نوێترین
100 كه‌سایه‌تی داوا ده‌كه‌ن كه‌یسی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببرێته‌ دادگا   |    سوپای عێراق چه‌ند شوێنه‌وارێكی كه‌ركوك ده‌كاته‌ شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی   |    حوكمی حه‌وت ساڵ زیندانی بۆ سێ كارمه‌ندی تاپۆ له‌ كه‌ركوك ده‌رده‌كرێت   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    یه‌كه‌مین وه‌زیری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد    |    به‌به‌شداری سلێمانی فێستیڤاڵی ڕاگه‌یاندنی كوردی له‌ سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو   |    (45) هه‌زار منداڵ له‌ژێر ركێفی داعش له‌دایكبوونه‌   |    لیژنه‌ی كشتوكاڵ: رێگری له‌ هاورده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ناوخۆ به‌رهه‌مناهێنرێن   |    په‌رله‌مان كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كرێكاران ده‌كات   |    لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری داواده‌كات فۆرمی خۆراك نه‌مێنێت و هاوڵاتیان له‌جێی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌   |   
كوردی  |   عربي
»  راپۆرت
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك گۆڕینی دیمۆگرافیای شاره‌كه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌
ئا/ یانه‌ی هه‌واڵ

 

 

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك له‌لایه‌ن توركیاوه‌، تا چه‌ند ده‌بێته‌ مایه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر گۆڕینی دیموگرافیای شاره‌كه‌، له‌ كاتێكدا بۆچی حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق خۆیان هه‌ڵنه‌ستان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی و راده‌ستی وڵاتێكی بێگانه‌یان كرد؟!

(یانه‌ی هه‌واڵ) له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی واتس ئاپ، ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئاراسته‌ی به‌شداربووان كردو به‌شداربوانیش به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌.

توركیا به‌ قوڵی هاتۆته‌ نێو عێراقه‌وه‌

جه‌مال شكور پێیوایه‌، توركیا به‌ قوڵی هاتۆته‌ ناو عێراقه‌وه‌و به‌تایبه‌تی كه‌ركوك و له‌هاتنه‌كانی زیاتر جه‌بهه‌ی توركمانی ده‌بینێ و هه‌روه‌ها ده‌وری سلبی هه‌یه‌ بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان نه‌ته‌وه‌كانی كه‌ركوك له‌ چوار سه‌فه‌ری بۆ كه‌ركوك ته‌نیا یه‌كجار كوردی دیوه‌و هه‌وڵی رێكخستنی په‌یوه‌ندی نێوان توركمان و عه‌ره‌ب ده‌دات دژی كورد له‌ شاره‌كه‌و حكومه‌تی به‌غدا كه‌مته‌رخه‌مه‌ له‌ پێشێلكردنی یاساو ده‌ستور و سیاده‌ی عێراق له‌لایه‌ن توركیاوه‌”.

بۆیه‌ توركیا چاكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك به‌هه‌لێك ده‌زانێ بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی كه‌ركوك و دستخستنه‌ ناو كاروباری كه‌ركوك و پێكهاته‌كانی و ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ی بۆ بچێته‌سه‌ر ئه‌وا هه‌نگاوی تری به‌دوادا دێت به‌ڵێ هه‌مومان دڵته‌نگین به‌هاتنی توركیا”.

جه‌مال شكور ده‌شڵێت:” ئه‌بوایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵسایه‌ به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری و به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌مومان ده‌زانین جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ركوك چه‌ند گرنگه‌ بۆ هه‌موو كورد، به‌ڵام ئه‌وان سودی مادی زۆریان له‌كه‌ركوك بینیوه‌ به‌تایبه‌تی له‌ نه‌وته‌كه‌ی، بۆیه‌ ته‌نیا كه‌مته‌رخه‌میه‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و مێژویی به‌رانبه‌ر كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كان.

توركیا ده‌یه‌وێت دیموگرافیای شاره‌كه‌ بگۆڕێت

هه‌ڵگورد جه‌لالی پێیوایه‌، ئه‌سڵه‌ن توركیا له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌پشت گۆڕینی دیمۆگرافیای ئه‌و شاره‌وه‌یه‌و چه‌ند جارێكیش به‌ئاشكرا وتویانه‌ كه‌ركوك شارێكی كوردستانیه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێستاشیان له‌به‌ر چاوی جوانی دانیشتووانی كه‌ركوك و كاسبكارانی ئه‌و بازاڕه‌ نیه‌و شینه‌كه‌ی ئه‌وان بۆ حسێن نیه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌ریسه‌كه‌یه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكی تره‌ له‌و به‌دبه‌ختیانه‌ی تر كه‌ له‌سایه‌ی ریفرادۆمه‌كه‌ی پارتی و بارزانییه‌وه‌ ئه‌و شاره‌ بێخاوه‌ن مایه‌وه‌و هه‌ر رۆژه‌و زامێك ده‌كرێته‌ جه‌سته‌ هیلاك و ماندووه‌كه‌ی كه‌ركوكه‌وه‌”.

باس له‌وه‌شده‌كات:” حكومه‌تی هه‌رێم ئێستا پارتی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و له‌مه‌ودواش خانه‌واده‌ی بارزانی به‌تایبه‌تیتر به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، وه‌ك چۆن پارتی رێگربووه‌ له‌وه‌ی یه‌كێتی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك وه‌ربگرێت و كه‌ركوكییه‌كی وه‌ك خالید شوانی ببێته‌ وه‌زیری داد، به‌هه‌مانشێوه‌ش هه‌ر هه‌نگاوێكی تر ده‌گرێته‌به‌ر كه‌ زیانی بۆ كه‌ركوكییه‌كان هه‌بێت و له‌وێشه‌وه‌ زیان به‌پێگه‌و متمانه‌ی یه‌كێتی بگه‌یه‌نێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌ نه‌بێت بۆچی له‌كه‌متر له‌12 سه‌عاتدا كاروانێكی گه‌وره‌ی هاوكاری مرۆیی ره‌وانه‌ی موسڵ كرا كه‌به‌هۆی لافاوه‌وه‌ زیان به‌چه‌ند خێزانێكی عه‌ره‌ب گه‌یشتبوون، بڵام دوای ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كه‌ی پارتی و بارزانی نه‌یانتوانی گڵۆپێك بۆ رووناككردنه‌وه‌ی كۆڵانه‌ تاریكه‌كانی نێو قه‌یسه‌رییه‌ سوتاوه‌كه‌ی كه‌ركوك دابین بكه‌ن”.

داهاتووی كه‌ركوك له‌ رابردووی سه‌ختتر ده‌بێت

مه‌دیحه‌ سۆفی له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت ده‌نوسێت:” ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ زۆر له‌ كه‌مته‌رخه‌می زیاتر هه‌ڵده‌گرێت و ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی راده‌ستبوون، ئه‌م هه‌نگاوه‌ كاری بۆ كراوه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌، هه‌موو تواناكان ماڵی كراون، دژایه‌تی ئه‌م كاره‌ ئه‌ركه‌، ته‌سلیم كردنی كه‌ركوكه‌، پارتی واته‌ توركیا، نازانم ئێمه‌ له‌ كوێ نوستووین.

باس له‌وه‌شده‌كات:”یه‌كێتی بۆ خۆی نه‌كرده‌ خاوه‌نی كه‌ركوك، هه‌ر به‌و هه‌نگاوه‌ خۆی (هیچ نه‌بێ له‌ كه‌ركوك) زیندوو ده‌كرده‌وه‌، ئێستا گه‌وره‌ترین ئه‌رك و شكستی و شكانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی كه‌ركوك هاته‌پێش، داهاتووی له‌ رابووردوی سه‌ختتره‌”.

توركیا به‌ گه‌چ و كاشی خۆی له‌ كه‌ركوك ده‌چه‌سپێنێت

ئه‌میر فه‌خره‌دین، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی:”به‌ڵێ سووتاندنی قه‌یسه‌ری شاری كه‌ركوك به‌ ئامانج بوو وا ده‌رده‌كه‌وێت ئامانجی خۆی پێكاوه‌ له‌ بری سیاسه‌ت و هێزی سه‌ربازی به‌ دوو گه‌ڵابه‌ گه‌چ و هه‌ندێ كاشی عومقی ئه‌تاتوركی له‌ ناو جه‌رگه‌ی شاری كه‌ركوك پێده‌چه‌سپێنێت، ئه‌ویش له‌ نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌شاره‌كه‌و ده‌سشۆرینی ده‌سه‌ڵاتی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری كه‌ركوك هه‌ر پێ ده‌چێت پرۆژه‌كه‌ به‌ڕه‌زامه‌ندی لایه‌نێكی كوردی بێت له‌ درێژه‌ی پیلانه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كه‌ی ناوچه‌كه‌”.

بێهه‌ڵوێستی هه‌رێم كه‌ركوكییه‌كان ده‌خاته‌ دڵه‌ڕاوكێوه‌

عه‌دنان عومه‌ر ساڵح، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات:”توركیا له‌ رێگه‌ی نوژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری كه‌ركوكه‌وه‌ باشترین بیانووی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای كه‌ركوك و به‌ فه‌رمی ئاڵای توركیا له‌ سه‌ر هه‌موو ده‌روازه‌كانی قه‌یسه‌رییه‌كه‌ داده‌نێت له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی، گه‌وره‌ترین خۆپێشاندنی جه‌ماوه‌ری و پاڵپشتی بۆ خۆی كۆده‌كاته‌وه‌”.

ده‌شڵێت:” به‌ داخه‌وه‌ بێهه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دانیشتوانی كه‌ركوكی كرده‌ گه‌وره‌ترین دڵه‌ڕاوكێوه‌، بێخه‌می یه‌كێتی به‌رامبه‌ر ته‌نها شاری كوردستان كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی خاوه‌ندارێتی دایه‌ یه‌كێتی”.

بۆچی هه‌رێم و به‌غدا دۆشداماون

ئاسۆ سدیق ده‌نوسێت:”یه‌كه‌م: توركیا كوردستان و به‌شێكی عێراق به‌ عومقی ستراتجی خۆی ئه‌زانێ، بۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ هه‌نگاوی له‌جۆره‌ی هه‌بێ،مه‌رامه‌كه‌ی دیارو ئاشكرایه‌و چی پێ بكرێ ده‌یكات وقسور ناكات”.

دووه‌م: حكومه‌تی هه‌رێم پێكدێت له‌ هه‌ژمونی پارتی، ئایا پارتی خۆیبه‌ كارێكه‌وه‌ ماندووناكات كه‌ نفوزی خۆی لێی كه‌م بێَ شته‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌هایه‌كیان نیه‌، چونكه‌ مێژوو شاهیده‌ ئه‌گه‌ر كورد بتوانێ له‌ رێگه‌ی یاساو پاساوی سیاسیه‌وه‌ به‌هاوكاری عێراق له‌ بابی ته‌ده‌خۆلی كاروباری ناوخۆو حه‌ساسیه‌تی بارودۆخی كه‌ركوك هه‌وڵی رێگری له‌ توركیا بكرێ، یان له‌ڕێگه‌ی ناڕه‌زای جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ رێگری بكرێ، ئایا تێچوی نۆژه‌كردنه‌وه‌كه‌ چه‌نده‌ كه‌حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم دۆش داماون و بۆ توركیا به‌جێیانهێشتووه‌، به‌دڵنییایه‌وه‌ ئه‌م ماسته‌ مووی زۆری تیایه‌”.

هه‌قایه‌تی سنگ و كه‌وڵه‌ بۆگه‌نه‌كه‌

سمكۆ شوانی-یش هه‌قایه‌تێكی مه‌لای مه‌شهور وه‌ك نمونه‌ دێنێته‌وه‌و ده‌ڵێت:”ئه‌ڵێن مه‌لای مه‌شهور خانویه‌كی ده‌بێت ده‌یفرۆشێت و یه‌ك مه‌رج بۆ كڕیاره‌كه‌ داده‌نێت ئه‌ویش ته‌نها سنگێك به‌قه‌د دیواری حه‌وشه‌كه‌ی پێ نافرۆشێ و ده‌بێت له‌شوێن خۆی بمێنێ، كڕیار ئه‌م مه‌رجه‌ی په‌سه‌ند كردو هه‌ندێكیش گاڵته‌ی پیا هات، رۆژ دێ و رۆژ ده‌ڕوا، مه‌لا هه‌ر جاره‌ی به‌بیانوی سه‌ردانی سنگه‌كه‌ خۆی ده‌كرد به‌حه‌وشه‌كه‌یاندا و تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌وڵی ئاژه‌ڵی پیا هه‌ڵواسێ و بۆگه‌ن بكات و تا وای له‌ ماڵی كڕیار كرد وه‌ڕس و بێزار بن، زۆر هه‌وڵیان دا وازبێنێ له‌م حاڵه‌و یان سنگه‌كه‌شیان پێ بفرۆشێ، هیچ دادی نه‌دا، ناچار ماڵی كڕیار له‌ داخ سنگ و خاوه‌ن سنگ خانویان به‌جێهێشت بۆ خاوه‌ن سنگ “.

له‌باره‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌رییه‌كه‌یش ده‌ڵێت:” پرسی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ریه‌كه‌ی كه‌ركوكیش له‌لایه‌ن توركیاو ئه‌و په‌له‌كردنه‌ی له‌ بڕیاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ كه‌ نه‌یهێشت حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمش فریای هیچ بڕیارێك بكه‌ون، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی توركمان و خه‌رجكردن له‌ توركمان و كه‌ركوك به‌ ئاره‌زووی خۆی هه‌ڵقورتان له‌ كێشه‌ی كه‌ركوك بكات و كێشه‌كان زیاتر قوڵ بكاته‌وه‌ له‌نێوان نه‌ته‌وه‌كان، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی تایبه‌ت و منحه‌ی ڤیزاو جه‌واز و هتد..، كه‌ له‌وێوه‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌واڵگرییه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌یان جوڵێنن به‌و ئاراسته‌یه‌ی زیاتر قورشه‌كه‌ سه‌خت بكه‌نه‌وه‌”.

باس له‌وه‌شده‌كات:” ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌دا زیاتر مه‌به‌ستیان وه‌ڕس و بێزاركردنیه‌تی گه‌لی كورده‌و ورده‌ ورده‌ به‌جێهێشتنی كه‌ركوك له‌لایه‌ن كوردو كردنه‌وه‌یان به‌ كه‌مینه‌ی زۆر مه‌عقول و ئیتر هیچ چه‌كێ به‌ ده‌ست كورده‌وه‌ نه‌مێنێت، بۆ خۆ به‌خاوه‌نكردنی كه‌ركوك، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وان نه‌خشه‌ی درێژمه‌ودایان هه‌یه‌ بۆ پیلانه‌كانیان، هه‌رچی كورده‌ نه‌ك نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری به‌ڵكو قه‌یسه‌رییه‌كی تریش دروست بكات به‌خێر بۆی ناگه‌ڕێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ ستراتیژی روونه‌و نه‌ تاكتیك و پلانی هه‌یه‌و نه‌ دوربینیشین بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ ئاڵۆزه‌كانمان و كه‌ركوك به‌تایبه‌تی، هه‌رچه‌ند ته‌ماشا ده‌كه‌م، سیاسه‌تی كورد به‌كاری ده‌ستفرۆشه‌كان یان ده‌ستگێڕه‌كانی سه‌رجاده‌ ده‌چێت، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی پۆلیسی ئابوری و شاره‌وانی هه‌موو هه‌ڵدێن، ئێمه‌ی كوردیش سیاسه‌ت و ئیشه‌كانمان سه‌رپێین و ئه‌وه‌ت زانی له‌وسه‌ره‌وه‌ مایه‌پوچ ده‌بین”.

بۆچی ئاسه‌واری عوسمانی كاڵ نه‌كرایه‌وه‌

رووبار زه‌نگه‌، نوسیویه‌تی:”نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌ڵگه‌یه‌ی تره‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنن موڵكی خۆیانه‌ كه‌ له‌ ئه‌ساسه‌وه‌ له‌ زه‌مه‌نی عوسمانی دروست كراوه‌ ناوی ده‌رگاكانیشی توركمانییه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ عێراق به‌ گشتی و كوردی كه‌ركوك به‌تایبه‌تی نه‌یانتوانی ئاسه‌واری عوسمانی كاڵ كه‌نه‌وه‌ له‌شاره‌كه‌ تا ئێستا ناوی چه‌ندین شوێنمان هه‌یه‌ توركییه‌، ئه‌گه‌ر ناوی كوردیمان لێ بنایا چی ده‌بوو؟ له‌بیر ناكرا؟ بێگومان له‌بیر ئه‌كران، به‌ڵام چیتر له‌و بڕوایه‌دا نیم هیچمان پێ بكرێ له‌ته‌ماشاكردن زیاتر”.

لایه‌نێكی كوردی به‌رنامه‌ داڕێژه‌ری پیلانه‌كه‌یه‌

ستار جه‌بار ده‌ڵێت:”هه‌موومان ئه‌زانین ئامانج له‌ ده‌ستێوه‌ردانی توركیا له‌كه‌ركوك چیه‌، به‌ڵام به‌ڕای من ته‌نها به‌ره‌ی توركمانی نیه‌ ئاسانكاری بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی توركیا ده‌كات، به‌ڵكو پارتی زیاتر له‌هه‌موو لایه‌كی دیكه‌ ده‌ستی توركیا رائه‌كێشێ و به‌ڕنامه‌ داڕێژه‌ری ئه‌و پیلانه‌یه‌، ریفراندۆم، به‌شدارینه‌كردنی له‌هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك، نه‌هاتنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارتی بۆدانه‌نانی پارێزگار، شه‌ڕی سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیر له‌به‌غدا، هه‌موو په‌یوه‌سته‌ به‌و گرێبه‌سته‌ی كه‌پارتی له‌گه‌ڵ توركیا ئیمزای كردووه‌، حكومه‌تی هه‌رێم پارتیه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی له‌حكومه‌تی هه‌رێم نه‌كه‌یت بۆ هیچ كارێك ئه‌نجامیبدات له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی بێت”.

كه‌ خۆتان نۆژه‌نی ناكه‌نه‌وه‌ باسی كه‌س مه‌كه‌ن

مه‌نسور حاجی عه‌لیش به‌ ته‌نزه‌وه‌ ده‌نوسێت:”ئه‌گه‌ر من دوو عانه‌م بوایه‌،چه‌ند رۆژیكه‌ باس باسی قه‌یسه‌ری كه‌ركوكه‌، بۆ یه‌كێتی یان پارتی یان حكومه‌تی هه‌رێم نۆژه‌نی نه‌كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی بزانم ٣٦٠ دوكانه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر دوكانێك:

١-سپلتیك كه‌ بای ٤ گه‌ڵا بێت.

٢-پانكه‌یه‌كی ئاسمانی و زه‌وی بایی ٦٠$ بیت

٣-هه‌موو كاره‌بایی دوكانێك به‌ نیشتیمانی و مولیده‌ بای ٥٠دولارێك بێت

٤-هه‌موو سپیكاریه‌كه‌ بایی ٢ گه‌ڵا بێت.

٥- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوكانه‌كان به‌ كه‌وانه‌یی دروستكراوه‌ سه‌قفی سانه‌وی ناوێت.

٦- ده‌رگای هه‌ر دوكانێك با گه‌ڵایه‌ك بێت.

7-هه‌ر دوكانێك ده‌كاته‌٨١٠$

كۆی هه‌موو دووكانه‌كان ده‌كاته‌٢٩١٦٠٠$

واتا٢٩ ده‌فته‌رو١٦ گه‌ڵا.

كام ده‌وڵه‌مه‌نی حزبی نه‌یتوانی ئه‌م دوكانانه‌ نۆژه‌ن بكاته‌وه‌، یان هه‌ر خه‌ریكی موزایه‌ده‌ بین فڵان حزب و فڵان ده‌وڵه‌ت هات نۆژه‌نی كرده‌وه‌، واخۆتان نایكه‌ن با كه‌سی تر بیكات!!

‌ 536 جار بینراوه‌
12/15/2018 12:25:10 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
بورهان حاجی سلێمان
شوان داودی - گۆشه‌ی له‌ژێ چاویلكه‌وه‌
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved