»  راپۆرت
كه‌ركوك رووبه‌ڕووی ئه‌نفالی سپی ده‌بێته‌وه‌
ئا/ هه‌واڵ

بۆ روبوڕوبونه‌وه‌ی دیارده‌ی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشه‌به‌ر، رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی میدیایی MDO و كۆمه‌ڵه‌ی ئاسۆی گه‌نجان، دیدارێكیان به‌ناونیشانی (كه‌ركوكێكی خاڵی له‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر) له‌ ناوه‌ندی دیالۆك رێكخست.

له‌و دیداره‌دا كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ رێككه‌وتی 20/11/2018 به‌ڕیوه‌چوو هه‌ریه‌ك له‌ (دكتۆر عه‌بدولكه‌ریم خه‌لیفه‌، مامۆستای زانكۆو پسپۆری رێنمایی ده‌روونی و مامۆستا هه‌ڤاڵ داره‌مانی مامۆستای ئایینی ، مامۆستا سوكه‌ینه‌ عه‌لی خوێندكاری كتۆراو چالاكوانی مه‌ده‌نی ، مامۆستا عه‌بدولڕه‌حیم سه‌ره‌ڕۆ، شاره‌زا له‌ بواری په‌روه‌رده‌) دیداره‌كه‌یان به‌ڕێوه‌برد.

سه‌ره‌تا دكتۆر عه‌بدولكه‌ریم خه‌لیفه‌، مامۆستای زانكۆو پسپۆری رێنمایی ده‌روونی، له‌ وته‌یه‌كدا باسی له‌ جۆره‌كانی ئالوده‌بوون به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان كردو جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی گه‌نجان ده‌بێت له‌وه‌ هۆشیارتر بن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه‌ داوی ئه‌م جۆره‌ ئافاته‌وه‌".

وتیشی:" ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ تاكه‌ كه‌سی چاره‌سه‌ر ناكرێت و ده‌بێ خاوه‌ن بڕیاره‌كان به‌ ئه‌رك و ماندوبونێكی زۆره‌وه‌ رێگری لێبكه‌ن و ناوه‌نده‌ رۆشنبیرییه‌كان گه‌نجان هانبده‌ن خۆیان له‌ بێكاری و ده‌ست به‌تاڵی به‌دوور بگرن، كه‌ رێگه‌ خۆشكه‌ره‌ بۆ ئالوده‌بوون به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان".دواتر مامۆستا هه‌ڤاڵ داره‌مانی، مامۆستای ئایینی جه‌ختی له‌ ئه‌حكامه‌كانی ئیسلام كردو ، وتی:" ئه‌گه‌رچی هیچ ده‌قێك باس له‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ناكات، به‌ڵام باسی له‌ حه‌رامكردنی ماده‌ كهولییه‌كان كردووه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی ماده‌ هۆشببه‌ره‌كانن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین ئایه‌تی پیرۆزی قورئانی هێنایه‌وه‌".

له‌ درێژه‌ی باسه‌كه‌دا، مامۆستا هه‌ڤاڵ وتیشی:" ئه‌وه‌ی ئێمه‌ لێره‌دا باسی ده‌كه‌ین، ده‌بێ گشتگیر بكرێت به‌سه‌ر هه‌موو مزگه‌وته‌كاندا، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو فلته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ بۆنه‌كان و نوێژی هه‌ینیدا بۆ هاوڵاتیانی باس بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌و گرفته‌ بپارێزن".

مامۆستا سوكه‌ینه‌ عه‌لی، خوێندكاری دكتۆراو چالاكوان سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان بابه‌ت له‌ رووی یاساییه‌وه‌ وتی:" پێویسته‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان توندوتۆڵتر بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌ ئاسانی نه‌یه‌نه‌ نێو وڵاتمانه‌وه‌".

وتیشی:" ده‌رده‌سه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ رۆشنبیری یاساییان نییه‌و زۆرجار په‌نا بۆ چاره‌سه‌ری خێڵه‌كی ده‌به‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ خه‌ڵكی له‌ رووی یاساییه‌وه‌ زیاتر هۆشیار بكرێنه‌وه‌ به‌وه‌ش خۆیان له‌ زیان و ئاكامه‌خراپه‌كانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌پارێزن".

ئاماژه‌ی به‌ رێگاكانی هاتنه‌ ژووره‌ی ئه‌و مادانه‌ كرد كه‌ گرنگترینیان سنوری عێراق ئێرانه‌ و هه‌روه‌ها له‌ رێگه‌ی توركیاو ده‌روازه‌ ئاویه‌كه‌نی باشوری عێراقه‌وه‌، وتیشی زۆربه‌ی بازرگانه‌كان ئێرانی و ئه‌فغانین كه‌ ئه‌و ژه‌هره‌ ده‌نرێن بۆمان.

مامۆستا عه‌بدولڕه‌حیم سه‌ره‌ڕۆ، شاره‌زا له‌ بواری په‌روه‌رده‌، له‌ رووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ سه‌ره‌تا باسی له‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان كرد له‌ ناو خوێندنگه‌كانی عێراقداو وتی:" خوێندكار ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ لاسایی ئه‌كته‌ره‌كان ده‌كات و به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ توشی ئه‌و جۆره‌ ده‌رده‌سه‌رییه‌ بێت و له‌سه‌ر باوكان و دایكانه‌ كاتێكی تایبه‌ت ته‌رخان بكه‌ن بۆ سه‌ردانیكردنی قوتابخانه‌كان و به‌ به‌رنامه‌كردنی په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانیان".

وتیشی:" كۆمه‌ڵێك نیشانه‌ هه‌ن به‌ كه‌سی ئالوده‌بووه‌وه‌ دیارن، له‌سه‌ر هه‌موو مامۆستایه‌كی په‌روه‌رده‌ییه‌ ئه‌و نیشانانه‌ به‌ جوانی بزانن و چاودێری خوێندكاره‌كه‌ بكه‌ن له‌ ئه‌گه‌ری توشبوون و كه‌وتنه‌ ناو داوی بازرگانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ سازكردنی دیداره‌كه‌ له‌ ئێستادا، بورهان حاجی سلێمان، سه‌رۆكی رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی میدیایی كه‌ دیداره‌كه‌ی رێكخستبوو بۆ (هه‌واڵ) وتی:" پرسی بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشه‌به‌ر له‌ كه‌ركوك له‌وه‌ ده‌رچووه‌ نكۆڵی لێبكرێت یان خۆمان له‌ گێلی بده‌ین، به‌ڵكو له‌ بری ئه‌وه‌ پێویسته‌ بورێرانه‌و راستگۆیانه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ بوه‌ستنین و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بده‌ین، ئه‌م چالاكیه‌شمان دوو قۆناغ ده‌بێت كه‌ دووه‌میان چاپكردنی وانه‌كانه‌ له‌ دوو نامیلكه‌ی كوردی و عه‌ره‌بیدا بۆ دابه‌شكردنی به‌سه‌ر گه‌نجه‌كان به‌ تایبه‌تی له‌ قوتابخانه‌كان".

‌ 143 جار بینراوه‌
11/24/2018 12:27:56 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved