»  شۆک
به‌هۆی زۆربوونی كرێكاری بیانی و نازحه‌وه‌ گه‌نجه‌ كرێكاره‌كانی شاری كه‌ركوك بێكارده‌بن
ئا/ داستان كاكۆ

 

به‌هۆی زۆربوون و هاتنی به‌ لێشاوی كرێكاری بیانی و نازحه‌وه‌ گه‌نجه‌ كرێكاره‌كانی شاری كه‌ركوك به‌هۆی ده‌ستنه‌كه‌وتنی كاره‌وه‌ ده‌ناڵێنن، به‌وته‌ی كرێكارانی كه‌ركوكیش، هاتنی به‌ لێشاوی نازح و كرێكاری بیانی و كاركردنیان به‌ بڕه‌ پاریه‌كی كه‌م بۆته‌ هۆكاری ده‌ستنه‌كه‌وتنی هه‌لێكی كاری گونجاو بۆ ئه‌وان.

عه‌زه‌دین خورشید، یه‌كێكه‌ له‌ كرێكارانی كوردی شاره‌كه‌، بۆ (هه‌واڵ)، رایگه‌یاند:”له‌ ئێستادا هێنده‌ی كار بۆ نازحه‌كان و كرێكاره‌ بیانیه‌كان هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ خاوه‌ن كاره‌كان ئێمه‌ بۆ كاره‌كانیان نابن”، ئه‌وه‌شیخسته‌روو:”ڕاسته‌ ئه‌وان به‌ بڕه‌ پاریه‌ه‌كی كه‌متر كاره‌كان ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆكاری بێكاری ئێمه‌”.

ئه‌و كرێكاره‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:”ئه‌و كرێكارانه‌ له‌ شوێنی كاره‌كه‌یان شه‌وان ده‌مێنه‌وه‌ خواردن و خواردنه‌وه‌شیان له‌سه‌ر خاوه‌نی كاره‌كه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌ كه‌مه‌شی وه‌ریده‌گرن هاوتا ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پاره‌كانی ئێمه‌”، وتیشی:”بۆیه‌ ئه‌وان به‌ نرخی كه‌میش بێت ده‌چنه‌ سه‌ر كار چونكه‌ ده‌بێته‌ مه‌نزلێكیش بۆ شوێنی مانه‌وه‌یان”.

عه‌زه‌دین خورشید، باسی له‌وه‌شكرد:”ئه‌وه‌ش بۆته‌ نیگه‌رانی ئێمه‌ بۆیه‌ داوكارین یاسایه‌ك هه‌بێت تا كاتژمێر كاركردنی كرێكار و ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی وه‌ریده‌گرێت یه‌كسان بكاته‌وه‌”.

لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستانیش ئه‌وه‌ناشارێته‌وه‌، هاتنی عه‌ربی نازح له‌ خواروی كه‌ركوكه‌وه‌ بۆته‌ هۆی په‌راوێزخستنی گه‌نجانی شاره‌كه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار.

عومه‌ر عه‌لی، سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستان، له‌ لێدوانێكیدا بۆ (هه‌وال)، رایگه‌یاند:”هاتنی ئه‌و نازحانه‌ له‌ خواروی كه‌ركوك هاورده‌ كردنی كرێكاری بیانی به‌ دڵنیایه‌وه‌ كاریگه‌ری كردۆته‌ سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی كار له‌ نێوان گه‌نجانی كه‌ركوك”، ئه‌وه‌شیخسته‌روو:”به‌شێكی زۆری گه‌نجانی كه‌ركوك خاوه‌ن بروانامه‌ن و له‌ ئێستادا دانه‌مه‌زارون و ته‌نانه‌ت كاریشیان ده‌ستناكه‌وێت”.

به‌وته‌ی سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستان، به‌هۆی هاتنی ئه‌و كرێكاره‌ نازح و بیانیانه‌وه‌ گه‌نجانی شاره‌كه‌ په‌راوێزخراون، روونشیكرده‌وه‌:”هێنانی به‌شێك له‌و كرێكاره‌ عه‌ره‌به‌ نازحانه‌ش بۆ بابه‌تی ته‌عریبكردنی شاره‌كه‌یه‌”.

عومه‌ر عه‌لی، باسی له‌وه‌شكرد:”به‌داخه‌وه‌ تائێستا هیچ یاسایه‌ك نیه‌ تاڕێگربێت له‌ هێنانی به‌لێشاوی ئه‌و كرێكارانه‌”، وتیشی:”كه‌سانی به‌رپرس ئه‌و كرێكارانه‌ ئه‌هێنن  و له‌سه‌روی خۆشیانه‌وه‌ رێگه‌یان پێدراوه‌”.

سه‌رۆكی لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای كرێكارانی كوردستان، ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌:”له‌ئێستادا باره‌گایی لقه‌كه‌یان دراوه‌ به‌ یه‌كێتی كرێكارانی عێراق”، وتیشی:”له‌ دوای به‌رێوه‌به‌ردنی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن راكان جبوری پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی شاره‌كه‌وه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكمان نه‌ماوه‌ و هیچ هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵیاندا نییه‌”.

سه‌باره‌ت به‌هه‌مان پرس شاره‌زایه‌كی ئابوریش له‌ شاره‌كه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كرێكارانی بیانی كه‌ هاتونه‌ته‌ شاره‌كه‌ به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌متر به‌ به‌راودر به‌ كرێكارانی خۆماڵی كارده‌كه‌ن بۆته‌ هۆی بێكاری له‌ نێو گه‌نجان.

 عه‌باس عه‌بدولرحمان، شاره‌زای ئابوری، له‌ لێدوانێكیدا بۆ (هه‌واڵ)، رایگه‌یاند:”ئه‌وكاره‌ی بیانی و نازحه‌كان ده‌یكه‌ن كرێكارانی خۆمان نایكه‌ن چونكه‌ ئه‌وان به‌ بڕه‌پاره‌یه‌كی كه‌متر كارده‌كه‌ن”، ئه‌وه‌شیخسته‌روو:”ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ گرنگه‌كان كه‌بۆته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی كرێكارانی خۆماڵی به‌بێكاری بمێنێته‌وه‌ كه‌متر كاری ده‌ستبكه‌وێت به‌به‌روارد به‌ كرێككاری بیانی”. 

به‌وته‌ی ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری ئابوری، گه‌نجانی كه‌ركوك به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆریان خاوه‌نی برونامه‌ن و چاویان له‌وه‌یه‌ زیاتر دابمه‌زرێن نه‌ك ببنه‌ خاوه‌نی كارێكی تایبه‌ت به‌خۆیان بۆیه‌ كه‌متر كارده‌كه‌ن و به‌بڕه‌پاره‌ی كه‌متر كارناكه‌ن، باسی له‌وه‌شكرد:”هه‌موو ساڵێك  هه‌زاران گه‌نج  ده‌بنه‌ده‌رچوی په‌یمانگه‌ و كولێژه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه‌ ئه‌ده‌ن له‌ بواره‌كه‌ی خۆیاندا كاربكه‌ن یان دابمه‌زرێن”.

‌ 125 جار بینراوه‌
11/23/2018 9:41:06 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved