»  وتاری هەفتە
كه‌ركوك له‌ جانتای ئه‌سفاری سه‌رۆكه‌كاندا
بورهان حاجی سلێمان

بورهان حاجی سلێمان 

 پێده‌چێت وه‌رزی كرانه‌وه‌ی كوردی چ به‌ڕووی وڵاتانی ده‌روه‌وه‌و چ له‌ناوخۆی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه‌ كه‌ له‌دوای ریفراندۆمه‌كه‌ی ئه‌یلولی پارساڵی هه‌رێمه‌وه‌ رووبه‌ڕووی گۆشه‌گیرییه‌كی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی ببوه‌وه‌، شكاندنی ئه‌و گۆشه‌گیریه‌ش به‌ گه‌شت و سه‌ردانه‌كانی سه‌ركرده‌كان ده‌ستیپێكرد، به‌تایبه‌تی هه‌ردوو سه‌رۆك، د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی.

به‌رهه‌م ساڵح له‌دوای ئه‌وه‌ی له‌ 2 / 10ی ئه‌مساڵه‌وه‌ وه‌كو یه‌كێتییه‌ك له‌سه‌ر كورسی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق دانیشت، یه‌كه‌مین سه‌ردانی ناوخۆیی له‌ 19 / 10 بوو بۆ شه‌قامی ئه‌لموته‌نه‌بی له‌به‌غدا، رۆژانی 27و28 / 10ش سه‌ردانی هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد.

له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش له‌ڕۆژانی 11و12و 15و 17و 18 / 11 سه‌ردانی كوێت و ئیمارات و ئه‌رده‌ن و ئێران و سعودیای كرد، له‌ 22 / 11ش واته‌ پێنجه‌شممه‌ی رابردوو گه‌یشته‌ ئیتاڵیا بۆ به‌شداریكردنی له‌كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و گه‌شتانه‌ له‌ڕووی دیپلۆماتی و ده‌رخستنه‌وه‌ی كورد وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی كاریگه‌ر له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی گرنگی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ خشته‌و رۆژژمێری سه‌رۆكدا له‌م دۆخه‌ نائاساییه‌ی كه‌ركوكدا سه‌ردانێكی شاره‌كه‌ی تێدابوایه‌، له‌ڕووی مه‌عنه‌وی سیاسییه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی كه‌ركوك گرنگتر ده‌بوو، به‌تایبه‌تی سه‌رۆكی ئێستا له‌ حیزبیش جێگری سه‌رۆك تاڵه‌بانی بوو كه‌ له‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا نزیكه‌ی 30 جار سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد.

هه‌رچی مه‌سعود بارزانییه‌، له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا سه‌ردانێكی ته‌مومژاوی رانه‌گه‌یه‌ندراوی ده‌ره‌وه‌ی كردو به‌پێی هه‌واڵه‌ دزه‌پێكراوه‌كان به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ربووه‌، به‌ڵام له‌ناو پارتییه‌كان به‌ نافه‌رمی و به‌بێ پێدانی ورده‌كاری، ده‌ڵێن بۆ پرسگه‌لێكی گرنگ بووه‌، هه‌ر پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو 22 /11 هاوكات له‌گه‌ڵ گه‌شته‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌م، له‌ سه‌فه‌رێكدا بارزانی بۆ یه‌كه‌مینجار له‌دوای ده‌ستهه‌ڵگرتنی له‌ كورسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ 27 / 10 / 2017 و بۆ یه‌كه‌مین جار به‌بێ جلوبه‌رگی كوردییه‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدای كرد.

ئه‌م سه‌ردانه‌ش (هه‌رچه‌نده‌ ئه‌جێندای دانیشتنی پشت كه‌والیسه‌كان نه‌زانراوه‌)، گرنگی خۆی هه‌یه‌ له‌توانه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌كی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، به‌ڵام رێكخستنی سه‌فه‌ره‌كه‌ له‌گه‌ڵ غیابی دكتۆر به‌رهه‌م، ئه‌و گه‌شبینیه‌مان كه‌مده‌كاته‌وه‌و زیاتر سه‌فه‌ره‌كه‌ حیزبی ده‌رده‌خات، چونكه‌ به‌بوونی هه‌ردوو سه‌ركرده‌كه‌ ده‌توانرا دانوستانه‌كان چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ربگرێت و به‌رهه‌می زیاتری ببێت، به‌ڵام پێموایه‌ له‌و سه‌فه‌ره‌دا بارزانی ئه‌وه‌نده‌ی موسڵی لا گرنگه‌ نیو ئه‌وه‌نده‌ كه‌ركوك له‌ جانتاكه‌یدا نییه‌.

ئه‌م هه‌موو لێكدانه‌وه‌یه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی دۆخی كه‌ركوك كه‌ ره‌هه‌ندێكی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، به‌ ره‌زامه‌ندی یان به‌ چاوپۆشی كردنی هه‌موو لایه‌ك به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا ده‌مێنێته‌وه‌، تاكو له‌ده‌رفه‌تێكدا باڵانسه‌كه‌ به‌ قازانجی كورد ده‌شكێته‌وه‌ كه‌ گومانم له‌وه‌ نییه‌ رۆڵ و ئازایی كوردی تیابێت، به‌ڵكو هه‌لێك ده‌بێت وه‌كو هه‌له‌كانی دیكه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بێتیش به‌م په‌رته‌وازه‌ییه‌ی ئێستاوه‌بین ئه‌وه‌ ئه‌و هه‌له‌ش ده‌فه‌وتێنین.

‌ 1023 جار بینراوه‌
11/24/2018 12:18:34 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved