»  راپۆرت
كه‌ركوكییه‌كان داوای دورخستنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌ره‌كی له‌ شاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن
ئا/ هه‌واڵ

 

ئه‌ركی سه‌رشانی ته‌واوی نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوك له‌ پێناو پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی راسته‌قینه‌ چییه‌؟ ئه‌وه‌ كه‌ركوكییه‌كان خۆیانن ناتوانن به‌ پێكه‌وه‌بژین ، یاخود وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی رۆڵی خراپ ده‌گێڕن له‌ درز خستنه‌ نێو ئه‌و پێكه‌وه‌ ژیانه‌.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ (یانه‌ی هه‌واڵ)ـی سه‌ربه‌ ده‌زگای هه‌واڵ بۆ راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی واتس ئاپ، پرسیارێكی كردو به‌شێك له‌ به‌شداربوانیش به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌.

دانه‌ده‌ستی چاره‌نووسی شاره‌كه‌ به‌ كه‌سانی ناوشار

ئه‌میر فه‌خره‌دین، مامۆستای په‌یمانگاو چاودێری سیاسی، له‌و باره‌یه‌وه‌ پێیوایه‌، هه‌نگاوی یه‌كه‌م كاراكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی هه‌رێمی كه‌ركوك و دواتر دانه‌ده‌ستی چاره‌نوسی شاره‌كه‌ به‌ كه‌سانی ناو شارو نه‌هێشتنی هه‌ژموونی ده‌ره‌كی له‌سه‌ر بڕیاری شاره‌كه‌ و ئیراده‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی.

كه‌ركوكییه‌كان قوربانی گه‌وره‌ی ده‌ستی دروشمبازین

هه‌ژار سدیق، راگه‌یاندنكار ده‌ڵێت:” باشترین چاره‌سه‌ر بۆ شاری كه‌ركوك گێڕانه‌وه‌ی قه‌زاو ناحیه‌و گوندو دێهاته‌ دابڕێنراوه‌كانیه‌تی و پاشان كردنی به‌هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ له‌چوارچێوه‌ی عێراقدا. ره‌نگه‌ هه‌ر له‌ناو یانه‌ی (هه‌واڵ)ـدا زۆر كه‌س به‌توندی دژی ئه‌م بۆچوونه‌م بێت.

كورد به‌گشتی و كه‌ركوكییه‌كان به‌تایبه‌ت قوربانی گه‌وره‌ی ده‌ستی دروشمبازو كۆمه‌ڵێك بازرگانی بێویژدانی به‌ناو كوردایه‌تین.

با له‌قاوغی دروشمبازی و قه‌مچیه‌تی وشكی كوردایه‌تی و عروبه‌و تۆرانیزم بێینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئێمه‌ هه‌موومان مرۆڤین و پێویسته‌ وه‌كو مرۆڤه‌كانی ئه‌وروپاو ئه‌مریكاو ژاپۆن بژین.

ئێمه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ عێراق بین، به‌هه‌ر نرخێك بێ ئێمه‌ كوردی عێراقین نه‌ك ئێرانی و توركی، له‌گه‌ڵ عێراقی ئێستا پارێزراوتر ده‌بین، نه‌وه‌ك له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا، كه‌حیسابی كۆیله‌یه‌كی نیوه‌ قیمه‌تیشمان بۆ ناكه‌ن.

نه‌بوونی خه‌ڵكانی ناوشار بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كان

عه‌دنان عومه‌ر ساڵح، سه‌رۆكی یانه‌ی وه‌رزشی بابه‌گوڕگوڕ، وتی:” به‌ڵێ ده‌ست تێوه‌ردانی ئیقلیمی و ده‌ره‌كی هۆكاری سه‌ره‌كین، نه‌بوونی خه‌ڵكانی ناوشار بۆ گفتۆگۆكردن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كان، هه‌وڵدان به‌ پێدانی متمانه‌ی ته‌واو به‌ نه‌ته‌وه‌ی توركمان كه‌ شه‌ریكی راسته‌قینه‌ی كورده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، یا خود هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌رێمی كه‌ركوك، چه‌نده‌ها خاڵی تر هه‌یه‌ ناكرێ لێره‌ باس بكرێن.

دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خیتابی راسیزم و فاشیزمی كوردی و عروبی و تۆرانی

مه‌نسور حاجی حه‌سه‌ن ده‌ڵێت:” وه‌ك ئه‌رك، دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خیتابی راسیزم و فاشیزمی كوردی و عروبی و تۆرانی، باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌مڕۆی كه‌ركوك هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆیه‌، هۆكاره‌كانی درزخستنه‌ ناو پێكهاته‌كانی كه‌ركوك سیاسه‌تی ئیقلیمی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و خیتابی بارگاوی به‌ تامی نه‌ته‌وه‌ په‌رستی و فاشیزم.

پێویستمان به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی مرۆگه‌ری پێشكه‌وتنخوازی ئه‌و تۆ هه‌یه‌

فه‌خره‌دین محه‌مه‌د به‌رپرسی راگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی ده‌ڵێت: بۆچـونی من له‌ سه‌ر پرسیاره‌كانی سه‌ره‌وه‌، یه‌كه‌م: ئه‌ركی سه‌ره‌كی و له‌ پێشینه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده‌مان له‌ رابردوو باشتربێت، هه‌میشه‌ پێكدانه‌كێشین، پێویستمان به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی مرۆگه‌ری پێشكه‌وتنخوازی ئه‌و تۆ هه‌یه‌، كه‌ سنووری، ئاین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌ په‌رستی ببڕێ، به‌م جۆره‌ له‌ پێناو ژیان و روو له‌ ئاینده‌ ده‌توانین ئه‌م دۆخی داوه‌شان و تێك به‌ر بوونه‌ تێپه‌ڕێنین، دووه‌م: فاكته‌ری سه‌ره‌كی نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵات و كه‌ركوكیش، وه‌ك پنتێك له‌م جواگرافیا ئاڵۆزه‌، ته‌نهاو ته‌نها په‌یوه‌سته‌ به‌ هۆكاری ناوخۆییه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ فاكته‌ری ناوخۆییه‌ رێگه‌ خۆشكه‌ره‌ بۆ ده‌ست وه‌ردانی ده‌ره‌كی، ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ی ئێمه‌ زه‌لكاوی گه‌رای ڤایرۆسی ژیان كوژی و گۆڕه‌پانی تێك به‌ربونی جیاوازییه‌كانه‌، هاتنی ئه‌وانیتر ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و گرفته‌ قوڵه‌ ناوخۆییه‌، بۆیه‌ من هه‌رگیز خه‌ڵكی تر گوناهبار ناكه‌م، كاتێك دێنه‌ نێوان دووبرای به‌ شه‌ڕهاتوو، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ دۆخی یه‌كتر سڕینه‌وه‌ تێپه‌ڕێنین هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ ده‌ست تێوه‌ردانی فاكته‌ری ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی نامێنێ.

ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی له‌هه‌رسێ نه‌ته‌وه‌كه‌

ستار جبار روناكبیر ده‌ڵێت: پرسیارێكی جوانه‌، هۆكاره‌كان زۆرن ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی له‌هه‌رسێ نه‌ته‌وه‌كه‌، به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رێمی و زلهێزه‌كان، جێبه‌جێ نه‌كردنی ده‌ستوور له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندوه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و بڕگه‌و یاسایانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

‌ 91 جار بینراوه‌
11/24/2018 12:22:35 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved