ئا/ هه‌واڵ
له‌لایه‌ن پارێزگاری به وه‌كاله‌تی
كه‌ركوكه‌وه خه‌ریكه جارێكی تر كلتوری به‌عس له شاره‌كه زیندووده‌كرێته‌وه،
نوێترین هه‌نگاویش هه‌وڵدان بوو بۆ سه‌رله‌نوێ دانانه‌وه‌ی چوار شمشێره‌كه له كه‌ركوك
كه هێمایه‌كه بۆ به‌عس و عروبه‌چێتی.
مه‌ریوان نادر، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی
له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” له دوای ئه‌وه‌ی حیزبی
به‌عس فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌م وڵاته‌ی كه‌وته ده‌ست، به جدی كاری له‌سه‌ر په‌رته‌وازه‌كردنی
ئاشته‌وایی نێوان نه‌ته‌وه‌كانی عێراق كردووه‌و زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی كردووه به
دوژمنی یه‌كتر”.
مه‌ریوان نادر، ئاشكراشیكرد:”
كلتوری زیندووكردنه‌وه‌ی به‌عس، كلتورێكی گه‌وره‌ی زۆر مه‌ترسیداره له‌سه‌ر ئاسایشی
نه‌ته‌وه‌یی عێراق، بۆیه زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كلتورهو كاركردن به مه‌بده‌ئه‌كانی
حیزبی به‌عس، دیسان ده‌بێته هۆی تۆخكردنه‌وه‌ی كلتوری په‌رته‌وازه‌یی نێو نه‌ته‌وه‌كان
و ئاسایشی نیشتیمانی، بۆیه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌بێت هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق
به تایبه‌تی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك به جدی له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداری و
سیاسی دژی ئه‌و كلتوره بوه‌ستنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی
شاره‌كه‌و ئایندهی شاره‌كه نییه”.
وتیشی:” وه‌كو بینیمان له‌سه‌ره‌تای
ده‌رهاویشته‌كانی كاركردن به‌و ئه‌جێندایه خه‌ریكه دوژمنایه‌تی له نێوان هۆزه‌كانی
سنوری كه‌ركوك دروست ده‌كات و پێكدادان دروست ده‌بێت، ئه‌مه تا ئاستێك ده‌توانرێت
به‌ری پێبگیرێت، به‌ڵام به‌ئه‌نجام له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌م سیاسیه‌ت و ئه‌جێندایه، كۆنترۆڵی
ئه‌و بابه‌تانه هه‌موو له ده‌ست ده‌رده‌چن”.
سه‌باره‌ت به رێگریكردن له‌و سیاسه‌ته
له رووی یاسایی و په‌رله‌مانی عێراقه‌وه، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی وتی:” ئێمه
به دوو رێگا ده‌توانین كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین، كاركردن له‌سه‌ر ریشه‌كێشكردنی
حیزبی به‌عس كه له ده‌ستوردا ئاماژه‌ی پێكراوه، هه‌روه‌ها راكان جبوری كه ئێستا
پارێزگاری به وه‌كاله‌تی كه‌ركوكه، هه‌م لێره پارێزگاره‌و هه‌م له به‌غداش هێشتا
مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێت به پهرلهمنانتار، بۆیه به‌پێی ده‌ستورو په‌یڕه‌وی
ناوخۆی په‌رله‌مان كۆكردنه‌وه‌ی دوو وه‌زیفه له یه‌ك كاتدا پێچه‌وانه‌ی ده‌ستورو
په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانه، بۆیه ئێمه وه‌كو په‌رله‌مانتارانی كه‌ركوك له
به‌رنامه‌ماندایه، ئه‌م هه‌فته‌یه، له رێگای واژوو كۆكردنه‌وه‌و سه‌رۆكایه‌تی
په‌رله‌مانه‌وه راكان جبوری رووبه‌ڕووی یاسا بكه‌ینه‌وه، تا وای لێبكه‌ین له ئه‌نجومه‌نی
وه‌زیران لێپێچینه‌وه‌ی لێ بكرێت و هه‌م له رووی ته‌شریعییه‌وه په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی
به‌رانبه‌ری هه‌بێت”.
رونیشیكرده‌وه:” له‌سه‌ر هه‌ردوو
كاره‌كه ده‌بێ لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ت بكرێت، یه‌كه‌م وه‌كو
ئه‌وه‌ی ناچێت بۆ په‌رله‌مان، كه ئێستا ناوی خراوه‌ته نێو یه‌كێك له لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی
په‌رله‌مان، له هه‌مانكاتدا لێره پارێزگاره، ئه‌وه‌ش سه‌رپێچی په‌یڕه‌ی ناوخۆی
په‌رله‌مانه، دووه‌م له به‌رانبه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كلتوری به‌عسه، ئه‌وه‌ش
دیسان به پێی ده‌ستوری عێراق ده‌بێ رووبه‌ڕووی یاسا بكرێته‌وه”.
گه‌لاوێژ جه‌باری، ئه‌ندامی لیستی
برایه‌تی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی كلتوری به‌عس
بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” بێگومان زیندوكردنه‌وه‌ی كلتوری به‌عس زیانی بۆ خه‌ڵك ده‌بێت،
جگه له‌وه‌ی چه‌ند ساڵه ئه‌م هه‌موو ماندووبونه، ئه‌و هه‌موو كارانه‌ی كه له
كه‌ركوك كردوومانه خه‌ریكه هه‌مووی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه”.
گه‌لاوێژ جه‌باری وتیشی:” به‌جدی
كارێكی ناخۆشه، به‌ڵام خه‌تای خۆمانه، ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین وه‌ك لیستی برایه‌تی
له ئه‌نجومه‌ن كۆبینه‌وه ده‌توانین رێگری له‌و كارانه بكه‌ین، چونكه ماوه‌یه‌كی
زۆر عه‌ره‌ب و توركمان بایكۆتی دانیشته‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان ده‌كرد ، به‌ڵام ئێمه
كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌رده‌وام بوو، بڕیاره‌كانی خۆمانمان ده‌دا، ئیشوكاره‌كانمان
درۆیشت، به‌ڵام ئێستا كۆنابینهوه، واتا خه‌تا خۆمانه”.
جه‌باری ئاشكراشیكرد:” له ئێستادا
لایه‌نێك ئه‌و هه‌له ده‌قۆزنه‌وه كه ئێمه وه‌ك لیستی برایه‌تی كۆنابینهوه،
چونكه هه‌موو بڕیاره‌كان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌وه ده‌درێت”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:” ئه‌گه‌ر
وه‌كو لیستی برایه‌تی كۆبینه‌وه‌و ده‌توانین پارێزگاریش بگۆڕین، چونكه تا ئێستا
به وه‌كاله‌ته، ئه‌م پارێزگاره به وه‌كاله‌ته هه‌ندێ كاری تاكڕه‌وانه ده‌كات،
ئه‌ی كه به‌شێوه‌ی ره‌سمی بێت ده‌بێ چی بكات، ئه‌وكاته ده‌توانین پارێزگارێكی
كورد دابنێین و كۆمه‌ڵێك كێشه هه‌ن ده‌توانین چاره‌سه‌ریان بكه‌ین”.
رابه‌ر ره‌شید، چاودێری سیاسی
له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” خه‌ڵكێك له دوای ئه‌وه‌نده ساڵه
به‌ئومێدی سه‌رده‌می به‌عس بژێت، بێگومان كێشه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه، به‌تایبه‌تی
له نێوان پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا”.
رابه‌ر ره‌شید وتیشی:” هه‌مومان
ده‌زانین چوار شمشێره‌كه هێمای عروبه‌یه، ئه‌مه له كاتێكدا سێ نه‌ته‌وه‌ی تر
(كورد، توركمان و مه‌سیحی) له شاره‌كه ده‌ژین، ئه‌وان ئه‌وكات هه‌ست به زوڵم و
كه‌موكوڕی ده‌كه‌ن و دووباره‌كردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ته‌عریبه له شاره‌كه‌دا”.
له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌كانی
تری كه‌ركوك ، رابه‌ر ره‌شید ئاشكراشیكرد:” كلدو ئاشورییه‌كان خۆیان له هه‌موو شتێك
لاده‌ده‌ن و توركمانه‌كانیش هه‌موو شتێكی عه‌ره‌بیان پێ قبوڵه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
كاره‌كه له قازانجی كورد نه‌بێت، هه‌موو شتێ خراپی عه‌ره‌بیان پێ قبوڵه‌و هیچ شتێكی
باشی كوردیان قبوڵ نییه”.
سه‌باره‌ت به رێگریكردن له‌و
كارانه له رووی یاساییه‌وه، ئه‌و چاودێره سیاسییه پێیوابوو:” كورد له ساڵی
2003 به‌غدا ده‌سه‌ڵاتدار بووه، له ده‌ستورا مادده‌ی سه‌دوچل هه‌بووه، به‌پێی كۆمه‌ڵێك
یاسا ده‌یتوانی هه‌موو شتێك بكات له كه‌ركوك كه نه‌یكرد، كه‌واته كورد به‌و هه‌موو
ده‌سه‌ڵاته‌ی خۆیه‌وه هێنده‌ی پارێزگاره به وه‌كاله‌ته‌كه‌ی كه‌ركوكی پێ نه‌كراوه،
ئه‌مه‌ش مایه‌ی نیگه‌رانییه”.