»  راپۆرت
كێشه‌ی زه‌وی جوتیارانی كوردو توركمان یه‌كده‌خات
ئا / هاوار ستار


كێشه‌ی زه‌وی و زاری كشتوكاڵی جوتیارانی قه‌زاو ناحیه‌كانی كه‌ركوك یه‌كده‌خات ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ هه‌رسێ نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی كورد و عه‌ره‌ب و توركمان دژی بڕیاره‌كانی راكان سه‌عید پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوك له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردودا خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداو تێیدا داوای مافی یاسایی خۆیان ده‌كرد، له‌ به‌رانبه‌ردا راكان سه‌عید پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ت به‌ نوێنه‌ری جوتیارانی راگه‌یاندوه‌ كه‌ به‌ پێی ده‌ستور كێشه‌كانی جوتیاران ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت.
مراد كوێخا یه‌كێك له‌ جوتیارانی دێی سه‌قزلی بۆ هه‌واڵ وتی: "ئێمه‌ وه‌كو جوتیارانی دوای راپه‌ڕین و پرۆسه‌ی ئازادی كه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی و زاره‌كانی باو و باپیرانمان و دواتر له‌ ساڵی زه‌ویه‌كان به‌فه‌رمی كرانه‌وه‌ به‌ ناوی خۆمان به‌ڵام له‌ ئێستادا پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌زیری كشتوكاڵی به‌غدا ده‌یانه‌وێ جارێكی تر زه‌ویه‌كانمان لێ بسه‌ننه‌وه‌ و داگیری بكه‌ن و ته‌عریبمان بكه‌نه‌وه‌".
ئه‌و جوتیاره‌ وتیشی: "ئێمه‌ سێ نه‌ته‌وه‌ی گرنگین له‌ كه‌ركوك كورد و عه‌ره‌ب و توركمان تێكه‌ڵاویمان هه‌یه‌ و هه‌مو بووین به‌خزمی یه‌كتر به‌ڵام داواده‌كه‌ین تێكده‌ران ده‌ست وه‌رنه‌ده‌نه‌ نێومان و ئه‌مانه‌ كۆنه‌په‌رستن واده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ زه‌مه‌نی به‌عسیه‌ت بگه‌ڕێننه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ نه‌رمی نواندن خۆپیشاندان ده‌كه‌ین و چاوه‌ڕێی به‌رپرسانی خۆمان و به‌غداین و ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ وابڕوا هه‌ڵوێستی ترمان ده‌بێ".
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ لیستی برایه‌تی بۆ هه‌واڵ وتی: "به‌ هه‌موو توانامانه‌وه‌ پشتیوانی جوتیاره‌كان ده‌كه‌ین به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ رژێمی پێشو ویستویه‌تی له‌سه‌ر خاكی باپیرانیان هه‌ڵیانبكه‌نێت و دوریان خاته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش مادده‌ی 140 دانرا".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌ن رونیكرده‌وه‌: "ئێستا كۆمه‌ڵی خه‌ڵك هه‌ن به‌ناوی جێبه‌جێكردنی ئیداره‌ و یاساوه‌ كاری نایاسایی و ناده‌ستوری ئه‌نجامده‌ده‌ن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێیان قبوڵ ناكه‌ین و پشتیوانی خاوه‌ن مافه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ جوتیارانن و هه‌ر ئالۆزیه‌ك به‌هۆی ئه‌م كێشه‌یه‌وه‌ رویدا ئه‌وه‌ ده‌یخه‌ینه‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر خاكی جوتیاران ده‌كه‌ن".
عه‌سكه‌ری وتیشی: "چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجومه‌ن كارابكرێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی به‌م كارانه‌ هه‌ڵده‌ستن لێپیچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت و ده‌ستور جێبه‌جێ بكرێت و بدرێنه‌ دادگا و دوورخرێنه‌وه‌ كه‌سانی تر دابنرێن و سزای سه‌پێچیكه‌ران بدرێت".
ئه‌گه‌رچی رۆژی سێشه‌ممه‌ به‌رواروی 4/12/2018 جوتیاران بۆ ماوه‌ی سێ كاتژمێر له‌به‌رده‌م بینای پارێزگای كه‌ركوك مانه‌وه‌ و داوای بینینی خودی راكان سه‌عید پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوكیان ده‌كرد به‌ڵام راكان ئاماده‌نه‌بوو بێته‌ نێو خۆپیشانده‌ران و زۆرێك له‌ جوتیاران بڵاوه‌یان كرد، به‌ڵام دواتر له‌ رێگه‌ی چه‌ند نوێنه‌رێكی جوتیارانه‌وه‌ چوونه‌ لای راكان سه‌عید و چاویان پێكه‌وت.
هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ راكان سه‌عید راگه‌یاندراوێكی له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگاره‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا وتی به‌پێی ده‌ستور و یاسا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌یسی جوتیاران ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی پێویست بێ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردبوو كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندامێكی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ جیاكانی جوتیاران كۆبوونه‌ته‌وه‌ و كێشه‌كانیان خستوه‌ته‌ روو و وه‌ك له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا پارێزگار ئاماژه‌ی بۆ كردوه‌ كه‌ جوتیاران كێشه‌ی كه‌می به‌شه‌ تۆو و عه‌له‌فیان هه‌یه‌ و كێشه‌ی زه‌وی و چاندنیان هه‌یه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هاورده‌ بكات ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ جوتیارانداین تا حه‌قه‌كانیان به‌ یاسا و ده‌ستور چاره‌سه‌ر بكرێت و جێبه‌جێ بكرێت".

‌ 261 جار بینراوه‌
12/8/2018 11:35:59 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved