»  راپۆرت
خانه‌یه‌ك له‌ كه‌ركوك به‌ساڵاچوان كۆده‌كاته‌وه‌
ئا/ هاوار ستار

 (خه‌ڵوه‌تگه‌ی پیران) خانه‌یه‌ك له‌ كه‌ركوك به‌ساڵاچوانی شار ده‌گرێته‌خۆ و ئه‌و به‌ساڵاچوانه‌ی له‌و خانه‌یه‌ن هه‌مو به‌چیرۆكی جیاجیا له‌وێ وه‌رگیراون، وه‌ك به‌ڕێوبه‌رانی خانه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن ئه‌و به‌ساڵاچوانه‌ی له‌وێن یان له‌ شه‌قامه‌كان بینراون یان خزمێكی ده‌یباته‌ خانه‌كه‌ و ئه‌وان وه‌ریده‌گرن و وه‌رگرتنی به‌ساڵاچوش له‌و خانه‌یه‌ مه‌رجی خۆی هه‌یه‌.

جومعه‌ محه‌مه‌د ئه‌مین به‌ڕێوبه‌ری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) وتی: “ئه‌و به‌ساڵاچوانه‌ی كه‌ وا كه‌س و كاریان نییه‌ یان ئه‌وانه‌ی ناتوانن پیره‌كانیان به‌خێو بكه‌ن یانیش سه‌رپه‌رشتیان كردون، دێن و داواكاری ده‌نوسن له‌ به‌شی سه‌رپه‌رشتیاری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌كان و دوای خوێندنه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌كان گونجا وه‌ریده‌گرین”

به‌ڕێوبه‌ری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ركوك وتیشی: “مه‌رجی وه‌رگرتنی پیاوان له‌ته‌مه‌نی 55 بۆ 60 ده‌بێت و ژنانیش 50 بۆ 55 ساڵ و نابێت ته‌مه‌نیان كه‌متر بێت، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بێت توانای جوڵه‌ و خزمه‌تی خۆیان هه‌بێت و نابێت په‌ككه‌وته‌ی سه‌خت بن و كه‌سی تر بیانهێنن و بیان بات و جوڵه‌یان پێبكات”

ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕو: “له‌ خانه‌ی به‌ساڵاچوانی كه‌ركوك خزمه‌تگوزاری وه‌كو نێو ماڵ پێشكه‌ش به‌ به‌ساڵاچوان ده‌كرێت و جێگه‌ی نوستن و دابینكردنی خواردن و خواردنه‌وه‌ و ته‌له‌فزیۆن و شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان بۆ دابینكراوه‌ و كارمه‌ندی به‌شه‌كان خزمه‌تیان ده‌كه‌ن و خه‌رجیه‌كانیان دابینده‌كرێت و ده‌برێن بۆ بازاڕ و گه‌شت و سه‌یران”.

جومعه‌ محه‌مه‌د ئه‌مین باسی له‌وه‌شكرد: “به‌داخه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خێزان هه‌یه‌ به‌ساڵاچوو دێنن و لای ئێمه‌ تۆماری ده‌كه‌ن، جار جار حاڵه‌ت هه‌یه‌ دێن له‌به‌رده‌رگا پیره‌كانیان جێده‌هێڵن و ده‌ڕۆن هه‌فته‌ی رابردوو دوو كچ دایكیان له‌به‌رده‌م خانه‌كه‌ جێهێشت بێ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك و نه‌مانزانی ئه‌وان كێن كه‌ ئێستا ئه‌و خانمه‌ لای ئێمه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت

ده‌رباره‌ی خه‌رجی به‌ساڵاچوانیش به‌ڕێوبه‌ری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی وتی: “دابینكردنی خه‌رجی به‌ساڵاچوان یه‌كه‌م له‌ رێگه‌ی داهاتی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌یه‌ و هه‌روه‌ها خه‌ڵكی خۆبه‌خشیش پاره‌ بۆ به‌ساڵاچوه‌كان دابین ده‌كات و له‌روی مادییه‌وه‌ كێشه‌مان نییه‌ له‌ خانه‌ی به‌ساڵاچوانی كه‌ركوك”.

له‌ خانه‌ی به‌ساڵاچوانی كه‌ركوكدا 18 به‌ساڵاچوو هه‌ن كه‌ 14 پیاو 4 و ژنن، ئه‌و كارمه‌ندانه‌شی خزمه‌ت به‌م به‌ساڵاچوانه‌ ده‌كه‌ن له‌ ژن و پیاو پێكدێن، جگه‌ له‌وه‌ خانه‌كه‌ پزیشكی بۆ ته‌رخانكراوه‌ بۆ چاودێری ته‌واوی ته‌ندروستی به‌ساڵاچوه‌كان.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ساڵاچوان چێنه‌ر سیروان توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ (هه‌واڵ) وتی: “بوونی خانه‌یه‌كی وا له‌ شاری كه‌ركوك زۆر بایه‌خی و بگره‌ له‌ هه‌موو دونیاش خانه‌ی به‌ساڵاچوان گرنگی ته‌واوی هه‌یه‌ چونكه‌ له‌ رووی مرۆییه‌وه‌ كه‌سانێك ده‌گرێته‌ خۆ كه‌ به‌هۆی بارودۆخی جیا جیاوه‌ توانای كار و بژێوی و خه‌رجی خۆیان نییه‌ و له‌وێ له‌ ژێرچاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و پزیشكیدان”.

ئه‌و توێژه‌ره‌ وتیشی: “راسته‌ له‌روی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یڕه‌وی ئاینه‌وه‌ هه‌میشه‌ لای ئێمه‌ كارێكی باو نییه‌ پیره‌كان به‌رینه‌ خانه‌یه‌ك و له‌ خۆمانیان دووركه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ تا توانات هه‌بێ ناكرێ ئه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام له‌ راستیدا به‌ساڵاچو زۆریان خاوه‌ن كه‌س و كار نین یان له‌ خێزانێكی كێشه‌دارن و بوونیان له‌ خانه‌كه‌ پێویستتره‌ چونكه‌ سه‌رپه‌رشتی ته‌واو ده‌كرێن یان هه‌ر دۆخێك كه‌ به‌ساڵاچووه‌كه‌ی تێكه‌وتبێ و دووری كردبێته‌وه‌ له‌كه‌س خانه‌كه‌یه‌كی وا بۆ ئه‌و زۆر پێویستتره‌ له‌شه‌قامه‌كان”.

چێنه‌ر سیروان ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌: “گه‌ر عورف و عاده‌ت و بیری كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت ئه‌و خانه‌یه‌ نه‌ك 18 كه‌س به‌ڵكو زیاتریشی لێده‌بوو چونكه‌ زۆر به‌ساڵاچوو هه‌یه‌ ره‌نگه‌ ئه‌وێی باشتربێ وه‌ك له‌ كێشه‌كانی ماڵه‌وه‌ و له‌وێ خزمه‌ت و خۆراك و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی هه‌یه‌، زۆر به‌ساڵاچووش هه‌یه‌ كه‌س و منداڵی نییه‌ جێیه‌كی وا ده‌یانگرێته‌ خۆ، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بوونی خانه‌كه‌ زۆر گرنگه‌ له‌رووی نه‌بوونی كه‌سوكار و باری ئابوری و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستییه‌وه‌”.

حسێن سابیر له‌ راگه‌یاندنی ته‌ندروستی كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) رونیكرده‌وه‌: “ئێمه‌ وه‌كو ته‌ندروستی پزیشك و كارمه‌ندیشمان هه‌یه‌ و بۆ خانه‌كه‌ دابینكراون و چاودێری ره‌وشی ته‌ندروستی و ژیانی به‌ساڵاچووه‌كان ده‌كه‌ن و هاوكاریانن له‌ هۆشیاری ته‌ندروستی خۆیان”.

هه‌روه‌ها وتی: “ئه‌و به‌ساڵاچوانه‌ له‌ خانه‌كه‌ پشكنینیان بۆ ده‌كرێ و پێداویستی ته‌ندروستیان بۆ دابینده‌كرێت، له‌گه‌ری هه‌ر حاڵه‌تێكی سه‌ختیش و تێكچونی ته‌ندروستیا ئه‌وا به‌ نوسراوی خانه‌كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كان داخل ده‌كرێن و له‌سه‌ر ئه‌ركی نه‌خۆشخانه‌كه‌ و به‌رێوبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی رێكاره‌كانیان بۆ ته‌واو ده‌كرێت”.

‌ 125 جار بینراوه‌
11/17/2018 12:46:33 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved