»  راپۆرت
به‌پاڵپشتی پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ت عه‌ره‌به‌كان هه‌وڵی ده‌ستێوه‌ردان له‌كاروباره‌كانی كۆمسیۆنی كه‌ركوك ده‌ده‌ن
ئا/ هه‌واڵ

 

له‌ دوای گۆڕانكاری له‌ چه‌ندین یه‌كه‌ ئیداری شاره‌كه‌،  شه‌ش لایه‌نی عه‌ره‌بی كه‌ركوك له‌ رێگای راكان جبوری پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ چه‌ند بیانوێكی جۆراو جۆر هه‌وڵی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباره‌كانی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵژاردنه‌كان ده‌ده‌ن، سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵاش له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌به‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌بێبنه‌مان ناوده‌بات.

ئه‌و شه‌ش لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌كه‌ كه‌ پێكهاتون له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ خزبه‌كانی (حزبی حه‌ق و حزبی حه‌ل و پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی و به‌ره‌ی گفتوگۆی نیشیتمانی و یه‌كێتی هێزی نیشیتمانی و گردبونه‌وه‌ی كۆماری عێراقی) به‌ نوسراوێك كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ستی (هه‌واڵ) كه‌وتوه‌ داوایه‌كیان ئاراسته‌ی راكان جبوری پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوك كردوه‌ كه‌ گۆڕانكاری له‌ پۆسته‌كانی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بكه‌ن، كه‌ له‌ ئێستادا له‌لای كه‌سێكی به‌نه‌ته‌وه‌ كورده‌. 

له‌ نوسه‌راوه‌كه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیانه‌دا هاتوه‌:”پاڵپشت به‌ نوسراوی ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ ژماره‌ (2667) له‌ 5/8/2018 ماده‌ی (3) به‌ناوی كیانه‌ سیاسییه‌كان داواتان لێده‌كه‌ین ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق هاوسه‌نگی نیشتیمانی بگرێته‌وه‌ له‌ رووی ژماره‌و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌ناو نوسینگه‌كه‌”.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌روو:”ئه‌مه‌ش له‌ پێناو راپه‌ڕاندنی كاره‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆو پیشه‌یی نوسینگه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی داهاتووداو به‌هه‌مانشێوه‌ بۆ فه‌رمانگه‌ سه‌ربه‌خۆكان، چونكه‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی و نوێنه‌ره‌كانیان كه‌ داواكه‌یان ئاراسته‌كردوه‌ واژۆیان كردووه‌و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كرێت”.

له‌ نوسراوه‌كه‌شیان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌:”ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌بێ ئه‌نجامدانی هاوسه‌نگی جۆری وه‌ك سه‌ره‌تاو دووه‌م وه‌ك ژماره‌ی له‌ نوسینگه‌ی كه‌ركوك ده‌بێته‌ هۆكاری دروستبوونی قه‌یرانێكی تر له‌ كه‌ركوك و رێپێدراوانی پێكهاته‌كانی سیاسی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی سه‌ره‌وه‌  پێكهاته‌كان”.

هاوكات لای خۆشیه‌وه‌ راكان جبوری نوسراوێكی ئاراسته‌ی  نوسینگه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و نوسینگه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردوه‌ و رایگه‌یاندوه‌ كه‌ پێویسته‌ ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆن هاوسه‌نگی نیشتمانی تێدابكرێت.

له‌ یاداشته‌كه‌ی راكان جبوری كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ستی هه‌واڵ كه‌وتوه‌ و هاوپێچ وێنه‌یه‌ك له‌ یاداشتی حزبه‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌ كه‌ركوك ره‌وانه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مان كردوه‌، رایگه‌یاندوه‌:”لایه‌نه‌كان داوا ده‌كه‌ن ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق هاوسه‌نگی نیشتیمانی بیگرێته‌وه‌ له‌ رووی ژماره‌و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو راپه‌ڕاندنی كاره‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆو پیشه‌یی ئۆفیسی كه‌ركوك له‌ ماوه‌ی داهاتووداو بڕیاری به‌ڕێزتان سه‌رجه‌م ئۆفیس و ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكان و نوسینگه‌كان له‌ كه‌ركوك بگرێته‌وه‌.

هاوكات به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (هه‌واڵ)،  ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ ژێر رۆشنانی نوسراوه‌كه‌یراكان جبوری نوسراوێكی ئاڕاسته‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كردوه‌ .

له‌ نوسراوه‌كه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ستی (هه‌واڵ) كه‌وتوه‌ تێیدا هاتوه‌:”هاوپێچ نوسراوی پارێزگای كه‌ركوك ژماره‌(1848) له‌ 3/10/2018 له‌گه‌ڵ هاوپێچه‌كانی بۆ دیاریكردنی بۆچونتان سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی.

سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵاش له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌، ،  سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كانی لایه‌نه‌ عه‌ربیه‌كان بۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆ (هه‌واڵ)، رایگه‌یاند:” ئه‌و نوسراوانه‌ هیچ سوودێكی نیه‌ و كاریان له‌سه‌ر ناكرێت”، وتیشی:”ئه‌و كۆسمیۆنه‌ كۆمسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆیه‌و راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ چاودێری ده‌كرێت ئه‌وان به‌رپرسن له‌ كاروباره‌كانیان”.

ئه‌و سه‌رچاوه‌ باڵایه‌ كه‌نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ راشیگه‌یاند:”ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئۆفیسه‌كانی كۆمسیۆن له‌ پارێزگاكاندا هه‌ن سه‌رجه‌میان خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ و شاره‌كانن و هیچ جیاوازیه‌كیان نیه‌ و له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ش هه‌مویان به‌یه‌ك چاو سه‌یر ده‌كرێن و جیاوازیان له‌ نێوان ناكرێت و هه‌مویان وه‌كو یه‌ك كاریان له‌گه‌ڵ  ئه‌نجامده‌درێت”.

‌ 100 جار بینراوه‌
12/1/2018 1:21:12 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved