»  راپۆرت
به‌خشینه‌وه‌ی تۆمه‌تی خیانه‌ت ده‌بێته‌ كلتوری سیاسی له‌ كوردستان
ئا/ هه‌واڵ

به‌خشینه‌وه‌ی تۆمه‌ت و ناوزراندنی لایه‌نێك یا چه‌ند لایه‌نێك له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند پێوه‌رێك له‌ نێو لایه‌نه‌ سیاسی و ته‌واوی پێكهاته‌ی كوردا جیاواز له‌ حیزب و پێكهاته‌كانی دیكه‌ بۆته‌ دیارده‌یه‌كی ترسناك كه‌ ته‌خوینه‌، رۆژنامه‌نووسان و چاودێرانیش هه‌فته‌ی رابردوو له‌ یانه‌ی هه‌واڵ له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی واتس ئاپ، ئه‌و بابه‌ته‌ ورژێندراو به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی یانه‌كه‌ به‌شێوه‌ی جیاواز خوێندنه‌وه‌یان بۆ بابه‌ته‌كه‌كرد.

بۆچی حیزبه‌ عێراقیه‌كان یه‌كتری به‌ خیانه‌ت تۆمه‌تبار ناكه‌ن؟

زاهیر شكور، نوسه‌ر و رۆشنبیر، له‌شاری كه‌ركوك، رایگه‌یاند:”بۆچی حیزبه‌ عێراقیه‌كان یه‌كتری به‌ خائین تۆمه‌تبار ناكه‌ن و بۆ حیزبی كوردی خۆیان ڕسوا كردوه‌”، هه‌روه‌ها ده‌ڵێتیش:”به‌پێی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ بێت حیزبه‌ كوردیه‌كان یه‌كی پێ تاوانبار ده‌كه‌ن هه‌موو حیزبه‌كان خائین ونیشتمان فرۆش و دز و مرۆڤ كوژ ده‌رئه‌چن “.

ئیداره‌دانی ناكۆكی وململانێ له‌لای ئێمه‌ ده‌گاته‌ مریشكه‌ ره‌شه‌

هه‌روه‌ها ستران عه‌بدوڵا، سه‌نوسه‌ری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد:”ئه‌وه‌ فه‌رهه‌نگی سیاسیه‌ و ناكۆكی هه‌ر هه‌یه‌ و هه‌ر ده‌بێتیش به‌ڵام زمانی ئیداره‌دانی ناكۆكی و ململانێ له‌لای ئێمه‌ یه‌كسه‌ر ده‌یگه‌ننه‌ مریشكه‌ ره‌شه‌ و تۆپی تۆمه‌ت و جنێودان”.

 

نه‌بوونی هێڵی سوری نیشتمانی

هه‌روه‌ها ئه‌میر فه‌خره‌دین، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، سه‌باره‌ت به‌ پرسی به‌خشینه‌وه‌ی تۆمه‌ت له‌ نێو لایه‌نه‌كاندا، رایده‌گه‌یه‌نێت:” یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ دیاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوی یه‌كتر و به‌ خاینكردنی یه‌كتر دیاره‌ خاڵێكی جه‌وهه‌ری نه‌بوونی هێڵی سوری نیشتمانیه‌ واتا شتێك نه‌ماوه‌ لای تاكی كورد و حزبی كوردی ناوی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بێت”.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شده‌خاته‌روو:”یه‌كێی له‌ هه‌ره‌ خاڵه‌ گرنگیه‌كانیش ئه‌وه‌ش بۆ نه‌بونی سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ی له‌ ئێستادا ده‌گه‌رێته‌وه‌”.

كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌ر به‌ ته‌خوین دگرێت

لای خۆشیه‌وه‌ هه‌ژار سدیق، نوسه‌رو راگه‌یاندكار، ده‌رباره‌ی هه‌مان ئه‌و پرسه‌ی ئاخۆ بۆ له‌ پێكهاته‌ی كورد و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كوردیه‌كان جیاوز له‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ به‌خشینه‌وه‌ی تۆمه‌تی خاین و ناوزراندن باوه‌، رایده‌گه‌یه‌نێت:”ئه‌گه‌ر له‌ رابردوو كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ببه‌سترایه‌ ئه‌وه‌ ئێستا له‌ كۆڵی ئه‌و هه‌موو ته‌خوینانه‌ ده‌بوینه‌وه‌.

هه‌ژار سدیق، چاودێری سیاسی، رایگه‌یاند:”ئه‌گه‌ر له‌رابردوو كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد ببه‌سترایه‌ و ده‌ستورێكی هێزه‌ سیاسیه‌كانی كۆبكردایه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ ئێستا ئێمه‌ش له‌كۆڵ ئه‌وه‌ هه‌موو ته‌خوین و بو ختانه‌ی ده‌كرێت ده‌بوینه‌وه‌”.

هه‌روه‌ها روونشیكرده‌وه‌”ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌وه‌ ده‌هێنێ كه‌زۆرترین قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و له‌سه‌ر ده‌زگای هه‌واڵی ئازیزیش پێویسته‌ نه‌ك هه‌ر له‌ڕێگه‌ی یانه‌ی واتس ئاب، به‌ڵكو له‌كه‌ركوك و هه‌ولێر كۆنفرانسی بۆ سازبكا”، وتیشی:”ئێستا كه‌ركوك ویه‌كێتی قوربانی ئه‌م ته‌خوینه‌ بێ ماناو هه‌ڵبه‌ستراوه‌یه‌ وپێویسته‌ له‌ هه‌ولێریش به‌م كه‌سانه‌ بوترێ پێناسه‌ی خیانه‌ت چیه‌”.

نه‌مانی هێڵی سوری نیشتمانی

هه‌روه‌ها چالاكوانێكی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیش كه‌ یه‌كێكی دیكه‌ له‌ به‌شداربوانی گرووپی یانه‌ی هه‌واڵی سه‌ربه‌ده‌زگای هه‌واڵ بۆ راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانی، تیشكده‌خاته‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت:”له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حزبه‌كانی ئێمه‌ی كورد به‌تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كاتێ‌ كادیرێك دروستده‌كه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای دڵسۆزیه‌ ته‌نها بۆ حیزب و سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان و سیاسه‌ته‌كه‌ی گه‌رچی هه‌ڵه‌ش بێت یاخود نیشتمانیش بفرۆشێت ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌ر چه‌پڵه‌ی بۆ لێبدرێت و نه‌وترێت هه‌ڵه‌یه‌”.

بڵند زه‌ندی، چالاكوانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، رایگه‌یاند:”ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌باس له‌ ئاراسته‌ی سیاسه‌تی حیزبه‌كانیان ئه‌كه‌ن كێرڤیان لای میله‌ت زیاده‌ ده‌بێت ولای حیزبه‌كانیان كه‌مده‌بێته‌وه‌”.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیخسته‌روو:”ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی نه‌مانی هێلی سوری نیشتمانی”، وتیشی:”نیشتمان ناوه‌ندی بڕیاری حزبه‌كانه‌ نه‌ك خاك وگه‌ل و زۆر به‌ڕاستی ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌ی زۆر زیاتریش هه‌ڵئه‌گرێت هه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌ته‌كان و ئه‌جندای ئه‌قلیمی و شتی دیكه‌ش”.

له‌پاڵ هه‌ر به‌رخودان و راپه‌رینێك نۆكه‌ر جاش خیانه‌ت

هه‌روه‌ها، ستار جه‌بار یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی یانه‌ی (هه‌واڵ)، سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان پرس بۆچۆنی خۆی به‌وشێوه‌یه‌ خسته‌روو:”به‌ڕای من ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كلتوره‌وه‌ هه‌یه‌، كلتورری عه‌ره‌بی له‌ (1400) ساڵه‌وه‌ بۆیان ماوه‌ته‌وه‌، په‌یوه‌ست بوونه‌ به‌ خه‌لیفه‌ و سه‌ركرده‌ و مه‌رجه‌ع و سه‌رۆك هۆزه‌كان و حیزبه‌كان و تاوه‌كو گه‌یشتۆته‌ خێزان، به‌ڵام ئێمه‌ له‌پاڵ هه‌ر به‌رخودان و راپه‌رینێك نۆكه‌ر جاش خیانه‌ت”، وتیشی:”له‌م ساڵانه‌ی دوایدا هه‌ندێك یاد و بۆنه‌مان هه‌بوو كه‌ میله‌تی كورد شانازی پێوه‌ده‌كرد، كه‌ به‌داخه‌وه‌ خه‌ریك بوو ئه‌وه‌ش له‌ ناو به‌رن ئه‌وانه‌ش وه‌كو بۆنه‌كانی (نه‌ورۆز و سروودی ئه‌ی ره‌قیب و به‌تایبه‌تیش پێشمه‌رگه‌ كه‌ خه‌ریك بوو له‌ناوی به‌رن، بۆیه‌ ئێمه‌ی كورد  هیچ داناهێنن، ته‌نانه‌ت وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كیش , كلتوری ئێمه‌ خیانه‌ته‌ خۆفرۆشیه‌ خاك فرۆشیه‌.

حزبه‌كان فێری خه‌باتی مه‌ده‌نی و قبوڵكردنی یه‌كتر نه‌بوونه‌

هاوكات شوان داودی، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵ بۆ راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانی، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات:”به‌شێك له‌ هۆكاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ حزبه‌كان تائێستا فێری خه‌باتی مه‌ده‌نی و قبوڵكردنی یه‌كتر نه‌بوونه‌”، وتیشی:”حزبه‌كانی هه‌مووی مونشه‌قی یه‌كترن بۆیه‌ مامه‌ڵه‌ی دوژمن بۆته‌ كلتور و به‌شێوازی جۆراو جۆر خۆی تازه‌ ده‌كاته‌وه‌

هێزه‌ عێراقیه‌كان ئامانجیان هه‌یه‌

هه‌روه‌ها مامۆستا عه‌دنان عومه‌ر، كادری پێشكه‌وتی (ی ن ك)، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد:”له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌ كۆتاییدا ئامانجیان هه‌یه‌ به‌ڵام ئێمه‌ی كورد بیری حزبایه‌تی ته‌سك كوێرای هێناوه‌ته‌ سه‌رچاومان به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی وه‌لا نراوه‌”، وتیشی:”هیچ كوردێك خائین نییه‌ و هیچ كاتێك نابێته‌ ده‌وڵه‌ت چونكه‌ بۆته‌ قوربانی زلهێزه‌كانی دونیا له‌ هه‌ر چوارپاره‌ی دابه‌شكراوه‌كه‌ی كوردستان”.

قه‌ڵغانی نه‌ته‌وه‌ییمان نییه‌

لای خۆشیه‌وه‌، بورهان حاجی سلێمان، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی هه‌واڵ، سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ بۆچونی خۆی به‌وشێوه‌یه‌ خسته‌روو:”ئه‌و بابه‌ته‌ خه‌سڵه‌تی هه‌موو گه‌له‌ بێ‌ نیشتمانه‌كانه‌ چونكه‌ قه‌ڵغانی نه‌ته‌وه‌ییمان نییه‌”.

ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت “ ئیختراقكردنی گه‌لی بێ ده‌وڵه‌ت ئاسانتره‌ له‌ گه‌لێك چه‌ندین ساڵه‌ په‌رژینی هه‌یه‌، ئێستا مه‌رجه‌عێك یان هێڵێكی گشتی نییه‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ری بڕۆن، ئه‌وه‌ی لای ئه‌م خیانه‌ته‌ لای ئه‌وی تریان سیاسه‌ته‌ یان لوتكه‌ی نیشتمانپه‌روره‌ییه‌”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت : “ نه‌مانتوانیوه‌ سیاسه‌تێكی روونی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی په‌یڕه‌وبكه‌ین به‌شێكی هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ داگیكه‌رانمان جیاوازن و له‌ نێوان خۆیاندا كێشه‌یان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش لاپه‌ڕه‌كانی كوردی تێكه‌ڵكردووه‌ كه‌ هه‌ندێكجار له‌گه‌ڵ داگیركه‌ری به‌شێكی دیكه‌ی كوردستان هه‌ماهه‌نگی ده‌كات، هۆكاره‌كه‌ی دیكه‌ش خودی عه‌قڵی سیاسی كوردییه‌، كه‌ هه‌ر كه‌س به‌ ئیجتهادی خۆی دوور له‌ بنه‌مای نیشتمانی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی بونیاد ده‌نێت”.

ئه‌وان قۆناغی خیانه‌تكارییان تێپه‌ڕاندوه‌و خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیانن

هه‌روه‌ها هۆشیار عه‌بدولره‌حمان، لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندیه‌كانی یه‌كێتی نشیتمانی كوردستان له‌ كه‌ركوك، سه‌باره‌ت به‌هه‌مان پرس، رایگه‌یاند:”چونكه‌ ئه‌وانه‌ قۆناغی خیانه‌تكاریان تێپه‌ڕانده‌و خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیانن”، روونشیكرده‌وه‌:”هه‌رچی حیزبه‌ كوردییه‌كانه‌ خاوه‌ن خاك و نیشتمانی فه‌رمی نین تا بیفرۆشن به‌ڵكو ته‌نها به‌جێیده‌هێڵن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ری”.

یانه‌ی هه‌واڵ، كه‌ گرووپێكی واتس ئاپی ده‌زگای هه‌واڵه‌ بۆ راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانی وه‌كو پیویستیه‌كی ده‌زگاكه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاڵوگۆركردنی زیانیاری له‌ نێو به‌شداربوانی یانه‌كه‌ دانراوه‌.

‌ 101 جار بینراوه‌
11/17/2018 12:44:04 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved