»  شۆک
گه‌نج و ئالوده‌بوون
هاوار ستار

 

گه‌نج چینێكه‌ به‌ركه‌وتنی بۆ شته‌كان و ژیانی رۆژانه‌ خێراتره‌ و زووتر وه‌ریده‌گرێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات به‌رده‌وام كاریگه‌ریه‌كان له‌ نێو گه‌نجا زیاتر ته‌شه‌نه‌ بكه‌ن و بڵاوبنه‌وه‌، خراپترین خوی گه‌نج كاتێك هۆگری شتێك ده‌بێت یان پێوه‌ی سه‌رقاڵ ده‌بێت ئالوده‌بوونه‌، چونكه‌ زۆرجار ئالوده‌بوونه‌كان به‌ كاره‌سات كۆتاییان پێدێت تا ده‌گاته‌ مردن.

ئاله‌وده‌بوون و خوگرتن به‌ شتێكه‌وه‌ زۆرجار تاكه‌كان و به‌تایبه‌تتر گه‌نجه‌كان به‌ره‌و ئاقارێك ده‌با ده‌رچووین لێی ئه‌سته‌مه‌، ئه‌وه‌ش له‌ جیهاندا ده‌یبینین ئالوده‌بوون به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ یان به‌ یاری ئه‌لیكترۆنی یان به‌ عه‌شق یانیش به‌شتێكی تایبه‌ت كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ هه‌مو ژیانی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ چ ده‌رده‌ سه‌ریه‌كی به‌ دواوه‌ بووه‌.

گه‌نج ده‌بێت پێوه‌ری هه‌بێت بۆ شته‌كان هیچ شتێك به‌ راده‌ی ئالوده‌بوونه‌وه‌ ژیانی داگیر نه‌كات و نه‌گرێت به‌جۆرێك رێكخستنی دابه‌شكردنی كاته‌كانی لێوه‌ببات، گه‌نج ده‌بینی به‌رده‌وام ئالوده‌ی شتێك ده‌بێت كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی كات و ته‌مه‌نی ده‌بات ئه‌وه‌نده‌ی پێ نادات بێگومان له‌روی ماددیشه‌وه‌ زیانی زیاتر بۆی ده‌بێت له‌وه‌ی قازانجی تێدا بكات.

گه‌نجی كورد هه‌میشه‌ كێشه‌ی فراوان بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ و له‌ خاڵێكدا ده‌وه‌ستێ و خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه‌ ئه‌وه‌یش ئالوده‌ی ده‌كات و تیایدا ده‌مێنێته‌وه‌ له‌وانه‌ش ماده‌ی هۆشبه‌ر و جگه‌ره‌ و نێرگه‌له‌ و ماده‌ی كحولی كه‌ به‌سه‌ره‌كیترین كه‌ره‌سته‌ی ئالوده‌بوون داده‌نرێت به‌ڵام بابه‌تی تری وه‌كو عه‌شق و كات به‌سه‌ر بردن له‌ كافتریا و به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت و یانیش ئه‌نجامدانی وه‌رزش به‌ به‌رده‌وام بۆ نمونه‌ دووگۆڵی و بلیارد و له‌شجوانی و جۆره‌كانی تر....

ده‌كرێت بڵێین ئالوده‌بوون بابه‌تی جۆراوجۆرن وه‌كو جۆره‌كانی عه‌شق هه‌ر له‌ سۆزداری و ئاینی و خود یان مادده‌یه‌ك یان بابه‌تێكی جه‌سته‌یی، كه‌واته‌ ئه‌كرێت ئه‌و شتانه‌ی مرۆڤ ئالوده‌ی ده‌بێت گه‌ر پێوه‌ری خۆی بۆ دابنرێ سوود به‌خشی تێدابێت و بێگومان زیان به‌خشیش.

تاكی ئێمه‌ زۆرجار ئه‌و شتانه‌ی سودیشی هه‌بێت به‌جۆرێك ئالوده‌ی ده‌بێت كه‌ به‌ زیانی ده‌شكێته‌وه‌ و كورد وته‌نی (سه‌ری له‌سه‌ر داده‌نێت)، جا باشترین شتیش بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له‌ ئالوده‌بوون به‌دوور بگرین ده‌بێت دابه‌شكردنی كات و ژیانمان بكه‌ین به‌ به‌رنامه‌ و بنه‌ما.

بێگومان بیرمان نه‌چێ جگه‌ له‌ تاك ژینگه‌ و كۆمه‌ڵ و كار و سیسته‌می وڵاتیش هۆكارێك ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی تاك ئالوده‌ی شتێك بێت گرنگترینیش نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی ئابوری یان خراپی دۆخی ئابوری و نه‌بوونی ئامرازه‌كانی خۆشگوزه‌رانی و نه‌بوونی ئاسوده‌یی تاك له‌ شوێنی كار و خوێندن و ماڵ و ده‌ره‌وه‌ و شوێنی تایبه‌ت و گشتی.

ئه‌وه‌ی له‌ ئالوده‌بوونت دوور ده‌خاته‌وه‌ سه‌ره‌تا خۆتی دواتر چوارده‌ور و حكومه‌ت چونكه‌ مرۆڤ ده‌توانێت له‌ دارستانێكیشا كاته‌كانی دابه‌ش كات به‌ڵام ئه‌و كات به‌چه‌ند شتێكی دیاری كراوی ساده‌وه‌ ده‌بێت، به‌ڵام له‌م جه‌نجاڵی ژیان و قه‌ره‌باڵغیه‌ ده‌بێت تاك جه‌نگاوه‌ری گه‌وره‌ی دژ به‌ ئالوده‌بوون بێت ئه‌وه‌ش به‌وه‌ی كاته‌كانی دابه‌ش بكات به‌ ئامرازه‌كانی بوونه‌وه‌ له‌وانه‌ هه‌ر یه‌كه‌ و بواری خۆی پێبدرێت بۆ نمونه‌ كاتی كار بۆ كار و خێزان بۆ خێزان و هاوڕێ و وه‌رزش و ئینته‌رنێت و ئاینپه‌روه‌ری و گه‌شت و سه‌یران و ......هتد به‌هه‌مان شێوه‌.

‌ 169 جار بینراوه‌
12/14/2018 11:29:33 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved