»  راپۆرت
تا ئێستا ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێی كه‌ركوك نه‌كراوه‌ته‌وه‌
ئا/ هاوار ستار

ماوه‌ی ساڵێك زیاتره‌ كاره‌كانی ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێی كه‌ركوك ته‌واوكراون كه‌ به‌سه‌دان شوێنی كار بۆ پیشه‌وه‌رانی میكانیك (فیته‌ر) له‌ خۆده‌گرێت به‌ڵام تا ئێستا نه‌ ناوچه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ به‌ ته‌واوی و نه‌ پیشه‌وه‌ران چوونه‌ته‌ ئه‌وێ، وه‌به‌رهێنه‌ری سه‌رپه‌رشتیاری كاره‌كه‌ رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ پارێزگاری ئێستای به‌ وه‌كاله‌ت چه‌ندین جار پێی وتراوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ڵام دوای ده‌خات.

توانا حه‌مه‌ عه‌لی وه‌كو شوفێرێك بۆ هه‌واڵ رایگه‌یاند: "كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێ كارێكی زۆر باشه‌ و بۆ ئێمه‌ی شۆفێر و هاوڵاتی كار ئاسانی زۆر ده‌كات چونكه‌ كه‌ هه‌مو پیشه‌وه‌رانی بواری ئۆتۆمبێل چونه‌ ئه‌وێ ئه‌وا هه‌ر چییه‌كت پێویست بوو له‌ یه‌ك ناوچه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێ".

ئه‌و شۆفێره‌ وتیشی: "له‌ئێستادا به‌هۆی په‌رش و بڵاوی شۆفێران و پارچه‌ یه‌ده‌كه‌كانی ئۆتۆمبێله‌وه‌ و كار و كاتی زۆرمان له‌ده‌ست ده‌چێت چونكه‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی كۆن به‌شێكه‌ و حه‌سیره‌كه‌ به‌شێك و ره‌حیماوا به‌شێك و به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ نێو گه‌ڕه‌كه‌كان هه‌ر جێیه‌و به‌شێك فیته‌ری لێیه‌ كه‌ بۆ ئێمه‌ی خاوه‌ن ئۆتۆمبێل زۆرده‌كات هه‌ر جۆره‌ په‌ككه‌وتنێكی ئۆتۆمبێل به‌ جێی جیا جیا چاك بكه‌ینه‌وه‌".

ئه‌و شۆفێره‌ نمونه‌ی هێناوه‌ و وتی: "زۆر جار من له‌ ره‌حیماوا ئۆتۆمبێل لای فیته‌رێكی هاوڕێم ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌و به‌شه‌ی ده‌بێ بۆی بكڕمه‌وه‌ له‌وێ نییه‌ ده‌بێ یا بچمه‌ حه‌سیره‌كه‌ یانیش ناوچه‌ی پیشه‌سازی كۆن كه‌ ئه‌مه‌ش كاتی زۆر ده‌وێ و خه‌رجی زیاترشمان ده‌كه‌وێته‌سه‌ر".

له‌سه‌ر نه‌چونیان بۆ ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێی ئێستا، بێستون محه‌مه‌د پیشه‌وه‌رێكی بواری میكانیكی ئۆتۆمبێله‌ بۆ هه‌واڵ وتی: "نه‌چونمان بۆ ناوچه‌ی پیشه‌سازی بۆ دوو هۆكاره‌ یه‌كه‌میان تا ئێستا كه‌س پێی رانه‌گه‌یاندوین كه‌ی بچین و به‌چ ئالیاتێك و شێوه‌یه‌ك بچینه‌ ئه‌وێ و دووه‌میش كرێی و شێوازی گرێبه‌ستی ئه‌و ناوچه‌ پیشه‌سازیه‌ گرانه‌".

ئه‌و میكانیكییه‌ی بوار ئۆتۆمبێل (فیته‌ر) وتیشی: "ئێمه‌ش پێمان خۆشه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی وا كۆبینه‌وه‌ و هه‌مو له‌ ناو یه‌ك له‌ یه‌ك جێ كاربكه‌ین چونكه‌ ئه‌و كات كارئاسانی بۆ خه‌ڵكی ده‌كه‌ین و هه‌ر كێشه‌یه‌ك یان كه‌موكوڕیه‌ك له‌ ئۆتۆمبیله‌كانیان هه‌بوو هه‌ر له‌و جێیه‌ چاره‌سه‌ر بێت و شته‌كانی بۆ بكڕنه‌وه‌".

بێستون له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی پارێزگا وتی: "به‌ڵام تائێستا پێمان رانه‌گه‌یه‌نراوه‌ چۆن بچین و ته‌بلیغی فه‌رمی نه‌هاتوه‌".

وتیشی: "به‌هیوای ئه‌وه‌ین كۆمپانیای جێبه‌جێكار و سه‌رپه‌رشت كارئاسانی بۆ پیشه‌وه‌ران بكات و وه‌ك ده‌وترێ نرخه‌كان گونجاو نین".

ره‌مه‌زان حاجی ره‌شید سه‌رپه‌رشتیاری كۆمپانیای كه‌ركوكی یه‌كگرتو و جێبه‌جێكاری پرۆژه‌ی ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێ بۆ هه‌واڵ وتی: "ناوچه‌ی پیشه‌سازی به‌شێوازێكی زۆر مۆدێرن و سه‌رده‌میانه‌ دروستكراوه‌ و هه‌مو بوارێكی تیادا بونیاد نراوه‌ تا پیشه‌وه‌ر و هاوڵاتی و شۆفێران هه‌ر له‌ویا كاره‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن".

ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو: "ناوچه‌كه‌ ناوچه‌یه‌كی مۆدێرنه‌ و ده‌توانین بڵێین له‌ عێراقدا یه‌كه‌مه‌، وتیشی به‌سه‌دان جێگه‌ی كار بۆ پیشه‌وه‌ران له‌ خۆ ده‌گرێت و جێگه‌ی ئۆتۆمبێلی گه‌وره‌ و بچوك جیاكراوه‌ته‌وه‌ به‌ش به‌ش كراوه‌ له‌ روی به‌شه‌كانی ئۆتۆمبێله‌وه‌ تا به‌ ئاسانی شوێنه‌كان بدۆزرێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها خواردنگه‌ و مزگه‌وت و نه‌خۆشخانه‌ی بچوك و به‌شێك له‌ فه‌رمانگه‌ی ئاگر كوژێنه‌وه‌شی تێدایه‌ و شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل و گه‌راجی لێیه‌ و به‌شه‌كان به‌شێوازی نوێ دابه‌شكراون".

سه‌باره‌ت به‌ گرانی نرخی گرێبه‌ست و شوێنی كاره‌كانی ناوچه‌ی پیشه‌سازی ره‌مه‌زان حاجی ره‌شید رونیكرده‌وه‌: "پیشه‌وه‌ران و فیته‌ران له‌ راستی و چۆنیه‌تی به‌كرێدانه‌كان نه‌گه‌یشتون و ئه‌وه‌ی ده‌وترێ گرانی نرخی هه‌یه‌ بیانوه‌ و ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ به‌ سیسته‌مێكی زۆر گونجاو شوێنی كاره‌كان به‌ پیشه‌وه‌ر ده‌ده‌ین و ده‌توانن بێنه‌ لامان و سه‌ردانیمان بكه‌ن ".

ده‌رباره‌ی ئاگادار كردنه‌وه‌ی پیشه‌وه‌رانیش بۆ چونیان بۆ ناوچه‌ی پیشه‌سازی ره‌مه‌زان حاجی ره‌شید وتی: "وای بۆ ده‌چین پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی ئێستا به‌مه‌به‌ست ئه‌و كاره‌ ناكات ئه‌گه‌رنا زۆر ئاسانه‌ و ناوچه‌ی پیشه‌سازیش ته‌واو بووه‌ و ئاماده‌یه‌ بۆ كردنه‌وه‌".

وتیشی: "چه‌ند جارێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ پارێزگار قسه‌مان كردوه‌ به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوی جدی نه‌ناوه‌ و چاوه‌ڕێین له‌م ماوه‌یه‌ هه‌ڵوێستی له‌و باره‌ی كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی پیشه‌سازی نوێ و ئاگاداركردنه‌وه‌ی پیشه‌وه‌رانی میكانیكی ئۆتۆمبێل بكاته‌وه‌ بۆ گواستنه‌وه‌یان بۆ ئه‌وی".

‌ 93 جار بینراوه‌
11/24/2018 12:25:33 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved