»  راپۆرت
تادێت كێشه‌كانی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك قوڵده‌بێته‌وه‌
ئا/ هه‌واڵ

په‌روین فاتح، به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی له‌ خوێندنی كوردی بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” له‌ ئێستادا كێشه‌ی بینامان هه‌یه‌، زۆرێك له‌ خوێندنگه‌كان رووخاون و دروست نه‌كراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ خاڵێكی هه‌ستیاره‌ تا ئێستا له‌ شاری كه‌ركوك سێ ده‌وامی له‌ خوێندنگه‌كان هه‌یه‌، ده‌بێ جارێكیتر بودجه‌ی تایبه‌ت ئاماده‌بكرێت بۆ دروستكردنه‌وه‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌كان”.

په‌روین فاتح ئاشكراشیكرد:” له‌ ئێستادا خوێندنگه‌مان هه‌یه‌ فه‌رمانی چۆڵكردنی دراوه‌ چونكه‌ درزیان تێكه‌وتووه‌و مه‌ترسی رووخانی لێده‌كرێت و هه‌ندێ له‌ خوێندنگه‌كان له‌ باری نائاساییدان و له‌ داڕوخاندان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ خوێندنگه‌كان زۆر تاریك و پیسبوونه‌و كێشه‌ی كاره‌باییان هه‌یه‌ كه‌ خوێندن تێیدا مه‌حاڵه‌”.

به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی له‌ خوێندنی كوردی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:” له‌ هه‌موو دنیادا وایه‌ ده‌بێ ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ خوێندن دروست بكه‌ی، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌ به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك كه‌س خۆی به‌ خاوه‌نی نازانێت، نه‌ هه‌رێم و نه‌ به‌غدا، ئه‌مه‌ش ئێمه‌ی كه‌ركوكی و خوێندكاره‌كانمان باجه‌كه‌یمان داوه‌”.

له‌ باره‌ی دامه‌زراندنیشیه‌وه‌، په‌روین فاتح وتی:”زیاتر له‌ پێنج بۆ شه‌ش ساڵه‌ هیچ جۆره‌ دامه‌زراندێك بۆ خوێندنی كوردی نه‌كراوه‌، گرنگینه‌دان به‌ ده‌رچوانی خوێندنی كوردی وایكردووه‌، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك منداڵه‌كانیان بنێرنه‌ به‌ر خوێندنی عه‌ره‌بی، چونكه‌ ئه‌و دامه‌زراندنه‌ی كه‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ شاره‌كه‌ دێت زیاتر ده‌درێت به‌ خوێندنی عه‌ره‌بی و نادرێت به‌ خوێندنی كوردی، پشكی تایبه‌ت بۆ خوێندنی كوردی نییه‌”.

رونیشیكرده‌وه‌:” ته‌نانه‌ت حكومه‌تی هه‌رێمیش وه‌ك پێویست پشك ناداته‌ كه‌ركوك، چونكه‌ سێ ساڵ پێش ئێستا هه‌ندێ گرێبه‌ستكرا له‌ شاره‌كانی هه‌رێم، هه‌ندێ له‌ شاره‌كان پێویستیشیان نه‌بوو گرێبه‌ستیان پێدرا، ئێمه‌ وه‌ك خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك پێویستیشمان بوو ته‌نها (150) گرێبه‌ستیان پێداین، كه‌ ئێمه‌ زیاتر له‌ (525) خوێندنگه‌مان هه‌یه‌و هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندنی تێدایه‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێم تایبه‌تمه‌ندی به‌ كه‌ركوك نه‌دات ره‌نگه‌ خه‌ڵك ساردبێته‌وه‌ له‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ی بنێرێته‌ خوێدنی كوردی”.

باسی له‌وه‌شكرد:” ده‌بێ حكومه‌تی هه‌رێم خاوه‌ندارێتی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بكات له‌ كه‌ركوك، له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێندنی كوردی تاكه‌ دامه‌زراوه‌ی سه‌ربه‌ هه‌رێمه‌ و له‌ ئێستا له‌ كه‌ركوك ماوه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ سه‌رجه‌م به‌رپرسانی هه‌رێم و سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان هه‌ستن به‌ گرنگیدان به‌ خوێندنی وكوردی و به‌ دروستكردنی پرۆژه‌ی تایبه‌ت”.

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو:” له‌ ساڵی 2007 ه‌وه‌ هیچ كه‌ره‌سته‌و پێداویستییه‌ك بۆ خوێندنی كوردی نه‌كڕاوه‌، ئه‌وكات بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ته‌رخان كرا بۆ كڕینی كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كان، تائێستا ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ به‌كارده‌هێنینه‌وه‌، هه‌ر كه‌لوپه‌لێكیش ماوه‌یه‌كی دیاریكراو به‌كاردێت دواتر له‌كارده‌كه‌وێت”.

له‌ باره‌ی كه‌شێكی خاوێن و ته‌ندروسته‌وه‌ له‌ خوێندنگه‌كان كه‌ زۆرجار گله‌یی له‌ پیسی (wc)ـیه‌كان ده‌كرێت، ئه‌و به‌رپرسه‌ی خوێندنی كوردی وتی:”به‌ڵێ (wc)ـیه‌كان پاككه‌روه‌یان نییه‌، له‌ سیسته‌می خوێندنگه‌كان ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ داده‌مه‌زرێت به‌ پاكه‌ره‌وه‌ وه‌كو كارگوزار بڕه‌ پاره‌یه‌كی بۆ خه‌رج ده‌كرێت وه‌كو و ده‌رماڵه‌ی تایبه‌ت به‌ پاكردنه‌وه‌ی (wc)ـیه‌كان، ئێمه‌ ئه‌م بڕگه‌یه‌مان نییه‌ له‌ خوێندنی كوردی، ده‌ساڵیش ده‌بێ دامه‌زراندن بۆ كارگوزار نه‌كراوه‌، له‌ كاتێكدا پێویستمان به‌ كارگوزاره‌، چونكه‌ بۆ هه‌ر سه‌د خوێندكارێك به‌ لانی كه‌مه‌وه‌ پێویستی به‌ كارگوزارێكه‌ بۆ خاوێنكردنه‌وه‌”.

په‌روین فاتح نه‌شیشارده‌وه‌:” پاسه‌وانی خوێندنگه‌كانیشمان وه‌ك پێویست نییه‌، خۆم سه‌ردانی خوێندنه‌یه‌كم كرد، سه‌یاره‌ به‌ ئاره‌زووی خۆی ده‌چووه‌ ژووره‌و ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رووی ئه‌منیشیه‌وه‌ له‌بار نییه‌ به‌تایبه‌تی بۆ شارێكی وه‌كو كه‌ركوك، چه‌ندین جار جامی خوێندنگه‌كانمان شكێنراوه‌”.

له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا، په‌روین فاتح وتی:” داواكارم هه‌ر كه‌سێك كه‌ خۆی به‌ كورد ده‌زانێ له‌ شاره‌كانی تری كوردستان و به‌تایبه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی شاره‌كانی هه‌رێم تا ده‌توانن هاوكاری خوێندنی كوردی بكه‌ن له‌ كه‌ركوك، هه‌روه‌ها هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانیش هاوكاربن بۆ خوێندنی كوردی و پرۆژه‌ی تایبه‌تیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك بێ كێشه‌و كه‌موكوڕی بێت”.

‌ 62 جار بینراوه‌
12/1/2018 1:19:23 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved