»  کاتژمێر یازدە
كێ خاوه‌ندارێتی شار ده‌كات؟!
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌

 

شه‌وی دووشه‌ممه‌ی رابردوو 26/11/2018 یه‌كێك له‌ بازاڕه‌ دێرینه‌كانی كه‌ركوك كه‌ به‌ قه‌یسه‌ری كه‌ركوك ناسراوه‌ سوتێنرا، ئه‌م بازاڕه‌ (360) دوكان له‌ خۆده‌گرێت كه‌ زۆربه‌ی كاسبكاره‌كانی له‌ كورد و توركمان پێكدێت، تا پێش ساڵی 1948 زۆرینه‌ی بازاڕه‌كه‌ به‌ ده‌ستی بازرگانه‌ جووه‌كانه‌وه‌ بووه‌، مێژووی دروستكردنی بازاڕه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1885ـی زایینی.

نامه‌وێ لێره‌دا بچمه‌ ناو ورده‌كاری مێژووی كلتووری ئه‌و بازاڕه‌و باسی رۆڵی بازاڕه‌كه‌ له‌ ئابووری شاره‌كه‌و شارستانیه‌تی بازاڕه‌كه‌ بكه‌م، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستمه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كان ئێستێك بكه‌م، دیاره‌ بۆ هه‌ر رووداوێك ده‌بێت بڕوانینه‌ هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌یانه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی دروستی بۆ بكه‌ین.

پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك كه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاتی شاری له‌به‌رده‌ستدایه‌، هیچ هه‌ڵوێستێكی له‌باره‌ی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌وه‌ نه‌نواند وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ رووی نه‌دابێت، پێكهاته‌ی كورد یه‌ك دوو به‌یاننامه‌ی حزبی لاواز و به‌یاننامه‌یه‌كی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق بڵاوكرانه‌وه‌و كه‌ جگه‌ له‌ ئیدانه‌كردن و داواكردن هیچ هه‌ڵوێستێكی سیاسی له‌خۆ نه‌گرتبوو، به‌یاننامه‌كه‌ی زه‌حمه‌تكێشان هه‌رچه‌نده‌ سه‌رپێیانه‌ نووسرابوو له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی یه‌كێتی به‌هێزتر بوو، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بوو، ته‌نانه‌ت به‌یاننامه‌یه‌كی لاوازیشی بۆ ده‌رنه‌كرد، به‌ره‌ی توركمانی جگه‌ له‌سه‌ردانی مه‌یدانی سه‌ركرده‌كانی ئه‌و به‌ره‌یه‌ بۆ بازاڕه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یان سووتانی بازاڕه‌كه‌یان به‌ ئامانجكردنی نه‌ته‌وه‌ی توركمان له‌ قه‌ڵه‌مداوه‌، ئه‌وه‌یان له‌ به‌یاننامه‌كه‌یان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی كلتوورو ئابووری توركمانه‌كانه‌و هۆشداری له‌ باره‌ی رووداوه‌كه‌وه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت: ئه‌م روودوانه‌ وامان لێ ناكات شاره‌كه‌ جێبهێڵین،  له‌ هه‌مان كاتدا فاتح یڵدز باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق په‌یوه‌ندی به‌ پارێزگاره‌ به‌ وه‌كاله‌ته‌كه‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌كات و جگه‌ له‌ ده‌ربڕینی نیگه‌رانی و دڵته‌نگی قووڵی له‌مه‌ڕ رووداوه‌كه‌ ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كه‌و هاوكاریكردنی زیانلێكه‌وتووان ده‌رده‌بڕێت، له‌ كاتێكدا حكومه‌تی عێراق هیچ هه‌ڵوێستێكی پۆزه‌تیفی نه‌نواند.

به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرای ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كێ به‌ هه‌ڵوێست و كرداره‌كانی خاوه‌ندارێتی شار ده‌كات و خۆی به‌خاوه‌نی ئه‌م شاره‌ ده‌زانێت، ئه‌مه‌ش بۆ دانیشتوانی كوردی كه‌ركوك مایه‌ی نیگه‌رانییه‌كی قووڵه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.. نیگه‌رانییه‌ك قووڵتر له‌ نیگه‌رانییه‌كه‌ی فاتح یڵدز بۆ سووتانی بازاڕه‌كه‌.

‌ 209 جار بینراوه‌
12/1/2018 1:26:54 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved