»  راپۆرت
تا ئێستا بۆ داخستنی گومركه‌كان وه‌زیری دارایی عێراق نوسراوی نه‌كردووه‌
ئا / هاوار ستار

 

داخستنی ده‌روازه‌ گومركه‌كانی كه‌ركوك و ئه‌وانه‌ی تری نێوان شاره‌كان پێویستی به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تاوه‌كو ئێستا وه‌زیری دارایی كه‌ كورده‌ هیچ نوسراوو هه‌ڵوێستێكی فه‌رمی نه‌نواندوه‌، ئه‌گه‌رچی پاێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوك پشتگیری گومركه‌كان ده‌كات، به‌ڵام به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ نایاسایی و روتانه‌وه‌ی هاوڵاتیانی ده‌زانن و په‌رله‌مانتارێكیش به‌رداومی كاركردن له‌ گومركه‌كان بۆ هه‌ڵوێستی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

دانانی گومرك له‌ نێوان شاره‌كاندا به‌ تایبه‌ت شاری كه‌ركوك كه‌ دوو گومركی له‌ ده‌روازه‌ی سلێمانی و هه‌ولێر له‌سه‌ره‌ بووه‌ته‌ جێی مشتومڕی گه‌رمی هاوڵاتیان و به‌رپرسان و به‌جۆرێك زۆرێك له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و گومركانه‌نین، پرسی گومرك له‌ به‌رواری 21/11/2018 له‌ په‌رله‌مانی عێراقی به‌ده‌نگی زۆرینه‌ بڕیاری هه‌ڵگرتنی درا به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا كار تێیدا به‌رده‌وامه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ به‌رواری 4/12/2018 بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر كارتێیدا وه‌ستا به‌ڵام به‌فه‌رمی ئه‌و گومركانه‌ هه‌ڵنه‌گیراون.

له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی گومركه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیشدا زۆرینه‌یان له‌گه‌ڵ بوونی گومركدا نین و لیستی برایه‌تی و به‌شێك له‌ توركمان و عه‌ره‌به‌كان بوونی گومركیان ره‌تكردوه‌ته‌وه‌، به‌وته‌ی ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نیش بوونی گومرك نایاساییه‌و ده‌ستكه‌وتی بۆ خه‌ڵكی كه‌ركوك نییه‌.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ لیستی برایه‌تی بۆ هه‌واڵ وتی: “داهاتی گومرك به‌پێی ته‌رخان كردن و له‌ كاتی دانانی بڕیار له‌سه‌ر 1% ی بۆ كه‌ركوك دراوه‌ و ته‌رخانكراوه‌ و بڕی قازانجه‌ به‌ڵام 100% زیانی هه‌یه‌ چونكه‌ باجه‌كه‌ی له‌ هاوڵاتی وه‌ره‌گیرێ و ئیتر سودی له‌ كوێ بوو”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌ن وتیشی: “دانانی گومرك له‌ نێوان شاره‌كان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك نایاسایی و ناده‌ستوریه‌ و چونكه‌ له‌ ده‌ستوردا شوێن و بوونی گومرك دیاری كراوه‌ كه‌ده‌بێ نێودوڵه‌تی بێت نه‌ك نێو خۆیی و ئێمه‌ به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بوونی گومرك نین و له‌گه‌ڵ داخستنین و بڕِیاریشمان له‌سه‌ریداوه‌”.

عه‌سكه‌ری پێیشی وابوو كێشه‌ی گومركه‌كان و مانه‌وه‌یان تاوه‌كو ئێستا بۆ پرسه‌كان و كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ربۆیه‌ تا ئێستا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ چونكه‌ په‌رله‌مانیش بڕیاری له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی داوه‌.

هه‌ر ده‌رباره‌ی گومركه‌كان، به‌وته‌ی په‌رله‌مانتارێكی عێراق، وه‌زیری دارایی عێراق تا ئێستا بڕیاری له‌سه‌ر گومركه‌كان نه‌داوه‌ و هه‌وڵوێستی فه‌رمی نه‌نواندوه‌ هه‌ربۆیه‌ ده‌سته‌ی گومركه‌كانیش چاوه‌ڕێی نوسراوی وه‌زاره‌تی دارایین كه‌ ئاخۆ به‌رده‌وامبن یان گومركه‌كان هه‌ڵبگیردرێن.

جه‌مال شكور ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی بۆ هه‌واڵ وتی: “چه‌ند جارێك سه‌ردانی گومركه‌كانمان كردوه‌، دانانی گومرك له‌ نێو شاره‌كاندا نایاساییه‌ و هه‌ركه‌س پشتگیری مانه‌وه‌ی ده‌كات یان ده‌ڵێت سودی بۆ خه‌ڵكه‌ بۆخۆی قسه‌ ده‌كات چونكه‌ هه‌ر ئه‌وان سودمه‌ندن و چی له‌و گومركه‌وه‌ دێت ده‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ قاچاخ دێت و كۆمه‌ڵێك كه‌س سود له‌مه‌ ده‌بینن”.

جه‌مال شكور ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: “ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتاران سوڕین له‌سه‌ر داخستنی گومركه‌كان و بڕیاریشی له‌سه‌ر دراوه‌ و ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غداوه‌ هه‌یه‌ و لای ئه‌وان یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باسی له‌وه‌شكرد: “له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌ری گه‌مركی به‌غدا قسه‌م كردوه‌ و ئه‌وان ده‌ڵێن بۆیه‌ دانه‌خراوه‌ چونكه‌ هیچ شتێكی فه‌رمیمان ده‌ستنه‌كه‌توه‌ له‌ وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ كه‌ وه‌زیره‌كه‌ی كورده‌، بۆیه‌ كێشه‌كه‌ له‌ به‌غدا ماوه‌ته‌وه‌”.

سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زاییه‌كان له‌ بوونی گومركی نێو شاره‌كان و سنوری هه‌رێم و به‌غدا له‌ ئاستی نێوخۆیی و ده‌ره‌كیش به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س هه‌ن پشتگیری له‌ بوونی گومركه‌كان ده‌كات، یه‌كێك له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ بوونی گومركه‌ راكان سه‌عید پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوكه‌ كه‌ له‌ به‌رواری 11/12/2018 له‌ میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی: “گومركه‌كان بۆ خه‌ڵكی سودی باشیان هه‌بووه‌ و بۆیه‌ پێویست به‌ داخستن ناكه‌ن، هه‌روه‌ها پێویسته‌ رۆژنامه‌نوسان به‌جۆرێك كار له‌سه‌ر ئه‌و گومركانه‌ بكه‌ن كه‌ سودیان هه‌یه‌ و بزانن پێویسته‌ بۆ شاره‌كه‌”، له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ت ده‌ڵێت: “ئه‌و گومركانه‌ سودی زۆریان بۆ كه‌ركوك هه‌بووه‌ و له‌ 8 رۆژی یه‌كه‌می كاركردنیاندا 500 ملیۆن دیناریان بۆ ئیداره‌ی كه‌ركوك گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌”.

وته‌كانی پارێزگار له‌ كاتێكدایه‌ گومركه‌كانی كه‌ركوك ته‌نها 1% ی داهاتیان بۆ كه‌ركوكه‌ و بڕیاری داخستنیشیان نزیكه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ ئێستادا مانه‌وه‌ی ئه‌و گومركانه‌ بۆ دوا رێكه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا و نوسراوی فه‌رمی هه‌ڵگرتنیان له‌وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ به‌نده‌ كه‌ وه‌زیره‌كه‌ی كورده‌.

‌ 314 جار بینراوه‌
12/15/2018 12:27:40 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
شوان داودی - گۆشەی لەژێر چاویلكەوە
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved