»  کوردستان
توركمان داوای پێكهێنانی هێزی هاوبه‌ش ده‌كات
ئا/ هه‌واڵ

 

كورد: دژی ئه‌و هێزه‌ نین و هێزێكی تۆكمه‌ی پێشمه‌رگه‌مان بۆ ئه‌و هێزه‌ هاوبه‌شه‌ هه‌یه‌

توركمان داوای پێكهێنانی هێزێكی هاوبه‌ش له‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك بۆ پاراستنی شاره‌كه‌ ده‌كات، ئه‌ندامێكی كوردی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكش، رایده‌گه‌یه‌نێت دژی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ نین، به‌ڵام وه‌كو كورد هێزی ئاماده‌و به‌ئه‌زمونمان هه‌یه‌ بۆ پاراستنی شاره‌كه‌.

ته‌حسین كه‌هیه‌، سه‌رۆكی كوتله‌ی توركمانی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) رایگه‌یاند:” دۆسیه‌ی ئه‌منی بابه‌تێكی ئاڵۆزه‌و  كێشه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندو هه‌رێم له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌منی و دۆسییه‌كانی تریش هه‌یه‌”، ئه‌وه‌شیخسته‌روو:”له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانماندا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و به‌رپرسان پرۆژه‌یه‌كمان هه‌بووه‌ ئه‌ویش پێكهێنانی هێزێكی هاوبه‌شه‌ له‌ ته‌واوی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك به‌ رێژه‌ی (32%) و پاراستنی كه‌ركوكیش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و  هێزه‌ هاوبه‌شه‌وه‌”.

به‌ وته‌ی ئه‌و سه‌ركردیه‌ی به‌ره‌ی توركمانی له‌ كه‌ركوك، پێویسته‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی شاره‌كه‌ به‌ ده‌ست خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ بێت و پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌تیش هاوكاری بكات له‌ پێناو پاراستنی شاره‌كه‌و ئه‌وه‌ش تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌ ئه‌منییه‌كان.

لای خۆشیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌ لێدوانێكیدا بۆ (هه‌واڵ)، رایگه‌یاند:”ئێمه‌ دژی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ نین، به‌ڵام چه‌ندین پرسیارمان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هێزه‌ سه‌ر به‌ كێ ئه‌بێت و كێ ئیداره‌یان ئه‌دات و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی و مووچه‌ له‌ كێ وه‌رده‌گرێت”، ئه‌وه‌شیخسته‌روو:”ته‌نها په‌رله‌مان ده‌توانێت به‌ یاسا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ رێكبخات نه‌ك لایه‌نێك بیه‌وێت زاڵبێت به‌سه‌ر هێزه‌كه‌دا”.

به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، ئێمه‌ وه‌كو كورد هێزی پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه‌ و ناكرێت په‌راوێزبخرێن، چونكه‌ له‌ رابردوو بینمان هێزێكی تۆكمه‌یه‌و ده‌توانێت ئارامی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه‌ ده‌ستبه‌ربكات و سنوره‌كان بپارێزێت، هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد:”ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌كی وا سه‌ربخرێت ئه‌وه‌ ئێمه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه‌و ده‌توانرێت چه‌ند لیوایه‌ك بخرێته‌ ناو ئه‌و هێزه‌ هاوبه‌شه‌وه‌”، وتیشی:”له‌ رابردووش ئێمه‌ به‌ گونجاومان زانیوه‌ كه‌ هێزی هاوبه‌ش هه‌بێت و ئه‌مریكیه‌كانیش چاودێری بكه‌ن”.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:”ناكرێت دامه‌زارندنی تازه‌ بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و هێزانه‌و ره‌وانه‌ی سنوه‌ره‌كان بكرێت به‌ڵكو پێویستمان به‌هێزی تۆكمه‌ هه‌یه‌و بۆ ئه‌و دۆخه‌ش هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ باشترینن”.

‌ 226 جار بینراوه‌
12/1/2018 2:00:43 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved