه‌وه‌ی به‌ دوای راستیدا بگه‌ڕێت هه‌ر له‌واقیعی كرداریی ژیانی رۆژانه‌ماندا به‌ڕوونی ده‌ركی پێده‌كات، بۆیه‌ ئاماژه‌كان له‌ چه‌ند خاڵێكدا روونده‌كه‌مه‌وه‌:

1 – رێكخراوه‌كانی ژنان، به‌ هه‌ردوو ئاراسته‌كه‌دا، پێش هه‌رشتێك گه‌وهه‌ری مافه‌كانی ژنیان له‌م چه‌ند پرسه‌ لاوه‌كیه‌دا چڕكرده‌وه‌ كه‌ پێش هه‌رشتێك هه‌وڵی سه‌پاندنی بیروباوه‌ڕی خۆیان بوون: پۆشاك، شایه‌تی، یه‌كسانی له‌ میرات،فره‌ژنی، مافی كاركردن، ئازادیه‌كان به‌ گشتی و له‌ هیچیاندا نه‌یانتوانی راستیی پرسه‌كان وه‌ك خۆیان، یان وه‌ك پێویست، یاخود وه‌ك ئه‌وه‌ی بنه‌مای ئازادی داوایكردووه‌ به‌دییانبێنن.

2 –له‌ پرسی پۆشاكدا به‌ره‌ی دیموكراسیخواز جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ باڵاپۆشی ئیسلامی نیشانه‌یه‌ بۆ دواكه‌وتوویی، پاشكۆیه‌تی، دیلی و مه‌رج نیه‌ ژنی پۆشته‌ موسوڵمان بێت وژنی سفور بێدین، به‌ره‌ی دووه‌میش هه‌میشه‌ ته‌ئكیدیان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر چكلێتێكی رووت و دانه‌یه‌كی تری پێچراوه‌ به‌ پیاوێك بدرێت، بێگومان پێچراوه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرێت، چونكه‌ لایكه‌می به‌ پاكتری ده‌زانێت، بۆیه‌ ئه‌ویان زۆرترین هه‌وڵی ئه‌وه‌ بووه‌ رێژه‌ی سفووره‌كان زیاتر و ئه‌میشیان هه‌وڵی ئه‌وه‌ بووه‌ رێژه‌ی باڵاپۆشه‌كان زیاتر بێت، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌م پرسه‌ به‌ ته‌واوی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئازادیی تاكه‌كان خۆیان، واته‌ هه‌موو ژنێك ده‌بێ خۆی ئازاد بێت چ جۆره‌ پۆشاكێك به‌ باش ده‌زانێت، بۆیه‌ فشاری هه‌ردوولا بۆ سفووركردن و باڵاپۆش كردن، ئه‌میان به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی له‌وه‌ی باڵاپۆشی دواكه‌وتن و پاشكۆیه‌تی و دیلكردن و جۆره‌ها تۆمه‌تی تره‌، ئه‌ویشیان به‌ ته‌ماشاكردنیان به‌ چاوێكی سووكتر له‌وه‌ی ته‌ماشای باڵاپۆشێكی پێده‌كرێت و ترساندنیان به‌ سووتان له‌ دۆزه‌خدا، لادانه‌ له‌ هه‌قیقه‌تی ته‌نانه‌ت ویستی خوداییش، چونكه‌ خودا مرۆڤه‌كانی سه‌رپشك كردووه‌ له‌ ئیمان هێنان و نه‌هێنان و بگره‌ خودا له‌ڕێی قورئان و پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌ مرۆڤیان له‌ ئاكامی قیامه‌تیی پابه‌ندنه‌بوونه‌وه‌ به‌ په‌یامه‌كه‌ی ئاگاداركردۆته‌وه‌ و مرۆڤه‌كان ئازادن له‌وه‌دا چی ده‌كه‌ن و چی ناكه‌ن، به‌ تایبه‌تی له‌و پرسانه‌دا تایبه‌تن به‌ كه‌سێتیی خۆیان و هیچ زیانێك به‌ كۆمه‌ڵگه‌ناگه‌ێنن، بۆیه‌، هه‌رجۆره‌ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادیه‌كی تاكه‌سی وزۆره‌ملێیه‌ك له‌ په‌یامی خوایشدا نیه‌، چونكه‌:

أ/ قورئان له‌ ئایه‌تی ژماره‌”26”ی سوره‌تی ئه‌عرافدا ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پۆشاك كرده‌ی خوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان رووتیی خۆیان پێداپۆشن و بۆ جوانییش له‌كاتی پێویستدا له‌به‌ری بكه‌ن كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز باسیكردووه‌. هه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی مرۆڤی رووت زیانی زۆرتری پێده‌گات له‌ سه‌رما و گه‌رما و به‌ركه‌وتنی تیشك و تۆز و پیسی و كه‌ره‌سته‌ی كیمیاییه‌كان، ئه‌مانه‌ راستیی زانستین و ناكرێت نكوولییان لێبكرێت، بۆیه‌ بواری خۆپاراستن و چاره‌سه‌ریش به‌ ماده‌ی تری كیمیایی بووه‌ته‌ مه‌ودایه‌كی تری ئابووری و ئه‌میش راده‌یه‌ك زیانی به‌ ته‌ندرووستی و ئاستی ئابووری ده‌گه‌ێنێت و گه‌یاندوویه‌تی.

ب/ ئایه‌تی تایبه‌تیش به‌ جۆر و شێوازی پۆشاكێك خوا پێیڕازی بێت له‌ ئایه‌تی ژماره‌”31”ی سوره‌تی”النور”دا هاتووه‌، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیی لێی داپۆشینی رووتی ئافره‌ته‌، كه‌ له‌ راڤه‌كاندا به‌ داپۆشینی”عه‌وره‌ت” هاتووه‌، وێڕای پاراستنی ره‌گه‌زی مێ له‌ چاوبرسێتیی ئه‌و پیاوانه‌ی قورئان به‌ “دڵ نه‌خۆش” ناویان ده‌بات، كه‌ ده‌بوو زیاتر ئیش له‌سه‌ر چاككردنی ئه‌م دڵه‌ نه‌خۆشانه‌ی پیاوان بكرایه‌، كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژنان ناچاربن خۆیان بپارێزن و هه‌میشه‌ ترسیان هه‌بێت و نه‌شتوانن به‌وهۆیه‌وه‌ مافه‌كانیان به‌ كرداری بكه‌ن، بۆیه‌ خودا له‌ ئایه‌تی ژماره‌”30”ی هه‌مان سوره‌تدا، داوا له‌ پێشدا داوا له‌ پیاوان ده‌كات چاویان له‌ حه‌رام بپارێزن كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیه‌ بۆ ته‌نگهه‌ڵچنین به‌ ژنان و نه‌خۆشكه‌وتنی دڵه‌كانی خۆیان. بۆیه‌ پێموایه‌ ده‌بوو رێكخراوه‌كانی ژنان كاری جدییان بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی پیاوان بكردایه‌ و تا كۆڕ و خولێكیان بۆ ژن ده‌كرده‌وه‌ سێ كۆڕ و خولیان بۆ پیاوان بكردایه‌ته‌وه‌ تا هۆشیارییه‌كی ئه‌وتۆیان به‌ پیاوان بدایه‌ ببوونایه‌ته‌ هاوكاریی ژنان نه‌ك ركابه‌ریان.

‌ 161 جار بینراوه‌
11/16/2018 11:21:49 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved