»  باران
مافی ژنان له‌نێوان به‌رداشی دوو ئاراسته‌ی دژبه‌یه‌كدا .. به‌شی دووه‌م
عه‌بدوڵڵا مه‌حموود زه‌نگنه‌

 

ج/ هیچ گومانیش نیه‌ كه‌ پۆشاك رواڵه‌ته‌ و خودا و مرۆڤایه‌تییش گه‌وهه‌ریان به‌لاوه‌ گرنگه‌ نه‌ك رواڵه‌ت، بۆیه‌ هه‌رگیز نه‌ باڵاپۆشی نیشانه‌ی باوه‌ڕدارێتیی ته‌واوه‌ و نه‌ سفوورییش نیشانه‌ی نه‌بوونی باوه‌ڕ و به‌دڕه‌وشتیه‌، خوای په‌روه‌ردگاریش له‌ ئایه‌تی ژماره‌”89”ی سوره‌تی”الشعرا‌و”دا ته‌ئكیدله‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ رۆژی دواییدا نه‌ ماڵ و سامان و نه‌ مناڵ سوودیان هه‌یه‌، ته‌نها دڵێكی ساف و دڵسۆز نه‌بێت كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی له‌ خراپه‌كاریه‌كان دوورگرتبێت،.پێغه‌مبه‌ریش دروودی خوای لێبێت له‌ فه‌رمووده‌یه‌كدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خودا: ناڕوانێته‌ شێوه‌ و روخساری به‌نده‌كانی، به‌ڵكو ده‌ڕوانێته‌ دڵه‌كانیان.

د/ئایا رێكخراوه‌كانی مافی ژنان له‌باره‌ی كێشه‌ی پۆشاكه‌وه‌ به‌راوردێكی زانستییان كرد، تا بزانن پرسی جه‌ختكردنه‌وه‌ی قورئان له‌ پۆشاك به‌وجۆره‌ی بڕیاری لێداوه‌، بۆ پاراستنی ژنه‌ له‌هه‌رجۆره‌ ته‌نگپێهه‌ڵچنینێك له‌لایه‌ن پیاوانی دڵ نه‌خۆشه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌ك دیلكردن و سه‌ركوتكردن؟ بێگومان هه‌موو ئافره‌تێكیش ئازاده‌ پابه‌ندی بڕیاری خوایی ده‌بێت یان نابێت، به‌ڵام دواجار ده‌بێ ده‌ره‌نجامه‌كانیشی له‌ئه‌ستۆ بگرێت، ئایا كارێكیان كرد پیاوان شه‌رم بیانگرێت له‌وه‌ی خۆیان به‌ موسوڵمان ده‌زانن و كه‌چی زۆربه‌یان له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا تێكه‌وتوون بۆیه‌ متمانه‌یان به‌ دایك و خوشك و هاوژینه‌كانی خۆیشیان نیه‌؟ نه‌خێر، به‌ڵكو له‌سه‌ر دژایه‌تیی ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی به‌رامبه‌ریان به‌رده‌وام بوون به‌ ئێستایشه‌وه‌ كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ ده‌ره‌نجامێك نه‌گه‌یشتوون.

ه/ خاڵێكی تریش كه‌ قورئان ته‌ئكیدی لێده‌كاته‌وه‌ خۆڕازاندنه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ هه‌مان ئایه‌تی ژماره‌”31”ی سوره‌تی” النور”دا هاتووه‌، ئامانجی سه‌ره‌كییش دیسانه‌وه‌ پاراستنی ژنانه‌ له‌ پیاوانی چاو برسی و ناهۆشیار به‌ مه‌عریفه‌ كه‌خۆیان راده‌ستی خواست و حه‌زه‌ سێكسیه‌كانیان كردووه‌، جگه‌ له‌و زیانانه‌ی له‌ خۆڕاندنه‌وه‌دا به‌ كه‌ره‌سته‌ كیمیاییه‌كان پێیانده‌گات كه‌ له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌، كه‌چی رێكخراوه‌كان ته‌نانه‌توه‌ك پێویست باسی زیانه‌كانی به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌ی كیمیایی جوانكارییان نه‌كرد، كه‌ ده‌بنه‌ هۆكاری تووشبوونی پێستیان به‌ نه‌خۆشی و قورسبوونی باری ئابوورییان كه‌ تا ئه‌م ساته‌ زۆر به‌ كه‌می كار بۆ ئازادیی ئابووریی ره‌گه‌زێ مێ كراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی كاریان نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی پیاوان به‌ شێوه‌یه‌ك بڕواننه‌ جوانی كه‌ جوانیی روخسار له‌ دواین پله‌دا بێت. به‌رنامه‌ی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان تایبه‌ت به‌ بره‌ودانیان به‌ ماكیاژ و خۆڕازاندنه‌وه‌ و هه‌ندێجاریش به‌ دیاری به‌خشینی كه‌ره‌سته‌كان چی ده‌گه‌ێنێت جگه‌ له‌ هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن له‌ جوانی و به‌هه‌ڵه‌دابردنی ره‌گه‌زی مێ له‌ ئامانجی سه‌ره‌كی له‌ جوانی، كه‌ زیاتر له‌ سه‌لماندنی مێینه‌ییدایه‌ نه‌ك له‌ نمایشكاری؟

و/ به‌ تێبینیكردنی دۆخی ژنانمان، ده‌بینین به‌شێكی زۆریان به‌ده‌ست ماكیاژكردن و قژ ئوتوكردنه‌وه‌ زۆرینه‌یان كات و داراییان به‌هه‌ده‌ر ده‌ڕوات، جگه‌ له‌ زیانی ئه‌و گه‌رمییه‌ی به‌ پێستی سه‌ریان ده‌گات و سووتانی ته‌ڵه‌قژه‌كانیانو ماندووبوونیان، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵدا كارده‌كه‌ن، ده‌بێ به‌یانی زوو له‌خه‌و هه‌ڵبسن تا خۆیان بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ رێكبخه‌ن، ئه‌م ئه‌ركه‌ هێنده‌ گۆڕانكاریی نه‌رێنیی له‌ ژندا درووستكردووه‌، هه‌ندێ خه‌ڵكی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا وێنه‌ و نووسینی ته‌نزئامێز دابگرن گوایه‌ زۆرینه‌ی ژنانمان ئه‌گه‌ر به‌یانی له‌ده‌رگایان بده‌یت و ئه‌وان بیكه‌نه‌وه‌ ناناسرێنه‌وه‌!!

2 – پرسی شایه‌تییش زانراوه‌ كه‌ له‌ بنچینه‌دا هه‌ر كێشه‌ نیه‌، به‌ڵكو واباشتره‌ كه‌ ژن له‌و پرسه‌ تێوه‌نه‌گلێنرێت و ئه‌ركی قورس نه‌كرێت به‌ هاتوچۆی دادگاكان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا كه‌ شایه‌تیدان مافێكه‌ له‌ مافه‌كانی و ده‌شێت واقیع بیسه‌پێنێت، هیچ كێشه‌یه‌كله‌م پرسه‌دا نیه‌، چونكه‌ ئه‌و نیوشایه‌تیه‌ی هه‌ڵای له‌سه‌ر نرایه‌وه‌، شایه‌تییه‌كی تایبه‌ته‌ ته‌نها به‌ پرسی قه‌رزدان نه‌ك شایه‌تی بۆ تاوانه‌كان كه‌ له‌ دادگادا یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌، كه‌ له‌مه‌یاندا له‌ فیكری ئیسلامییشدا دادوه‌ر بۆی هه‌یه‌ به‌ شایه‌تیی یه‌ك ژنیش دادپرسیی تاوانیش یه‌كلایی بكاته‌وه‌ بێشایه‌تیی پیاویش،ئه‌گه‌ر زانیی به‌ڵگه‌كان به‌وشایه‌تیه‌ ته‌واو ده‌بن، به‌ تایبه‌تی له‌ دۆزێكدا كه‌ پیاو ئاگاداری نه‌بێت و ته‌نها ژن ئاگاداری رووداوه‌كانی بووبێت، ئیتر هه‌ڵانانه‌وه‌ پێش هه‌رشتێك شه‌ڕێكی ئایدیۆلۆژی بووه‌ نه‌كزانستی.

ئه‌گه‌ر له‌ ئایه‌تی ژماره‌”282”ی سوره‌تی”البقره‌”یش وردبینه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌و شایه‌تیدانه‌ی ژن كه‌ دوانیان ده‌كرێن به‌ شایه‌ت، ئه‌م قۆناغانه‌ هه‌ن:

أ/ ئایه‌ته‌كه‌ ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێ دوو پیاو بكرێن به‌ شایه‌ت بۆ مامه‌ڵه‌ی قه‌رزی نێوان دووكه‌س یان دوو لایه‌ن: قه‌رزده‌ر و قه‌رزوه‌رگر، پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌: تۆ بڵێیت له‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی قه‌رزداندا دوو پیاو ده‌ستنه‌كه‌ون تا ناچاربن پیاوێك و دوو ژن بكرێن به‌ شایه‌ت؟

ب/ دواتر بوونی دوو ژن به‌ شایه‌ت وه‌ك له‌ ئایه‌ته‌كه‌دا هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان شتێكی له‌بیرچوو ئه‌ویتریان بیهێنێته‌وه‌ بیری، یان ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان به‌هه‌رجۆرێك ناچار بكرێت شایه‌تیه‌كه‌ نه‌دات، یان بیگۆڕێت، ئه‌ویتریان ره‌نگه‌ ئاماده‌ی شایه‌تینه‌دان و گۆڕینی نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ پێشێل نه‌كرێت كه‌ بڕی قه‌رزه‌كه‌یه‌.

ج/ جگه‌ له‌و شایه‌تیدانه‌، ئه‌گه‌ر له‌ پرسی تاوانێكی زۆر گه‌وره‌یشدا ته‌نها ژنێك هه‌بێت ئاگاداری ورده‌كاریی تاوانه‌كه‌ بێت و كه‌سی مافخوراو ناوی ببات بۆ شایه‌تی و له‌لایه‌ن دادگاوه‌ بانگ بكرێت، ره‌نگه‌ به‌پێی یاسای مه‌ده‌نی بۆی هه‌بێت شایه‌تیدان به‌هۆكاری خۆیه‌وه‌ ره‌تبكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ شه‌رعدا بۆی نیه‌، چونكه‌ ئایه‌تی ژماره‌”283”ی سوره‌تی”البقره‌” ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌: هه‌ركه‌س شایه‌تیدان بشارێته‌وه‌ دڵی گوناهباره‌، چونكه‌ به‌ شایه‌تینه‌دان مافی كه‌سێك یان كۆمه‌ڵێك پێشێلده‌كرێت و ره‌نگه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌تریشی لێبكه‌وێته‌وه‌، به‌ شایه‌تیدانیش ئه‌و مافه‌ جێی خۆی ده‌گرێت و سوود به‌ خاوه‌نه‌كه‌ی و خه‌ڵكانی تریش بگه‌ێنێت.

‌ 189 جار بینراوه‌
11/23/2018 9:39:52 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved