»  وەرزش
یانه‌كانی كه‌ركوك ئاماده‌كاری بۆ خولی پله‌ یه‌كی كوردستان ده‌كه‌ن
ئا/ هه‌واڵ

 

بڕیاره‌ رۆژی 22/11/2018 ركابه‌رییه‌كانی خولی تۆپی پێی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی كوردستان ده‌ستپێبكات، چوار یانه‌ی شاری كه‌ركوك له‌ ریزی خولی پله‌ یه‌كی كوردستان ركابه‌ری ده‌كه‌ن، لاپه‌ڕه‌ی وه‌رزشی (هه‌واڵ) له‌ به‌دواداچونێكی مه‌یدانیدا كێشه‌و گرفته‌كانی یانه‌كانه‌ به‌شداربووه‌كان ده‌خاته‌ڕوو كه‌ خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوانیان قه‌یرانی دارایی بوو.

خاك: پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌مان ئاماده‌یه‌ بۆ ركابه‌ریكردن

جه‌مال مه‌حمه‌د، سه‌رپه‌رشتیاری تیپی تۆپی پێی یانه‌ی خاك بۆ (هه‌واڵ) وتی:” هه‌ر دوای ڕاگه‌یاندنی واده‌ی ده‌ستپێكردنی خولی پله‌یه‌كی كوردستان هه‌نگاوه‌ ئاماده‌كارییه‌كانمان ده‌ستپێكردووه‌ و ماوه‌ی مانگێك ده‌بێت ده‌ستمان به‌ راهێنان كردووه‌ “.

وتیشی: “ ده‌توانم بڵێم دوای ئه‌نجامدانی چه‌ند یارییه‌كی دۆستانه‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌مان ئاماده‌یه‌ بۆ ركابه‌ریكردن، به‌بۆچوونی راهێنه‌ریش ته‌نها یه‌ك یان دوو یاریزانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێممان پێویسته‌ بۆ به‌هێزكردنی تیپه‌كه‌”.

سه‌رپه‌رشتیاری تیپی تۆپی پێی یانه‌ی خاك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:” به‌شداریكردنمان له‌ پێناو ركابه‌ریكردنه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن و گرفته‌كانمان له‌ قه‌یرانی دارایی چڕ بۆته‌وه‌”.

سۆلاف: ئامانجمان له‌ به‌شداریكردن ته‌نها مانه‌وه‌یه‌ له‌ خولی پله‌ یه‌ك

سه‌باح محه‌مه‌د، سه‌رپه‌رشتیاری تیپی تۆپی پێی یانه‌ی سۆلاف، بۆ (هه‌واڵ) وتی:” له‌ رووی ئاماده‌كارییه‌كانه‌وه‌ تا راده‌یه‌ك دوا كه‌وتین ، به‌ڵام نزیكه‌ی مانگێك ده‌بێت ستافی راهینه‌رانمان به‌ ڕاهێنه‌رایه‌تی پشتیوان حه‌مید تاقیكردنه‌وه‌مان بۆ یاریزانان كردووه‌ كه‌ زیاتر پشت به‌ یاریزانانی كه‌ركوك ده‌به‌ستین و ژماره‌یه‌كیان لاوان” .

وتیشی: “ ئامانجمان له‌ به‌شداریكردن ته‌نها مانه‌وه‌یه‌ له‌ خولی پله‌ یه‌ك، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ راست بن كه‌ باس له‌ به‌ڕێوه‌چوونی خولی پله‌ یه‌ك به‌ دوو قۆناغ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ بكشێینه‌وه‌ “.

سه‌باح محه‌مه‌د ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:” سه‌رباری قه‌یرانی دارایی كه‌ ئاماده‌كارییه‌نمانی سنوردار كردووه‌، نه‌بوونی یاریگا گرفتێكی تر رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌ و له‌ ئێستا یاریگا به‌ كرێ ده‌گرین و هه‌روه‌ها چالاكی وه‌رزشی قوتابخانه‌كانی كه‌ركوك به‌ سوپاسه‌وه‌ یاریگاكه‌یانیان بۆ رۆژێك ته‌رخان كردووه‌ بۆمان”.

 

ئاڵتون كۆپری: هه‌ندی گرفت هۆكارن له‌ درنگ ئاماده‌كارییه‌كانیانمان

ده‌شتی موحسین، سه‌رپه‌رشتیاری تیپی تۆپی پێی یانه‌ی ئاڵتون كۆپری بۆ (هه‌واڵ) وتی:”ئاماده‌كارییه‌كانمان تا راده‌یه‌ك هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كانی تری كه‌ركوك، به‌ڵام ره‌نگه‌ هه‌ندی گرفت هۆكاربن له‌ درنگ ئاماده‌كارییه‌كانیانمان كه‌ له‌ 10/10/2018 ده‌ستمانپێكردووه‌”.

وتیشی: “ تا ئێستا 17 یاریزانمان دیاریكردووه‌ و راهێنان ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌یه‌كیان یاریزانی لاون، ئه‌وه‌ش به‌ هۆی نه‌بوونی پاره‌وه‌یه‌ “.

ده‌شتی گرفته‌كانیانی خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد:” گرفته‌كان زۆرن جگه‌ له‌كه‌موكوڕییه‌كانی یاریگاكه‌مان ، گرفتی سه‌ره‌كی نه‌بوونی بودجه‌یه‌ كه‌ له‌ 2013 هیچ پاره‌یه‌كمان وه‌رنه‌گرتووه‌ نه‌ له‌ لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستان بێت یان لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عێراقه‌وه‌ بێت، ته‌نانه‌ت ئێستا جگه‌ له‌ نه‌دانی مووچه‌ ناتوانین پێداویستیه‌كانی یاریزانه‌كانیش دابین بكه‌ین له‌ پاڵ نه‌بوونی پاسی تایبه‌ت بۆ یانه‌كه‌ چ بۆ راهێنان بێت یاخود ئه‌نجامدانی یاری دۆستانه‌ بێت”.

سه‌وره‌: به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ین

یانه‌ی سه‌وره‌ی چواره‌م یانه‌ی كه‌ركوك له‌ خولی پله‌ یه‌كی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی كوردستان بوو، به‌ڵام ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ بڕیاریدا پاشه‌كشێ بكات له‌ خولی پله‌ یه‌كی كوردستان و ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ش، هۆكاره‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی تووشی یانه‌كه‌ هاتووه‌ له‌ ئاكامی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان له‌ ناو یانه‌كه‌”.

‌ 306 جار بینراوه‌
11/17/2018 12:25:39 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved