»  وتاری هەفتە
راكان جبوری.. كاریزمای سه‌رده‌می پوكانه‌وه‌ی كورد
بورهان حاجی سلێمان

 قه‌ده‌ر وایكرد به‌ هۆی هه‌ڵه‌ی سیاسی كورده‌وه‌، ئیداره‌ی شارێكی خاوه‌ن شارستانی پێنج هه‌زار ساڵه‌ی وه‌كو كه‌ركوك، بكه‌وێته‌ ده‌ستی كه‌سایه‌تییه‌كی خێڵه‌كییه‌وه‌، شارێك كه‌ خاوه‌نی چوار زمانی دێرین بێت، كه‌سێك به‌ڕێوه‌ی ببات كه‌ له‌ شێوه‌زاره‌ ناوچه‌ییه‌كه‌ی خۆی چیتر له‌سه‌ر كلتوری ده‌وڵه‌مه‌ندی شاره‌كه‌ی نه‌زانێت و ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بێت پرسی پێكه‌وه‌ژیانه‌.

ره‌نگه‌ راكان جبوری به‌لای كورده‌وه‌و تا راده‌یه‌كیش به‌لای توركمانه‌وه‌، وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی شكستخواردووی ئیداری ته‌ماشا بكرێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ واتای ئه‌وه‌ نییه‌ شكستی هێنابێت له‌ كاره‌كه‌ی، به‌ڵكو وه‌كو خاوه‌ن عه‌قڵیه‌تێكی عروبی پاوانخوازی توانیویه‌تی خۆی بكاته‌ رابه‌ری نوێی پرسی به‌ عه‌ره‌بكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك، كه‌ ئامانجێكی ستراتیژی عه‌ره‌به‌، ئه‌مه‌ش وه‌كو سومبلێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌ هزری عه‌ره‌بی شاره‌كه‌دا چه‌سپاندوویه‌تی و وه‌كو پاڵه‌وانێكی نه‌ته‌وه‌یی پێناسه‌ی ده‌كه‌ن.

له‌ راستیدا ئه‌وه‌ی راكان له‌ ماوه‌ی یه‌كساڵی رابردوودا كردوویه‌تی، كورد نه‌یتوانی به‌ 15 ساڵ بیكات، ئێمه‌ له‌به‌ر خاتری داهاتی فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌ربیل و سلێمانی، پرۆسه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌ده‌نی كه‌ركوكمان پشتگوێخستبوو، به‌ڵام ئه‌و به‌خێوه‌تێكی هاوتای خێوه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان توانی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ بكاته‌ واقیع، ئێمه‌ پاڵپشت به‌ یاساو ده‌ستوور و هێز و ئیداره‌وه‌ نه‌ماتوانی به‌ 15 ساڵ زمانی كوردی به‌ته‌واوی بكه‌ین به‌ زمانی ره‌سمی له‌ كه‌ركوك، به‌ڵام ئه‌و بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌و ئامانجه‌ قووڵه‌كانی هزری به‌عسیزم كه‌ هێشتا له‌ ناوچه‌كه‌یدا بوونی به‌هێزی هه‌یه‌، ده‌ستور و یاساو عورفه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش پێشێلده‌كات و زمانی كوردی له‌ شه‌وورۆژێكدا ده‌سڕێته‌وه‌، به‌رپرسه‌كانی ئێمه‌ 15 ساڵه‌ زه‌وی ده‌فرۆشن و ده‌یده‌نه‌ ده‌وروبه‌رو ده‌رباره‌كانیان، به‌ڵام پارێزگاره‌ به‌وه‌كاله‌ته‌كه‌ی كه‌ركوك له‌ نوێترین هه‌نگاویدا 1600 پارچه‌ زه‌وی له‌سه‌ر رێگه‌ی به‌غدا و له‌ناو كه‌ركوك به‌سه‌ر هێزه‌كانی حه‌شدی عه‌شایه‌ری دابه‌شده‌كات كه‌ زۆربه‌یان له‌ هۆزه‌كه‌ی خۆین، به‌شێك له‌و زه‌ویانه‌ له‌ خوارووی گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌رین و به‌شێكیشیان زه‌وی كشتوكاڵین، ئه‌مه‌ش رێگه‌خۆشكه‌ره‌ بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی پشتێنه‌ی عه‌ره‌بی سوننی ئه‌منی كه‌ركوك كه‌ له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ رژێمی به‌عس كاری بۆ ده‌كرد.

مه‌ترسی ئه‌و پرۆسه‌ی نیشته‌جێكردنه‌ له‌وه‌دایه‌، فاكته‌رێكی گرنگ ده‌بێت بۆ دابڕانی گونده‌ كوردییه‌كانی خوارووی كه‌ركوك به‌تایبه‌تی گونده‌كانی داقوق له‌ قوڵایی كوردیی خۆی، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له‌سه‌ر ئه‌و گونده‌ كوردییانه‌، به‌وه‌ش له‌ لایه‌ك رێگه‌ی پاڵپشتی لۆجستی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ناهێڵێت، له‌ كاتێكدا ئه‌و گونده‌ كوردیانه‌ی له‌سه‌رده‌می حوكمی به‌عسدا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت مانه‌وه‌، ئێستا هۆی نه‌بوونی ئاسایشه‌وه‌ به‌ره‌و چۆڵبوون ده‌چن.

ئێستا بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت راكان بووه‌ته‌ كاریزمایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌و كاریزمایه‌ش كورد پشكی شێری هه‌یه‌ له‌ دروستكردنیدا، پارتی به‌ ئیفلیجكردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، یه‌كێتی به‌ لاوازی هه‌ڵوێسته‌كانی، توركمانیش به‌هۆی كۆنه‌ قینی له‌گه‌ڵ كورد بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌مانه‌ تاوانباری سه‌ره‌كین له‌و دۆخه‌ی به‌سه‌ر كه‌ركوكدا هاتووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر درێژه‌ بكێشێت ئه‌مڕۆ رۆژی خۆشمان ده‌بێت.

‌ 1176 جار بینراوه‌
11/17/2018 12:55:00 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved