»  باران
بۆچی ژنان و كچانی كه‌ركوك بایه‌خ به‌ هونه‌ری خۆشنوسی ناده‌ن؟
ئا/ سه‌نگه‌ر كاكۆ

  

ئه‌گه‌رچی ژنان و كچانی كه‌ركوك به‌شدارییه‌كی كارا له‌ كایه‌ هونه‌ری و وه‌رزشییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆر به‌كه‌می به‌لای هونه‌ری خۆشنوسیدا رۆیشتوون، خۆشنوسێكیش پێیوایه‌، نه‌ك ته‌نها له‌ كه‌ركوك، به‌ڵكو له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتووش ژنان و كچان كه‌متر به‌لای هونه‌ری خۆشنوسیدا رۆیشتوون.

كه‌وسه‌ر سلێمان، یه‌كێكه‌ له‌و كچانه‌ی كه‌ ئاره‌زووی وێنه‌كێشانی هه‌یه‌، بۆ (هه‌واڵ) وتی:" كه‌متر گرنگیم به‌ هونه‌ری خۆشنوسی داوه‌، هه‌رچه‌نده‌ كچان و ژنان حه‌زیان له‌و هونه‌ره‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ره‌گه‌زی مێینه‌ حه‌زی به‌ جوانییه‌".

 كه‌وسه‌ر وتیشی:" كێشه‌ی ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ گرنگی به‌ هونه‌ری خۆشنوسی ناده‌ین، دواتریش خولی فێربوونی خۆشنوسی كه‌مه‌، بۆ نمونه‌ ره‌نگه‌ زۆرجار كچێك بڵێ ده‌چمه‌ خولێكی خۆشنوسییه‌وه‌ كه‌سوكاری پێی بڵێن چ سودێكی هه‌یه‌".

باسی له‌وه‌شكرد:" له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان، چه‌ند به‌شێكی وه‌ك شێوه‌كاری و شانۆو مۆسیقا هه‌ن، به‌ڵام كه‌متر گرنگی به‌ خۆشنوسی ده‌درێت".

رونیشیكرده‌وه‌:" هونه‌ری خۆشنوسی زۆر گرنگه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ فه‌رمانبه‌ری حكومه‌تن چ پیاو چ ژن، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و نوسراوانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ ده‌كرێن هه‌رچه‌نده‌ هه‌مووی به‌ كۆمپیوته‌ر چاپ ده‌كرێن، به‌ڵام پێشتر خۆ هه‌ر ده‌بێ به‌ ده‌ست بنوسرێته‌وه‌".

عه‌بدولستار جه‌باری، یه‌كێك له‌ خۆشنوسه‌ دیاره‌كانی شاری كه‌ركوك، بۆ (هه‌واڵ) وتی:" ده‌توانم بڵێم یه‌ك ژن و كچی خۆشنوسمان نییه‌ له‌ ئێستادا".

جه‌باری وتیشی:" له‌ جیهاندا خۆشنوسی مێینه‌ زۆر كه‌مه‌، دیاره‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وا هاتووه‌ كه‌ زیاتر به‌لای ئه‌و هونه‌ره‌دا نه‌چن، به‌راستی خۆشنوسی خوڵقێكی زۆری ده‌وێت و هونه‌رێكی زۆر گرانه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ ژنان په‌نایان بۆ نه‌بردبێت، ".

عه‌بدولستار جه‌باری، ده‌ڵێت:" منیش هه‌مووكات ئه‌وه‌ بۆته‌ پرسیار له‌ لام بۆچی ژنان كه‌متر روو له‌ هونه‌ری خۆشنوسی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ مێژوو ژنانی خۆشنوس هه‌بوونه‌، به‌ڵام ئێستا نییه‌، ته‌نانه‌ت نه‌ك هه‌ر له‌ شاری كه‌ركوك بگره‌ له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌رو وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانیش زۆر كه‌مه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:" هه‌ندێ ژن هه‌ن خۆشنوس نین، به‌ڵام ته‌نها كاری زه‌خره‌فه‌ی ده‌وری نوسینه‌كان ده‌كه‌ن".

توانا سدیق، مامۆستا له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی كه‌ركوك بۆ (هه‌واڵ) وتی:" لای ئێمه‌ هونه‌ری خۆشنوسی و زه‌خره‌فه‌ ته‌نها وه‌ك وانه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا ده‌وترێته‌وه‌، ئه‌گینا به‌ش نییه‌".

توانا سدیق، وتیشی:" زیاتر گرنگی به‌ شێوه‌كاری ده‌ده‌ن و له‌و وانه‌یه‌ش كه‌ هه‌یانه‌ هه‌ندێ له‌ جۆری پیته‌كانیان پێ ده‌وترێته‌وه‌".

باسی له‌وه‌شكرد:" له‌ كۆلێژی هونه‌ره‌ جوانه‌كان، هونه‌ری خۆشنوسی و زه‌خره‌فه‌ به‌شی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌".

ژیان حه‌مید حه‌لاق، لێپرسراوی لقی كه‌ركوكی یه‌كێتی ژنانی كوردستان بۆ (هه‌واڵ) وتی:" تائێستا خولی فێربوونی هونه‌ری خۆشنوسیمان بۆ ژنان نه‌كردۆته‌وه‌".

وتیشی:" بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌ر خولێك بۆ ژنان زۆرجار له‌ رێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانمانه‌وه‌ ئه‌و خولانه‌ بوونه‌ كه‌ ژنان خۆیان زیاتر خواستیان له‌سه‌ر بووه‌و داوایان كردووه‌".

ئاشكراشیكرد:" بۆ داهاتوو به‌ جدی بیر له‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خولی فێربوونی هونه‌ری خۆشنوسی بۆ ژنان بكه‌ینه‌وه‌ تاوه‌كو ژنانیش له‌و بواره‌دا جێگای ده‌ستیان دیار بێت و دووره‌ په‌رێز نه‌بن".

لای خۆشییه‌وه‌، شاهین به‌هادین كه‌ركوكی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی خۆشنوسانی كه‌ركوك له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت بۆ (هه‌واڵ) وتی:" زیاتر له‌ (100) خۆشنوس ئه‌ندامن له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌مان، له‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نها دوانیان له‌ ره‌گه‌زی مێیینه‌ن".

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی خۆشنوسانی كه‌ركوك وتیشی:" زۆرجار كه‌ خولێكی فێربوونی خۆشنوسی ده‌كه‌ینه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ ژنان به‌شدار ده‌بن كه‌ زۆرجار ژماره‌یان ناگاته‌ سێ كه‌س".

شاهین كه‌ركوكی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:" له‌ ئێستادا له‌ كه‌ركوك دوو تا سێ ژن و كچ هه‌ن كه‌ خۆشنوسن و نه‌خشی زه‌خره‌فه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام تائێستا هیچ ژنێك به‌كارایی نه‌بۆته‌ خاوه‌ن دوكانی خۆشنوسی، ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ ته‌نها وه‌ك ئاره‌زوویه‌كی خۆیانه‌ گرنگی به‌و هونه‌ره‌ ده‌ده‌ن".

شاهین كه‌ركوكی داواشیكرد:" كاتێ خولی خۆشنوسی ده‌كه‌نه‌وه‌، پێویسته‌ ژنان و كچانیش هاوشانی پیاوان به‌شداربن بۆ ئه‌وه‌ی له‌و هونه‌ره‌ زیاتر شاره‌زا بن".

‌ 413 جار بینراوه‌
12/14/2018 11:25:52 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved