»  وتاری هەفتە
كه‌ركوكی بۆ سه‌رشۆڕه‌؟!
بورهان حاجی سلێمان

 
بورهان حاجی سلێمان

هه‌رچه‌نده‌ كلتوری جنێوو ناوزڕاندن و ته‌خوین و شكاندنه‌وه‌ی یه‌كتر له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسی و ململانێی حیزبیی كوردیدا به‌جۆرێك چه‌سپیوه‌ هیچ پیرۆزیه‌كی نه‌هێشتۆته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ناشرینی دیارده‌كه‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌جنێوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ململانێی حیزبیدا بمێنێته‌وه‌، هێشتا ده‌ڵێن عه‌قڵی سیاسی كوردی هه‌رزه‌یه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، به‌ڵام كاتێك ئه‌و بێ مۆراڵیه‌ بگاته‌ ئاستی جنێودان به‌ ته‌واوی خه‌ڵكی شارێك ئه‌وه‌ كاره‌ساتێكه‌ كه‌ جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌و پێویسته‌ لێی بێده‌نگ نه‌بین و ئه‌و سوكایه‌تییه‌ قبوڵنه‌كرێت.

ماوه‌یه‌كه‌ له‌ چاوپێكه‌وتن و لێدوانه‌كانیاندا، وه‌ڵامی به‌رپرسان و كادیرانی پارتی بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شاری كه‌ركوك، هه‌موویان به‌ یه‌ك ئاواز ده‌ڵێن “ئێمه‌ له‌ شارێكدا نابین تیایدا سه‌رشۆڕبین”، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ شاری كه‌ركوكدا ماون و جێگه‌یان بۆ ته‌عریب چۆڵ نه‌كردووه‌و وه‌كو چقڵ له‌ چاوی ناحه‌زانی كورددا ماونه‌ته‌وه‌، خه‌ڵكی سه‌رشۆِڕ بن.

كاره‌ساته‌ بێیت و به‌ زیاتر له‌ 600 هه‌زار هاوشارو هاونه‌ته‌وه‌ی خۆت و چه‌ندین حیزبی كوردی له‌ شاری كه‌ركوك بڵێیت سه‌رشۆڕن له‌به‌ر هیچ نا ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاساو بۆ هه‌ڵوێستی حیزبه‌كه‌ت كه‌ هۆكاری یه‌كه‌می به‌رده‌وامی ئه‌و ناهاوسه‌نگییه‌ ئیداریه‌یه‌ له‌ شاری كه‌ركوك..

پرسیار له‌و به‌ڕێزانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كورده‌ ئازایانه‌ی گونده‌كانی سنوری داقوق و دوبزو سه‌رگه‌ڕان كه‌ به‌ داروبه‌رد رۆژانه‌ ته‌عریبچییه‌كان راوده‌نێن سه‌رشۆڕ بن، ئه‌گه‌ر ئه‌و كورده‌ی له‌ شاری كه‌ركوكدا ڕه‌گی له‌ خاك داكوتیوه‌و ئاماده‌ نییه‌ بۆ دوژمانی چۆڵبكات، ئه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ركوكی داوه‌ته‌ ده‌ستی قه‌ده‌ره‌وه‌و له‌دووره‌وه‌ باسی ده‌كات و هۆكاری مانه‌وه‌ی راكان سه‌عیده‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی، ده‌بێـت ناوی چی بێت؟!

پێویسته‌ ئه‌و كادرو به‌رپرسه‌ حیزبیه‌ كه‌ركوكییانه‌ی پارتی له‌ بری سوكایه‌تی كردن به‌ شاره‌كه‌ی خۆیان، له‌ سه‌رانی حیزبه‌كه‌یان بپرسن: بۆچی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ موسڵ بۆ به‌غدا بۆ شه‌نگال و شوێنه‌كانی دیكه‌ سه‌رشۆڕی نییه‌، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك سه‌رشۆڕییه‌؟ به‌ر له‌وانیش پێویسته‌ به‌ڕێزان قایمقامی كه‌ركوك و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌ده‌ی خوێندنی كوردی و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ی پارتی كه‌ به‌ فه‌رمانی حزبه‌كه‌یان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك، بپرسن ئه‌گه‌ر خۆڕاگری و ژیان له‌ كه‌ركوك سه‌رشۆڕی بێت، بۆچی ئێمه‌تان ناردۆته‌وه‌ بۆ ژیانی سه‌رشۆڕی؟!

پێویسته‌ چیتر ئه‌و سوكایه‌تییه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كه‌ركوكه‌وه‌ به‌و خانه‌واده‌ پارتییه‌ خۆڕاگرانه‌شه‌وه‌ كه‌ شاره‌كه‌یان جێنه‌هێشتووه‌، قبووڵنه‌كرێت، ئه‌وه‌ی به‌ كوردی كه‌ركوكیش ده‌ڵێت سه‌رشۆڕ ده‌بێت چی زووه‌ داوای لێبوردنی لێ بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ستبوون به‌خاكه‌وه‌ سه‌رشۆڕی بێت، ئه‌وه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی حیزبی كوردیدا كه‌ هه‌موو شتێك ئاوه‌ژۆ بۆته‌وه‌، ته‌نها قه‌ره‌جی بێ خاك و ئه‌وانه‌ی نیشتمانیان له‌ كۆڵیانه‌ سه‌ربه‌رزن.

‌ 349 جار بینراوه‌
12/1/2018 1:28:13 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved