»  راپۆرت
كێ كلتووری كه‌ركوكی سوتاند؟
ئا/ هاوار ستار

 

سوتانی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك زیانی ئابوری و مێژویی و كه‌لتوری به‌ كه‌ركوك ده‌گه‌یه‌نێت

 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ دره‌نگانی شه‌وی 27ی كانونی یه‌كه‌م قه‌یسه‌ری كۆنی كه‌ركوك سوتا، زیانێكی زۆری مادی به‌ دووكانه‌كانی ناوه‌وه‌ی گه‌یاند و به‌جۆرێك یه‌ك دووكانیش نه‌مایه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی خه‌ڵكی و دووكاندارانی قه‌یسه‌ری زیانیان كرد، ئاسه‌وار و مێژووی شاره‌كه‌ش بێبه‌ش نه‌بوو له‌و زیانه‌ و یه‌كێك له‌ ناسنامه‌كانی شار كه‌وته‌ به‌ر ره‌حمه‌تی ئاگر، ئه‌گه‌رچی تا ئێستا هۆكاری سوتانی قه‌یسه‌ری روون نییه‌و ئاماژه‌كانیش بۆ بوونی ده‌ست ده‌چن له‌ هه‌ڵگیراسندنی ئاگره‌كه‌، به‌ڵام به‌دواداچوون بۆ ته‌واوی هۆكاره‌كانی به‌رده‌وامه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌وار ئاشكرای ده‌كان زیانی ملیۆنان دۆلار له‌و بازاڕه‌ مێژوویه‌كه‌وتوه‌ كه‌ زۆربه‌ی دوكانداره‌كانی كوردو توركمانی شاره‌كه‌ن.

قه‌یس عه‌بدولره‌زاق به‌رێوبه‌ری راگه‌یاندنی به‌رگری شارستانی بۆ هه‌واڵ رونیكرده‌وه‌: “له‌ ئاگره‌كه‌ی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك ئاگاداركراینه‌وه‌ چه‌ند تیمێك چوینه‌وه‌ ئه‌وێ و دواتر ده‌ركه‌وت ئاگره‌كه‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆیه‌ له‌ماوه‌ی 3 كاتژمێردا كوژێنرایه‌وه‌ و ئه‌و شه‌وه‌ تیمه‌كان زۆربه‌ی سه‌رقاڵی ئه‌و ئاگره‌بوون”.

به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندنی به‌رگری شارستانی وتیشی: “ئه‌گه‌رچی روداوه‌كه‌ زیانی گیانی به‌ دواوه‌ نه‌بوو به‌ڵام زۆر به‌تین بوو و زیانی مادیی زۆری هه‌بوو، ئێمه‌ نزیكه‌ی ته‌واوی كارمه‌ندانمان له‌ كاردا بوون و زیاتر له‌ 10 ئۆتۆمبێلی ئاگر كوژێنه‌ و ته‌نكه‌ری ئاو سه‌رقاڵی كوژانه‌وه‌ی بوون”.

قه‌یس عه‌بدولره‌زاق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: “ئه‌گه‌رچی زانیاریه‌كان ئاماژه‌ بۆ شۆرتی كاره‌با ده‌كه‌ن به‌ڵام به‌دواداچوون و لێكۆلینه‌وه‌كان نه‌گه‌یشتون به‌ئه‌نجامی كۆتایی و ته‌شه‌نه‌كردنی ئاگره‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌بووه‌ زۆربه‌ی دوكانه‌كانی قه‌یسه‌ری جل فرۆشبوون و له‌سه‌روی دوكانه‌كه‌شیان كۆگایان دروستكردبوو كه‌ ئه‌مه‌ش به‌زویی گر ده‌گرێ و ده‌سوتێ و به‌ ته‌واوی بازاڕه‌كه‌ ئاگر بڵاوه‌ی كرد”.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كه‌ركوك بۆ هه‌واڵ وتی: “ئاگره‌كه‌ زیانێكی بێشوماری به‌ قه‌یسه‌ریه‌كه‌ گه‌یاندوه‌ و به‌جۆرێك هه‌مو ناوه‌وه‌ی سوتاندوه‌ و ره‌ش كردوه‌ و ئه‌و زیانه‌ش به‌ ملیۆنان دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت و ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌بێت هه‌موی نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌”.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی: “قه‌یسه‌ریه‌كه‌ 100% سوتاوه‌ و به‌ڵام زیانی به‌ بناغه‌ و دیواره‌كانی قه‌یسه‌ری نه‌گه‌یاندوه‌ ببێته‌ هۆی داڕوخان به‌ڵكو ته‌نها ره‌ش بوونه‌ و تێكچونی چینی روكه‌شه‌ ئه‌وه‌ش ده‌توانرێت وه‌ك خۆی نوژه‌ن بكرێته‌وه‌”.

هه‌ر به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌: “له‌ ساڵانی حه‌فتا كه‌ نۆژه‌ن كرایه‌وه‌ دیسان گرنگی به‌ روكاری مێژوی ئاسه‌واری سه‌ره‌تایی درا و له‌ ئێستاشدا گه‌ر بكرێت به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت و هه‌مو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری هه‌ڵوه‌سته‌یان كردوه‌ و كاره‌ یاسایی و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش له‌سه‌ر قه‌یسه‌ری به‌رده‌وامن”.

سمكۆ به‌هرۆز مێژوناس بۆ هه‌واڵ له‌سه‌ر مێژووی بازاڕه‌كه‌ وتی: “ئه‌و بازاڕه‌ بازاڕێكی كۆنی مێژووییه‌ و زۆر به‌ زیره‌كانه‌ دروستكراوه‌ به‌ جۆرێك هه‌ر به‌ شێكی ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ رۆژ و مانگ و هه‌فته‌ی ساڵ و سیسته‌می روناكیشی به‌جۆرێك بۆ دانراوه‌ به‌یانیان كه‌ خۆر هه‌ڵاتوه‌ تێیدا زانیویانه‌ تا كاتی خۆرئاوابوون”.وتیشی: “ئه‌و قه‌یسه‌ریه‌ به‌جۆرێك بونیاد نراوه‌ رێكخستنی فه‌له‌كی تێدا ئه‌نجامدراوه‌”.

له‌سه‌ر كه‌ره‌سته‌ی بونیادنانی قه‌یسه‌ریه‌كه‌ سمكۆ به‌هرۆز وتی: “ئه‌و قه‌یسه‌ریه‌ به‌ به‌رد و گه‌چ دروستكراوه‌ و بناغه‌ و دیواره‌كانی پته‌ون به‌ڵام له‌به‌ر كۆنی مێژوه‌كه‌ی و زۆر به‌كارهێنانی مه‌ترسی به‌رده‌وامی له‌سه‌ر بووه‌ له‌روی داڕمان و تێكدانی شێوه‌ ئه‌ندازه‌ییه‌كه‌ی خۆی”.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌: “ئه‌و قه‌یسه‌ریه‌ له‌ساڵی 1978 جارێك نۆژه‌ن كراوه‌ته‌وه‌ و چینێكی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه‌، ئه‌م جاره‌ش دوای ئه‌و كاره‌ساتی سوتانه‌ نۆژه‌ن كرێته‌وه‌ چینێكی تری بۆ دروست ده‌كرێ و ئه‌مه‌ش ده‌بێت به‌ وریایه‌وه‌ بكرێت ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ی له‌ مێژودا هه‌بوه‌ ده‌ستكاری ده‌كرێت”.

سمكۆ به‌هرۆزی مێژوناس ئه‌وه‌یخسته‌ڕو: “ئه‌و شوێنه‌ بازرگانیانه‌ كه‌ به‌ هاوڵاتی ده‌درێت كاری تێدا بكات ده‌بێت به‌ گوێره‌ی قه‌باره‌ی خۆی زه‌ختی له‌سه‌ربێت و هۆشیاری ئه‌وه‌بدرێت بپارێزرێت و هه‌روه‌ها فریاگوزاری تێدابێت و ئاگركوژێنه‌وه‌ و كه‌ره‌سته‌ی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری لیبێت”.

قه‌یسه‌ری كه‌ركوك مێژوه‌كه‌ی بۆ ساڵی 1855 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كات له‌له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه‌ بونیاد نراوه‌، دوایین نۆژه‌نكردنه‌وه‌شی له‌ ساڵی 1978 بووه‌، له‌ 27ی نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌مساڵدا سووتا.

به‌پێی زانیارییه‌كانیش پێشتر له‌ هه‌مان شوێن بازاڕێك له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ هه‌بووه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می جووه‌كان.

قه‌یسه‌رییه‌كه‌ 365 دوكانی تێدایه‌، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ رۆژه‌كانی ساڵ، 24 رێڕه‌وی تێدایه‌ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كاتژمێره‌كانی رۆژ، له‌گه‌ڵ 12 ژوور له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌دانه‌ به‌وه‌ی ساڵ له‌ 12 مانگ پێكهاتووه‌، له‌گه‌ڵ 7 ده‌رگا، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌دانێكه‌ بۆ هه‌فته‌.

‌ 123 جار بینراوه‌
12/1/2018 1:23:30 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved