»  شۆک
كۆمه‌ڵێك گه‌نج گروپێكی شاخه‌وانی له‌ كه‌ركوك پێكده‌هێنن
ئا/هه‌واڵ

به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی شاخه‌وانی و گه‌ڕان و گه‌شت به‌ ناوچه‌ شاخه‌وانییه‌كاندا كۆمه‌ڵێك گه‌نج گروپێكی شاخه‌وانی له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز پێكده‌هێنن، گروپه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی شاره‌كه‌ له‌ پزیشك و هونه‌رمه‌ند و خوێندكار و مامۆستا و گه‌نجی ئاسایی، گروپی شاخه‌وانی باز-ی كه‌ركوك ناوی ئه‌و گروپه‌یه‌ و وه‌ك خۆشیان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن: ئامانجی ئه‌وان ئاشنابوونه‌وه‌یه‌ به‌سروشت و هه‌بوونی له‌شێكی ته‌ندروست.

گروپی شاخه‌وانی باز-ی كه‌ركوك شاخه‌وانییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و سه‌رپه‌رشتیاری گروپه‌كه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دامه‌زراندنی گروپه‌ ده‌دوێت.

نه‌جات به‌گزاده‌ سه‌رپه‌رشتیاری گروپی شاخه‌وانی بازی كه‌ركوك بۆ هه‌واڵ وتی: “ساڵی 2016 بیرۆكه‌ی ئه‌م گروپه‌مان بۆ هات و من و گه‌نجێك به‌ ناوی كاروخ ئه‌حمه‌د و دلێر له‌ك دامان مه‌زراند كه‌ ئه‌و كات دلێر زۆر هاوكارمان بوو، به‌ڵام به‌هۆی چه‌ند هۆیه‌ك و دواتر دۆخی كه‌ركوكه‌وه‌ چالاكیه‌كانمان سست بوون تا ئه‌م ساڵ و له‌ئێستادا ده‌سته‌یه‌كی نوێی هه‌یه‌ كه‌له‌ من و كاروخ و هونه‌ر و كارێز كه‌ خاتونێكه‌ پێكدێت”.

به‌گزاده‌ ده‌رباره‌ی ده‌سته‌ی گروپه‌كه‌یان وتی: “گروپه‌كه‌ له‌كۆمه‌ڵێك گه‌نج پێكهاتووه‌ له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز سه‌رپه‌رشتیاری راهێنان و سه‌رپه‌رشتیاری توانای جه‌سته‌یی و چه‌ند پزیشكێكیشمان له‌گه‌ڵدایه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌ندامانی گروپ له‌ كه‌سایه‌تی جیاجیا پێكهاتوون”.

سه‌رپه‌رشتیاری گروپی شاخه‌وانی باز-ی كه‌ركوك بۆ هه‌واڵ رونیكرده‌وه‌: “گروپه‌كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌ركی خۆی، واتا ئه‌ندامه‌كانی گه‌شته‌كان ئه‌نجام ده‌دات و كه‌ره‌سته‌كان دابین ده‌كات و هه‌رجێیه‌ك مه‌به‌ستبێت بۆی ده‌چین”.

سه‌باره‌ت به‌ فه‌رمی بوونی گروپه‌كه‌ نه‌جات ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌و گروپه‌ مۆڵه‌تی له‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌و كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌هاتوه‌ته‌ رێگه‌یان به‌ڵام بۆ به‌فه‌رمی بوونی گروپه‌كه‌ و ناساندنی له‌ حكومه‌ت وه‌ك نه‌جات ده‌ڵێت: “زۆر هه‌وڵمان داوه‌ ببین به‌ئه‌ندام له‌ ده‌سته‌ی شاخه‌وانی و حكومه‌ت مۆڵه‌تمان پێ بدات به‌ڵام تا ئێستا له‌ هه‌وڵداین و وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه‌”.

گه‌نجێكی ئه‌ندام له‌ گروپه‌ شاخه‌وانییه‌ پێیوایه‌ ئه‌نجامدانی شاخه‌وانی ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئاشناببنه‌وه‌ به‌ سروشت و هه‌روه‌ها جه‌سته‌ و ده‌رونێكی ته‌ندروستیان هه‌بێت.

هه‌كار عه‌زیز ئه‌ندامێكی گروپی شاخه‌وانی بازی كه‌ركوك بۆ هه‌واڵ وتی: “هه‌ستمان كرد كه‌ركوك له‌ روی ئه‌و بواره‌وه‌ دووره‌په‌رێزه‌ و خۆشمان ئاره‌زومان بۆ شاخه‌وانی هه‌بوو بۆیه‌ وه‌كو ئه‌ندام به‌ژداریمان له‌ فراوانكردنی گروپه‌كه‌ كرد و له‌ ئێستادا نزیكه‌ی 15 كه‌س ئه‌ندامی گروپن و له‌ كوڕ و كچ پێكهاتوون”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی گروپی شاخه‌وانی باز ئه‌وه‌ی وت: “له‌روی ده‌رچوون چالاكیه‌كانه‌وه‌ زیاتر روو له‌ ناوچه‌كانی سنوری سلێمانی و هه‌ولێر كراون و هه‌وڵی شاخه‌وانییه‌كی ئاسایی دراوه‌، ئه‌و جێیه‌ی بۆی ده‌چین پێشتر زانیاری له‌سه‌ر كۆده‌كه‌ینه‌وه‌ و مه‌ترسی و ئه‌گه‌ره‌كانی تاوتوێ ده‌كه‌ین”.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو: “هه‌ركاتێك بۆ گه‌شت ده‌رده‌چین به‌یانیان زوو ده‌رده‌چین و بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك به‌رده‌وام ده‌بین تا ده‌گاته‌ نزیكی ئێواره‌ و له‌ ئێستادا شه‌وان نامێنینه‌وه‌ به‌ڵگو ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ كه‌ره‌سته‌كانی شاخه‌وانی هه‌كار وتی: “كه‌ره‌سته‌كان لێره‌ نین ده‌بێت له‌ بازاڕی باله‌ و كۆنه‌ ده‌ستمان بكه‌وێت ئه‌وه‌شی نه‌بوو له‌رێی هاوڕێ و له‌ڕێی ئۆنلاینه‌وه‌ له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ داوای ده‌كه‌ین و بۆ ئۆتۆمبێلیش پاس ده‌گرین و ده‌چینه‌ نزیكی ئه‌و شاخانه‌ی بمانه‌وێ و دواتر به‌پێ سه‌رده‌كه‌وین”.

هه‌كار عه‌زیز ئه‌ندامی گروپی شاخه‌وانی بازی كه‌ركوك وتیشی: “ئه‌نجامدانی شاخه‌وانی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئاشنابینه‌وه‌ به‌ سروشت و به‌رده‌وامبین به‌ گرنگیدان به‌ سروشتی كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ مه‌به‌ستی دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ جه‌نجاڵی و ته‌كنه‌لۆژیا و بوونی له‌شێكی ته‌ندروست به‌رده‌وامی به‌ شاخه‌وانی ده‌ده‌ین لایه‌نی جه‌سته‌یی و ده‌روونی خۆمان ئاسوده‌ ده‌كه‌ین”.

سه‌باره‌ت به‌بوونی ره‌گه‌زی مێینه‌ له‌ گروپه‌كه‌یان هه‌كار رونیكرده‌وه‌: “ره‌گه‌زی به‌رانبه‌ر زۆر به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ له‌ گروپه‌كه‌ هه‌ن و به‌شدارن و بۆ مه‌به‌ستی شاخه‌وانی له‌گه‌ڵمانن، له‌لایه‌ن خێزانه‌كانیانه‌وه‌ هاوكاری ده‌كرێن و كه‌سی خۆشمانی تێدان، ئێمه‌ به‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی خوشك و برایانه‌ په‌ره‌ به‌ بواره‌كه‌ ده‌ده‌ین و به‌هیواین گه‌نجی تریش هه‌وڵی ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ بدات”.

‌ 150 جار بینراوه‌
11/16/2018 11:23:04 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved